گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە دوو قۆناغ بێت

وەزیری ئاوەدانکردنەوە پێشنیازی گۆڕانکاری لە پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی دەکات

2020.06.08 - 21:33
وەزیری ئاوەدانکردنەوە پێشنیازی گۆڕانکاری لە پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی دەکات

ناس کورد-

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى هەرێم پێشنیاز دەکات پێدانى مۆڵەت بە پڕۆژەکانى وەبەرهێنان گۆڕانکارى تێدا بکرێت و بکرێت بە دوو قۆناغ.

 

ئەو پێشنیازەى دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەمیانەى کۆبوونەوەیەکدا هات لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان کە تێیدا گفتوگۆکرا لەبارەى کەرتى وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوەوە، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەنراوێکى وەزارەتەکە.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، دانا عەبدولکەریم ڕایگەیاندووە، پێیان باشە مۆڵەتدان بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بکرێت بە دوو قۆناغ، قۆناغێکیان لای دەستەی وەبەرهێنان و ئەوەی دیکەیان تایبەت بێت بە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بەپێی تایبەتمەندی پڕۆژەکان.

 

هاوکات جەختی کردەوە، لەسەر گرنگیدان بە رەخساندنی هەلیکار لە پڕۆژەکاندا، بەجۆرێک کە پشت بە دەستی کاری ناوخۆیی و وەبەرهێنی خۆماڵی ببەسترێت.

 

سەبارەت بە پڕۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبون، وەزیری ئاوەدانکردنەوە جەختی کردەوە، کە پێویستە وەزارەتەکەیان رۆڵی سەرەکی هەبێت لە بواری یەکەی نیشتەجێبون لە پڕۆژەکانی وەبەرهێناندا، جگە لە هاندانی وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت.

 

باسى لەوەشکرد، پێویستە هەوڵبدرێت رێکخستنەوە بۆ مۆڵەتدان بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پاراستنی هاوسەنگی و جۆرێک پێداچونەوە بە لێخۆشبونی گومرگیدا بکرێتەوە، بەجۆرێک بێت کە لە سودی گشتی و بەرژەوەندی حکومەتدا بێت، لەگەڵ گرنگیدان بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی.

 

لاى خۆیەوە محەمەد شوکرى، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان ڕایگەیاندووە، دەیانەوێت ئەولەویەت بۆ وەبەرهێنی ناوخۆیی بێت و پڕۆژەکانیش بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، لەپێناو بەرەوپێشبردنی پڕۆژەکان و کارئاسانیکردن بۆ وەبەرهێنەران و خزمەتکردن بەهاوڵاتیان.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لەبەشێکی تری دیدارەکەدا، بڕیاردرا لە رۆژانی داهاتودا کۆبونەوەی تیمی تایبەتمەندیی نێوان هەردولا بکرێت، بەمەبەستی هەماهەنگی و کاری هاوبەش و گفتوگۆی زیاتر لەسەر پڕۆژەکان و چۆنێتی بەرەو پێشبردنی بواری وەبەرهێنان.