گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زۆرترین ڕێژەى توشبووانی کۆرۆنا لە عێراق لە شارى بەغدان.. بۆچی؟

2020.06.08 - 15:31
زۆرترین ڕێژەى توشبووانی کۆرۆنا لە عێراق لە شارى بەغدان.. بۆچی؟

ناس کورد-

ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە عێراق لە هەڵکشاندایە و بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى عێراق لەئێستادا زیاتر لە نیوەی توشبووانى کۆرۆنا لە عێراق لە شارى بەغدای پایتەختن، بەرپرسێکی تەندروستیش هۆشداری لە کارەسات دەدات و دەڵێت، هۆکارەکەی ئەوەیە کە ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە لە بەغدا جێبەجێ ناکرێن.

 

بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى لەئێستادا کۆی گشتیی توشبووانی کۆرۆنا لە عێراق 12 هەزار و 366 کەسن، لەو ژمارەیە شەش هەزار و 646 کەسیان لە بەغدای پایتەختن و لەکۆی 346 گیانلەدەستدانیش 216 کەسیان لە بەغدا بوون.

 

حازم جەمیلی، بریکاری وەزیری تەندروستی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئێستا لە عێراق ڕۆژانە زیاتر لە هەزار حاڵەتی نوێی ڤایرۆسەکە تۆماردەکرێت، لەکاتێکدا تاوەکو 22ی ئایاری ڕابردوو کۆی گشتیی توشبووانی هیچ ڕۆژێکی نەدەگەیشتە 100 حاڵەت کە ئەوەش مەترسیدارە و لە نزیکترین کاتدا حاڵەتەکان دەگەنە 15 هەزار".

 

ئەو بەرپرسە ڕەخنەی لە حکومەتیش گرت و ئاماژەی بەوەکرد: "ئێمە نزیک بووین لەوەی لە ناوەڕاستی مانگی ڕەمەزان کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسەکە بکەین، بەڵام حکومەت بەپەلە بڕیاریدا و ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەی هەڵگرت بەبێ هیچ خۆپارێزییەکی هاووڵاتیان".

 

جەمیلی دەشڵێت، پێویستە حکومەت بڕیاری کاریگەر بدات و هەر بڕیارێکیش کە دەیدات جێبەجێبکرێت و هاووڵاتیانیش پابەندی ڕێنماییەکان بن و کەمامە و دەستەوانە بەکاربهێنن لەکاتی چونە دەرەوەیاندا.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، لە هەرێمی کوردستانیش لەدوای کەمبوونەوەی ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسەکە و تۆمارنەکردنی هیچ حاڵەتێک بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە و سوککردنی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە، بە هەفتەیەک پێش جەژنی ڕەمەزان شەپۆلی دووەمی هەڵکشانی ڤایرۆسەکە دەستیپێکرد و ئێستا ژمارەکان لە هەرێمیش زیاترە لە  هەزار و 200 توشبوو.