گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شاندى هەرێم دەچێتەوە بەغدا

وتەبێژى قوباد تاڵەبانى بۆ ناس کورد: نیەتی باش هەیە بۆ ڕێککەوتن

2020.06.09 - 15:14
وتەبێژى قوباد تاڵەبانى بۆ ناس کورد: نیەتی باش هەیە بۆ ڕێککەوتن

ناس کورد-

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئامادەیی نیشاندا بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا لەداهاتوویەکى نزیکدا بۆ گەیشتن بەرێککەوتن لەسەر نەوت و بودجە، وتەبێژى قوباد تاڵەبانیش ئاشکرایکرد نیەتی باش هەیە بۆ ڕێککەوتن.

 

بەدرێژایی دوو مانگى  ڕابردوو سێ قۆناغى دانوستان لەنێوان هەرێم و بەغدا بەڕێوەچوون، دواى ئەوەى بەغدا لەمانگى نیساندا پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى بڕى کە بڕەکەى 454 ملیۆن دۆلارى مانگانە بوو.  

  

دانوستانەکان لەگەڵ کابینەى پێشووى حکومەتى عێراقدا بوون بەسەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى بەڵام نەگەیشتن بە ئەنجام، دانوستانەکانى ئێستاش لەگەڵ کابینەکەى مستەفا کازمى دەبن دواى ئەوەى مانگى ڕابردوو کابینەکەى متمانەى لە پەرلەمان وەرگرت.  

 

سەمیر هەورامى، وتەبێژى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم بە ناس کوردى ڕاگەیاند،  ئەمڕۆ شاندی دانوستانکاری هەرێم بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی کۆبوویەوە، بۆ خستنە رووی راپۆرتی لیژنەکان و تەواوکردنی ئامادەکارییەکان پێش چوونەوە بۆ بەغدا.

 

ئاماژەى بەوەدا، لە كۆبوونەوەكەدا كار و ر‌اپۆرتی لیژنە تایبەتمەندەكانی شاندی حكومەتی هەرێم خرانە بەرباس بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان.

 

سەمیر هەورامى وتیشى "دانوستەکانمان لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان".

 

ئەوەشى خستەڕوو، شاندی حكومە‌تی ھە‌رێم لە‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا جە‌ختی كردە‌وە‌ كە‌ ئامادە‌‌ن بۆ دە‌ستپێكردنە‌وە‌ی گفتوگۆكان لە‌گە‌ڵ بە‌غدا و رێككە‌وتن لە‌سە‌ر پرسە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان.

 

پێش دەستپێکردنەوەى دانوستانە چاوەڕوانکراوەکان مانگى ڕابردوو بەغدا بڕى 400 ملیار دینارى بۆ موچەى فەرمانبەران رەوانەى هەرێم کرد بۆ ماوەى یەکجار تا دەگەن بە رێککەوتن.

 

"پێشتر ئێمە دانوستانمان لەگەڵ کابینەی پێشووی حکومەتی عێراق کردووە، ئێستا دەڕۆینەوە لەگەڵ کابینەی نوێ درێژە بە گفتوگۆکانی پێشوومان دەدەین، نیەتی باش هەیە بۆ ڕێککەوتن"، سەمیر هەورامی وایوت.

 

هەرێمى کوردستان لە دانوستانەکەدا رەزامەندى نیشانداوە لەسەر رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بەبەغدا و نیوەى داهاتى خاڵە سنورییەکان و گومرگ، بەڵام هێشتا رێکنەکەوتوون لەسەر ئەو بڕە پارەیەى لەبەرانبەریدا هەرێم داوایدەکات.

 

دوێنێ یوسف محەمەد، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی ئامادەیی نیشانداوە بۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم لە ماوەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا.