گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’وتیان کۆرۆنا بۆ ئەوەیە موچە نەدرێت و خۆپیشاندان نەکرێت’

پارێزگارى هەولێر تەشەنەسەندنى کۆرۆنا دەبەستێتەوە بە ’ململانێی سیاسییەوە’

2020.06.09 - 11:46
پارێزگارى هەولێر تەشەنەسەندنى کۆرۆنا دەبەستێتەوە بە  ’ململانێی سیاسییەوە’

ناس کورد-

پارێزگارى هەولێر، هۆکارى تەشەنەسەندنى زیاترى کۆرۆناى بەستەوە بە "ململانێی سیاسی" کە بەوتەى ئەو هەندێ لایەن و سیاسی دروستیانکردووە.

 

فرسەت سۆفى پارێزگارى هەولێر لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند "جدیەتى حکومەت وایکرد لە قۆناغى یەکەمى روبەڕووبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنادا بتوانین سەرکەوتنى بەرچاو بەدەستبهێنین".

 

وتیشى "بەڵام بەداخەوە دواى ئەمە هەندێک کەس و لایەن ئەم پرسەیان کردە بابەتێکى سیاسی و تێکەڵاویان کرد بە ململانێی سیاسی، وایانکرد کە دۆخى هەرێم بگاتە ئەمڕۆ کە رۆژ بە رۆژ لە خراپبوندایە، ئەگەر بەم ئاستە بڕوات و هەنگاوى جدى نەگیرێتە بەر و خەڵک رێکارەکان نەگرنە بەر بەرەو دۆخێکى خراپتر هەنگاو دەنێین".

 

فرسەت سۆفى باسى لەوەشکرد، ئێستا کاتى ئەوەیە خەڵکى کوردستان لەوانە بپرسن کە تا دوێنێ ئەم بابەتەیان کردە ناو ململانێی سیاسییەوە، دەیانوت ئەمە بۆ ئەوەیە خۆپیشاندان لە هەولێر نەکرێت و ئەم ڤایرۆسە راست نییە و بۆ ئەوەیە موچە نەدرێت.

 

"ئەو پۆپۆلیستە سیاسییانەى بەدواى لایک و کۆمێنتەوەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وایان لە خەڵک کرد متمانەى نەمێنێت، بۆیە دۆخەکە بەئێستا گەیشت، قەزایەکى بچوکى وەک چۆمان دوێنێ بیست حاڵەتى توشبوونى تێدا تۆمارکراوە"، فرسەت سۆفى وایوت.

 

بەوتەى پارێزگارى هەولێر، ئێستا لەزۆربەى گەڕەک و شوێنەکان ڤایرۆسەکە بوونى هەیە "هەقە خەڵک پرسیارى جدى لەوانە بکات کە لە پێناوى بارى قاچاخ و بەرژەوەندى سیاسی تەسک، هەندێک لەدەروازەکانیان واڵاکرد و رێکارەکانیان شلکرد، دۆخەکەیان بە ئێستا گەیاند".