گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’ ناتوانم هەناسە بدەم’

پۆلیسی ڤێرجینیا هەمان كردەوەی كوشتنی فلۆیدی دووبارەکردەوە [ڤیدیۆ]

2020.06.08 - 11:36
پۆلیسی ڤێرجینیا هەمان كردەوەی كوشتنی فلۆیدی دووبارەکردەوە [ڤیدیۆ]

ناس کورد- 

هێشتا كاردانەوەكانی كوشتنی جۆرج فلۆیدی ڕەشپێست لەلایەن ئەفسەرێكی پۆلیسی ئەمریكاوە كۆتایی نەهاتووە و جگە لەناوخۆ، ڕوداوەكە گڕی لەتوڕەی جیهانیش بەرداوە، كەچی لەناوچەیەكی ویلایەتی ڤێرجینیای ئەو وڵاتە ئەفسەرێكی پۆلیس هەمان كردەوە دووبارە دەكاتەوە.

 

كەناڵی Cnnی ئەمریكی بڵاوی كردەوە، لە ناوچەی ڤێرڤاكسی سەر بەویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریكا گرتە ڤیدیۆییەكی ساتی هێرشكردنە سەر پیاوێكی ڕەشپێست بڵاو كراوەتەوە، تیایدا ئەفسەرێك بەناوی تایلەر تیمبرلیگ، پیاوێكی ڕەشپێست دەوەستنێنێت و بەدەمانچەی كارەبایی لێیدەدات و دواتر ئەژنۆی دەخاتە سەر ملی و ئەویش هاوار دەكات " ناتوانم هەناسە بدەم".



لەكاردانەوەی ڕوداوەكەشدا و لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی، ڕۆسلەر جۆنیۆر، بەڕێوەبەرى پۆلیسى هەرێمەکە ڕایگەیاند، ئەو ئەفسەرە دەریخست کە سیاسەتی بەكارهێنانی هێزی پێشێل كردووە و تاوانی ئەنجامداوە و سوێندەكەی شكاندووە و پیرۆزی ژیانی مرۆڤایەتی فەرامۆشكردووە.

 

وتیشی: " ئەو گرتە ڤیدیۆیە متمانەی خەڵكی بە ئەفسەرانی پۆلیس ناهێڵێت، نەك تەنها لەناو ڤیرڤاكس، بەڵكو لەسەرتاپای جیهاندا و ئەو كارانەش مایەی قبوڵكردن نین".

 

لای خۆشیەوە، ستیڤ ت.دیسكانۆ، پارێزەر لەناوچەی ڤیرڤاكس ڕایگەیاندووە، ئەو ئەفسەرە سێ ساڵە لەپۆلیسی ناوچەكە كاردەكات و بەتۆمەتی دەستدرێژی و لێدان سێ تۆمەتی ڕووبەڕوو دەكرێتەوە تایبەت بەڕوداوەكە و ڕەنگە سزاكەشی بگاتە زیندانیكردنی بۆ ماوەى 36 مانگ.



ڕۆسلەر ئەوەشی ڕونكردووەتەوە، بەپێی یاسای بەركارەكان هەموو ئەو ئەفسەرانەی لەشوێنی ڕووداوەكە بوون لەكارەكانیان دووردەخرێنەوە.



لەبارەی قوربانیەكەشەوە، ڕۆسلەر ئەوەشی ڕاگەیاندووە، لەنەخۆشخانەیەكی ناوچەكە چارەسەری بۆ كراوە و پەیوەندی بەدایكی ناوبراوەوە كراوە و لەوەش دڵنیا كراوەتەوە كە دادپەروەری لەڕوداوەكەدا دەچەسپنێرێت.