گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چۆن نیوزلەندا بەسەر کۆرۆنادا سەرکەوت.. نهێنییەکە چییە؟

2020.06.08 - 17:26
چۆن نیوزلەندا بەسەر کۆرۆنادا سەرکەوت.. نهێنییەکە چییە؟

ناس کورد-

چوار قۆناغ یارمەتى نیوزلەندایدا بە کەمترین زیانەوە بەسەر پەتاى کوشندەى کۆرۆنادا زاڵ بێت، دواى ئەوەى بۆ ماوەى زیاتر لە دوو هەفتە هیچ توشبوویەکى ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە تۆمارنەکرا.

 

جاسیندا  ئاردیرن، سەرۆکوەزیرانى نیوزلەندا ڕایگەیاند، سەرەڕاى ئەوەى لە دۆخێکى سەلامەتدان، بەڵام رێگاى گەڕانەوە بۆ ژیانى پێش ڤایرۆسى کۆرۆنا ئاسان نییە.

 

وتیشى، "کارەکانمان کۆتایی نەهاتووە، بەڵام کەس نکوڵى لەوەناکات کە ئەمە خاڵێکى گرنگە، بۆیە دەڵێم سوپاس نیوزلەندا".

 

قۆناغەکانى سەرکەوتن

نیوزلەندا لە 25 ى ئازارى ئەمساڵەوە داخستنى تەواوەتى جێبەجێکرد و بە چوار هەنگاو رێوشوێنەکانى سەپاند، کە توندترینیان قۆناغى چوارەم بوو کە داخستنى بەپەلەى شوێنەکان و هێشتنەوەى خەڵک بوو لەماڵەکانیان.

 

دواى زیاتر لە پێنج هەفتە، ئەو وڵاتە چووە قۆناغى سێیەمەوە، ڕێگەدرا بە بەشێک لە چێشتخانە کە بەدلیڤەرى خواردنیان دەگواستنەوە، لەگەڵ بەشێک لە کۆمپانیاکان کە دەست بەکارکردن بکەنەوە.

 

لەگەڵ بەردەوامى کەمبوونەوەى ژمارەى توشبووان، نیوزلەندا قۆناغى دووەمى ڕاگەیاند لە ناوەڕاستى ئایارى ڕابردوودا.

 

بەڵام گەیشتن بە قۆناغى یەکەم کە نزمترین ئاستى هۆشدارییە، پێش وادەى پلان بۆ دانراو ڕاگەیەنرا، حکومەت بەنیاز بوو لە 22 ى حوزەیران ڕایبگەیەنێت، بەڵام تۆمارنەکردنى هیچ توشبویەک لەماوەى 17 رۆژدا، وادەکەى پێشخست.

 

بەپێی رێنماییە نوییەکان، سەرجەم قوتابخانەکان و شوێنەکانى دیکە دەکرێنەوە، رێگە بە ئاهەنگى بوک گواستنەوە، بەخاکسپاردنى تەرم و کارکردنى هۆکارەکانى گواستنەوەى گشتى بەبێ هیچ کۆت و بەندێک دەدرێت.

 

سەرەڕاى وەستانى کارکردن بە سیستەمى دورکەوتنەوەى کۆمەڵایەتى، بەڵام حکومەت بەردەوامە لە هاندانى هاوڵاتیان بۆ ئەوەى پێوەى پابەند بن.

 

بەڵام سیستەمەکە ئەو کەسانەى لەدەرەوە دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان ناچار دەکات کە بۆ ماوەى دوو هەفتە خۆیان کەرەنتین بکەن.

 

هۆشدارى دواى سەرکەوتن

سەرۆکوەزیرانى نیوزلەندا هۆشداریدا لەوەى وڵاتەکەى حاڵەتى نوێی توشبوون بەخۆوە دەبینێت، زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسەکەش تەنها خاڵێک نییە، بەڵکو هەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت.

بەپێی ئامارەکان، لە نیوزلەندا 1154 حاڵەتى توشبوون بە کۆرۆنا و و22 حاڵەتى مردنى تێدا تۆمارکراوە، لەو کاتەوە کە ڤایرۆسەکە بۆ یەکەمجار لە شوباتى ڕابردوودا لەو وڵاتە تۆمارکرا.