گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فێڵ و ساختەکارى لە بازاڕى نەوت.. عێراق و وڵاتانى دیکە چۆن سعودیە و ڕوسیایان فریودا؟

2020.06.08 - 19:07
فێڵ و ساختەکارى لە بازاڕى نەوت.. عێراق و وڵاتانى دیکە چۆن سعودیە و ڕوسیایان فریودا؟

ناس کورد-

فێڵ و ساختەکارى، ئەمە کورتەى ڕاپۆرتێکى ئاژانسى بلومبێرگە کە تێیدا ئاماژە بەوەکراوە هەریەکە لە سعودیە و ڕوسیا روبەڕووى بونەتەوە لە پرسی کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى نەوتدا بۆ بەرزکردنەوەى نرخەکەى.

 

لە راپۆرتەکەدا بە ئاشکرا هەندێ لە وەزیرانى وڵاتانى ئۆپیک بە "بينوكيو" ناوبراون، لە ئاماژەیەکدا بۆ کەسایەتییەکى کارتۆنى کە بەوە ناسراوە لوتى گەورە دەبێت کاتێک درۆدەکات، بەڵام ئەو کەسایەتییە پەیوەندى چییە بە بازاڕى نەوتەوە؟

 

وەڵامەکە بە ئاسانى ئەوەیە وەزیرەکانى نەوتى وڵاتانى ئەندام لە ئۆپیک، سەرەڕاى ڕەزامەندیدان لەسەر کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنان، بەڵام وڵاتەکانیان پابەندنەبوون، ئەوەش وەک خۆى رۆیشتووە تا سعودیە و روسیا ساختەکاریی بەشێک لە هاوپەیمانەکانیان ئاشکراکردووە، وەکو عێراق و ئەنگۆلا و کازاخستان و نێجیریا کە فشاریان نەکردووە بۆ کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنان بەو ئەندازەیەى کە بەڵێنیانداوە لە ئۆپیک بۆ پشتیوانى نرخى نەوت، کە بەغدا لەوەدا خراپترینیانە.

 

بەپێی راپۆرتەکە، ئەو ساختەکارییە رێگەیەکى کۆنە لەناو ئۆپیکدا، دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستى هەشتاکان، کە کەسانى ئەکادیمى بەوە وەسفیان کردووە هەندێک کەس سود لە هەوڵى کەسانى دیکە وەردەگرن، بەبێ ئەوەى خۆیان بەشداربن تێیدا. لە ئۆپیک ئەو وەزیرانە ناوبراوە بە کێشەى "بينوكيو".

 

بەدور لەوەى روویداوە لە جەنگ لەسەر نرخى نەوت، سعودیە هانى وڵاتانى دیکەى ئۆپیکى داوە بەرپرسیارێتى هەڵبگرن بۆ کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان، ئەوەش دواتر لەلایەن روسیاوە پشتیوانیکرا و لە کۆتایی ئایاردا رێکەوتنى لێکەوتەوە، کاتێک ئۆپیک رەزامەندیدا لەسەر کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان بۆ ماوەى مانگێک.

 

بەڵام دواتر راپرسییەکانى ئۆپیک بۆ بەرهەمهێنان دەریاخست کە ئەنگۆلا و عێراق و کازاخستان و نێجیریا پابەندنەبوون بەوەى بەڵێنیانداوە.

 

هاري چيلينگويريان، پسپۆڕى بوارى نرخ لە کۆمپانیاى "بي ئین بي باريبا ئیس" دەڵێت، رێککەوتنى کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان نەدەکرا بەبێ رەزامەندى سعودیە و روسیا پێکەوە.

 

روسیا روون بوو لەبارەى رێککەوتنەکەى ئەمدواییەوە بەوەى درێژکردنەوەى بۆ ماوەى یەک مانگ بێت بەمەرجى پابەندبوون پێوەى، کاتێک ئەلێکسەندەر نوفاک، وەزیرى وزەى روسیا جەختیکردەوە کە بازاڕ هێشتا شێواوە و پێویستى بە رێککەوتن و پابەندبوونى هەموانە پێوەى بەرێژەى لەسەدا سەد.

