ناس کورد-
پارێزگاری سلێمانی داواى لە هاوڵاتییان کرد بڕوا بە هیچ گومان و پڕوپاگەندەو شەڕێكی دەروونییو ئەجێندایەكی سیاسیی نەکەن لەبارەى کۆرۆناوە، چونکە لە ڕابردوودا باوەڕكردنی بەشێكیان بەوانە، ئەم كارەساتەی خوڵقاند و لە ڕاستیی مەترسییو بوونی ڤایرۆسەكەی كەمنەكردەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگارى سلێمانى لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەى هاوڵاتیان و دامەزراوە و فەرمانگەکانى کردووە ئاماژەى بەوە کردووە، "دۆخی تەندروستیی جیهانو وڵاتەكەی ئێمەو پارێزگاكەیشمان، بە دۆخێكی مەترسیداری هەستیاری كارەساتباردا تێدەپەڕێت، ئەركی هەموومانە بەتەواوی جیاوازییو ناكۆكیی کەسیی و شوێنو كارو كاتو پایەو پلەو پۆستو ئەركی مرۆییو پیشەییمانەوە؛ بەیەكەوە كاربكەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا".
جەختیشیکردەوە، فەرمانگاو دامودەزگاكانی دەوڵەت، پێویستە بڕیارو ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستییو كارگێڕییو ئارامییەكان بەوردییو بەتوندییو بەخێراییو بەبێ چاوپۆشییو كەمتەرخەمییو بۆڵبژێرییو جیاكاریی بە بەرپرسیارانەو دادپەروەرانەو یاساییانە، جێبەجێ بكەن.
هەڤاڵ ئەبوبەکر بەپێویستیزانیوە بەر لەهەر شوێنێكو كەسێك، فەرمانگاو دامودەزگاكانی دەوڵەت پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بنو هەر سەرپێچیی و سەركەشییو بەكەمگرتنێك، بەڕێوەبەرو بەرپرسی ئەو فەرمانگایە ڕووبەڕووی ڕێكاری یاساییو كارگێڕیی توند دەكاتەوە.
ئەوەشى خستووەتەڕوو، هاووڵاتیان پێویستە هەموولایەك، یەك بەیەكیان پابەندیی تەواوی ڕێنماییە تەندروستیو خۆپارێزییەكان بنو ئاستی خۆپارێزیی خۆیان بەرزبكەنەوەو لە هەر بەریەككەوتنو تێكەڵاوبوونو كۆڕو كۆبوونەوەو قەرەباڵغییەك، لە هەر بۆنەیەكی شادییو شاییو شینو نەخۆشییو خۆشییو ناخۆشییو ئایینیو كۆمەڵایەتی؛ خۆیان بەدوور بگرن، لە هەوڵی بەردەوامیی خۆپاراستنی تەواودا بنو هانی دەوروبەرەكەشیان بدەن بۆ خۆپارێزیی زیاتر.
"خۆپارێزییو سزای كۆمەڵایەتیی و یاسایی هاوبەشن، لێرەدا پێویستە هاووڵاتیانی بەڕێز چاودێری وردی دۆخی تەندروستیو خۆپارێزیی گشتییو كۆمەڵایەتیی بكەن، بەومەبەستەی لە هەر شوێنو بازاڕو كۆمپانیاو كایەیەكی گشتیو تایبەتیدا، ئەگەر بینییان خاوەن و كارمەندی شوێنەكان، پابەندی ڕێنماییەكان نابن، سەرزەنشتیان بكەنو كەلوپەلیان لێ نەكڕن و دابڕیان بكەن تا ئەوكاتەی پابەند دەبنو، لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەوڵەتیان لێ ئاگاداربكەنەوە بۆئەوەی ئەو شوێنانە بەفەرمیی دابخەن".
پارێزگارى سلێمانى داوا لە هاووڵاتیان دەکات بڕوا بە هیچ گومان و پڕوپاگەندەو شەڕێكی دەروونییو ئەجێندایەكی سیاسییو تێكەڵكردنی دۆزەكان، مەكەن، "لە ڕابردوودا باوەڕكردنی بەشێكتان بەوانە، ئەم كارەساتەی خوڵقاند، لە ڕاستیی مەترسییو بوونی ڤایرۆسەكەی كەمنەكردەوە، لە ئێستادا ئەو كەسو لایەنانە كە ڕاكانیان بە درۆ گەڕاون، بۆ ڕاستكردنەوەی باری لاری خۆیان گومان لەسەر ئەرك و چالاكییو خزمەتو خۆنەویستییو خۆبەخشییو دڵسۆزیی دامودەزگاكانو كەرتی تەندروستیی دروست دەكەن، مەهێڵن متمانەتان بكەوێتە چاڵەكانی گومانەوە".
دەشلێت، ئەركی حكومەتە، موچەی موچەخۆران و دەرفەتی كارو كەسابەتی بازاڕو پێداویستییو خزمەتگوزارییە تەندروستییو ژیانییەكانو ئارامییو ئاسایشی گشتیی، دابین بكات، بەڵام ئەمە ئەو ڕاستییە لەق ناكات، كە دەبێت بە هەموومان بەرەنگاری ئەم ئاڵنگارییە تەندروستییو داراییو ئابوورییە گەورەیە ببینەوە.