گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

توشبووان بەربەستى حەوت ملیۆنى تێپەڕاند

تەندروستى جیهانى هۆشداری دەدات کە ’’دۆخى کۆرۆنا خراپتر’’ بووە

2020.06.08 - 23:45
تەندروستى جیهانى هۆشداری دەدات کە ’’دۆخى کۆرۆنا خراپتر’’ بووە

ناس کورد-

ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى ڕایگەیاند، بارودۆخى ڤایرۆسى نوێی کۆرۆنا خراپتر بووە لە سەرتاسەرى جیهان، هۆشداریشی دا لە پشتگوێخستنى ڕێوشوێنەکان لەو بارەیەوە.

 

تيدروس ئدهانوم، بەڕێوەبەرى گشتى ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە رێگەى ئینتەرنێتەوە ڕایگەیاند، "سەرەڕاى ئەوەى دۆخەکە لە ئەوروپا بەرەوپێشچوونى باشى بەخۆوە بینیوە، بەڵام هێشتا لەسەر ئاستى جیهان رەوشەکە بەردەوام لە خراپبووندایە".

 

وتیشى، "زیاتر لە 100 هەزار توشبوو لە نۆ رۆژدا تۆمارکراون، دوێنێ یەکشەممە زیاتر لە 136 هەزار توشبوو تۆمارکراوە، ئەوەش بەرزترین ئامارە تا ئێستا کە لە رۆژێکدا تۆمارکرابێت".

 

تيدروس ئدهانوم رونیکردەوە، نزیکەى 75%ى توشبووان کە رۆژى یەکشەممە تۆمارکراون، لە دە وڵات بوون، کە زۆربەیان لە ئەمریکاى باکور و باشور، باشورى ئاسیان بوون.

 

ئەوەشى خستەڕوو، "گوێپێنەدان و خەمساریی مەترسی گەورەیە لە ئێستادا، لەو وڵاتانەى کە بارودۆخیان بەرەو باشبوون چووە، وڵاتانى جیهان زۆربەیان تا ئێستا مەترسی توشبوونیان لەسەرە".

 

بەرپرسەکەى رێکخراوى تەندروستى جیهانى پێیوایە، دواى تێپەڕبوونى زیاتر لە شەش مانگ بەسەر سەرهەڵدانى پەتاى کۆرۆنا، ئێستا کاتێکى گونجاو نییە بۆ گوێنەدان بە رێوشوێنەکان.

 

قسەکانى بەرپرسەکەى رێکخراوى تەندروستى جیهانى لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دوشەممە ئامارەى توشبووانى کۆرۆنا لەسەر ئاستى جیهان حەوت ملیۆن توشبووى تێپەڕاند. 402,867  حاڵەتى مردنیش بەهۆى پەتاکەوە تۆمارکراون.