 

لاى خۆیەوە سعودیە زیاتر رۆیشت، کاتێک سوربوونى خۆى نیشاندا لەسەر پابەندبوونى هەموان و سزادانى ئەو وڵاتانەى پابەندنەبوون بە رێککەوتنەکەوە بەشێوەیەک کە ناچاربکرێن لە مانگەکانى ئایار و حوزەیراندا بە ئاستێکى زیاتر بەرهەمهێنانى نەوت کەمبکەنەوە.

 

دواى دانوستانێکى چڕ، نێجیریا و ئەنگۆلا و کازاخستان رەزامەندیان نیشاندا، بەڵام عێراق دژى بڕیارەکە بوو، عەلى عەلاوى، وەزیرى دارایی پەیامێکى ڕاگەیاند لەبارەى ئەوەى بەغدا ناتوانێت پابەندى زیاتر بێت جگە لە پابەندبوون بە پشکەکەى خۆى لە کۆتایی تەموزدا و بیرۆکەى قەرەبووکردنەوەى رەتکردەوە.

 

دواى هەڵوێستى جیاواز لەو بارەیەوە روسیا و سعودیە ڕایانگەیاند کە کۆبوونەوەکەى چوارى حوزەیران بەرەوپێشچونى بەخۆوە نەبینیوە، هەڕەشەى هەڵوەشاندنەوەى کۆبونەوەى 10 ى حوزەیرانیشیان کرد کە پلانى بۆ دانراوە.

 

بەبڕواى زۆرێک، ئەو کارەى ریاز و مۆسکۆ تەنها فێڵێک بووە، کە ناتوانن بچنە ناو جەنگێکى دیکەوە لەسەر نرخ، بەڵام ئەو کارە هانى گفتوگۆى دیبلۆماسی داوە لە پێنجى ئەم مانگەدا ئەوەش عێراقى هانداوە ناڕەزاییەکانى رابگرێت، لە رۆژى دواتردا ئۆپیک راستەوخۆ داواى کۆبوونەوەى کرد.

 

ژمارەیەک لە ئەندامانى ئۆپیک کە بەشدارى کۆبوونەوەکەى شەشى حوزەیران بوون لەرێگەى ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە پێیانوایە بەیاننامەى کۆتایی کۆبوونەوەکە کە بۆ یەکەمجارى باسى قەرەبووى تێدا کرا، بۆ دەرخستنى بێتاوانى سعودیە و عەبدولعەزیز بن سەلمانى وەزیرەکەى بووە کە فشارى کردبوو بۆ وەستانى "فێڵ" لە پرسى پشتیوانییەکان.

 

سەرەڕاى رەزامەندى عێراق و وڵاتانى دیکە لەسەر پرسی قەرەبوو، بەڵام سعودیە و روسیا نەیانتوانى میکانیزمى بەهێز بۆ جێبەجێکردنى دابنێن، لەئەگەرى پابەندنەبوونى عێراقیش پێدەچێت روبەڕووى جەنگى نرخى نێوان سعودیە و روسیا ببێتەوە بە ئامانجى سزادانى بەهۆى پابەندنەبوونى بە بەڵێنەکانییەوە.

 

لەلایەکى دیکەوە، ئاژانسى رۆیتەرز لە زارى چوار سەرچاوەوە ئاشکرایکرد، وەبەرهێنەرانى کەنداوى ئۆپیک، کە پێکهاتوون لە سعودیە و کوەیت و ئیمارات، ئامادە نین بەردەوامى بدەن بە کەمکردنەوەى زیاترى خۆبەخشانەى نەوت دواى مانگى حوزەیران.

 

ئۆپیک و روسیا و وەبەرهێنەرانى دیکە، رۆژى شەممە رێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەى وادەى کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنان تا کۆتایی تەموز، بە ئامانجى بەرزکردنەوەى نرخى نەوت لەرێگەى کەمکردنەوەى نزیکەى 10%ى بەرهەمهێنان لە بازاڕەکاندا.

 

بەهۆى رێککەوتنەکەوە نرخى نەوتى برێنت بەرزبووەتەوە بۆ سەروى 42 دۆلار، هەروەها نەوتى خاوى تەکساس لە 40 دۆلار نزیکبووەتەوە.