گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڵوەشاندنەوە یان سنوردارکردنى ژمارەى حاجیان؟

زانیارى نوێ لەسەر پلانى حەجى ئەمساڵى سعودیە بەهۆی کۆرۆناوە

2020.06.08 - 22:29
زانیارى نوێ لەسەر پلانى حەجى ئەمساڵى سعودیە بەهۆی کۆرۆناوە

ناس کورد-

دوو سەرچاوەى ئاگادار ئاشکرایانکرد، ڕەنگە سعودیە بە ڕێژەیەکى زۆر ژمارەى حاجیانى ئەمساڵ سنوردار بکات بۆ ڕێگرى لە بڵاوبوونەوەى زیاترى کۆرۆنا، دواى ئەوەى ژمارەى توشبووان لەو وڵاتە 100 هەزارى تێپەڕاند.

 

ژمارەى ئەو کەسانەى ساڵانە دەچنە سعودیە بۆ بەجێهێنانى فەریزەى حەج دەگاتە دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس. بەپێی ئامارە فەرمییەکانیش، ئەو وڵاتە ساڵانە نزیکەى 12  ملیار دۆلار لەرێگەى حەج و عومرەوە داهاتى دەستدەکەوێت.

 

سەرچاوەکان بە ئاژانسى ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، دەسەڵاتداران بەنیازن تەنها رێگە بە ژمارەیەکى ڕەمزى بدەن بۆ حەجى ئەمساڵ، لەگەڵ قەدەغەکردنى حەجى کەسانى بەساڵاچوو، ئەنجامدانى پشکنینى زیاتر.

 

سەرچاوەیەکى دیکە ئاماژەى بەوەکردووە، لەرێگەى گرتنەبەرى رێوشوێنى توندەوە، دەسەڵاتداران پێیانوایە دەتوانن رێگە بە 20%ى ڕێژەى حاجیانى هەر وڵاتێک بدەن کە بچێتە ئەو وڵاتە.

 

هەر سێ سەرچاوەکە جەختیان کردووەتەوە، بەشێک لە بەرپرسان هێشتا فشار دەکەن لەپێناو هەڵوەشاندنەوەى حەجى ئەمساڵ کە لە کۆتایی تەموزدا دەستپێدەکات.

 

نوسینگەى ڕاگەیاندن و حکومى و وتەبێژى وەزارەتى حەج و عومرە هێشتا هیچ قسەیەکیان لەو بارەیەوە نەکردووە.

 

سنوردانان بۆ ژمارەى حاجیان یان هەڵوەشاندنەوەى پڕۆسەکە، فشارى زیاتر دەخاتە سەر داهاتى حکومەتى سعودیە کە بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و پەتاى کۆرۆناوە زیانى پێگەیشتووە.

 

سعودیە لە مانگى ئازاردا گەشتى ئاسمانى ڕاگرت و رۆژى هەینى جارێکى تر قەدەغەى هاتوچۆى سەپاندەوە لە جەدەى پایتەخت دواى بەرزبوونەوەى ئامارى توشبووانى کۆرۆنا لەشارەکە.

 

هەروەها لە مانگى ئازاردا پڕۆسەى حەج و عومرەى تا کاتێکى نادیار هەڵپەسارد.

 

ساڵى ڕابردوو، ژمارەى ئەو کەسانەى بۆ ئەنجامدانى عومرە چونەتە سعودیە گەیشتە نزیکەى 19 ملیۆن کەس، هەروەها ژمارەى حاجیان گەیشتە دوو ملیۆن و 600 هەزار کەس.

 

بەپێی پلانى چاکسازى ئابورى شازادەى جێنشینى سعودیە، کاردەکرێت بۆ ئەوەى ژمارەى حاجیان و عومرەکاران ساڵانە بگەیەنرێتە 30 ملیۆن کەس، ئەوەش 50 ملیار ریال  (13.32 مليار دولار) تا ساڵى 2030 بۆ ئەو وڵاتە دەستبەر دەکات.