گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کاریگەرى لەسەر عێراقیش دەبێت

ئەمریکا گەورەترین سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

2020.06.09 - 15:28
ئەمریکا  گەورەترین سزا  بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

ناس کورد-

ئەندامانى پارتى کۆمارییەکان لە کۆنگرێسى ئەمریکا بەنیازن ئەم هەفتەیە پێشنیازێک پێشکەش بکەن بۆ سەپاندنى گەورەترین گورزى سزا بەسەر ئێراندا، کە کاریگەرى لەسەر عێراقیش دروستدەکات.

 

بەگوێرەى ماڵپەرى (The Washington Free Beaconئەو سزایانە لەسەرجەم سزاکانى دیکە قورسترن، ئامانج لێی "ئیفلیجکردنى پڕۆژەى تیرۆرى جیهانییە لە تاران و مایەپوچکردنى ئەو سیستەمەیە کە بەدەست کێشەى داراییەوە دەناڵێنێت". 

 

سیناتۆر مايك جونسون لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، "بەشى تایبەت بە ئێران لە پڕۆژەکە سەپاندنى توندترین سزاى تێدایە بۆ فراوانکردنى هەڵمەتى فشار خستنە سەرى کە ئیدارەى دۆناڵد ترەمپ بەسەر رژێمى ئێراندا سەپاندویەتى".

 

وتیشى "کۆمارییەکان ئامادەن زنجیرەیەک رێوشوێن بگرنە بەر بە ئامانجى پەکخستنى هاریکارى دارایی ئێران لەگەڵ عێراق و لوبنان، لەناویاندا هەڵوەشاندنەوەى بەخشینەکان لەسەر سزاکان".

 

بەگوێرەى ماڵپەرەکە، ئەو پڕۆژەیە بۆ یەکەمجار بە پێویستى دەزانێت سەرجەم یارمەتییەکانى ئەمریکا بۆ لوبنان و سوپاکەى بوەستێنرێت.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئیدارەکەى یارمەتییەکانى ئەمریکا بۆ هێزە چەکدارەکانى لوبنان بە بەسود دادەنێت.

 

بەڵام جونسون جەختیکردەوە، هیچ هۆکارێک نییە بۆ بەردەوامیدان بە پێدانى یارمەتى بە لوبنان، دواى ئەوەى حزبوڵا کۆنتڕۆڵى ئەو وڵاتەى کرد کە یەکێکە لە "بەکرێگیراوەکانى" ئێران لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

 

وتیشى "دۆلارى باجدەرانى ئەمریکا بەکاردەهێنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەى حزبوڵا، ئەوەش رەنگە لە رابردوودا کارێکى راست بوبێت، بەڵام ئێستا چیتر ئەوە راست نییە، ئەو پارەیە بەشێوەیەک خەرجدەکرێت کە ئەنجامەکەى پێچەوانەى ئامانجەکانمانە لەناوچەکە".

 

رێوشوێنە نوێیەکان ئامانج لێیان، هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستى هاوردەکردنى کارەبایە لەنێوان عێراق و ئێران و وەستاندنى پڕۆسەى دەستکەوتنى 800 مليۆن دۆلار لەلایەن ئێرانەوە لە عێراق.

 

هەروەها سزاکانى دیکە عەلى خامنەیی رابەرى باڵاى ئێران دەگرنەوە، لەگەڵ کەرتى پترۆکیمیایی و دارایی و ئۆتۆمبیل لەو وڵاتە.