گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

کڕیاران و فرۆشیاران بە ترسەوە مامەڵە لەو بازاڕەدا دەکەن

بازاڕی ئۆنلاین لە هەرێم کێبڕکێی بازاڕە ئاساییەکان دەکات

2019.04.14 - 20:42
App store icon Play store icon Play store icon
بازاڕی ئۆنلاین لە هەرێم کێبڕکێی بازاڕە ئاساییەکان دەکات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد _ سۆما ئەمجەد

.

پاش دروستبوونی ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بازاڕی ئۆنلاین لای بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان جێگای بازاڕە ئاساییەکانی گرتۆتەوە، هەرچەندە تا ئێستا سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنیش نیە، بەڵام بە کاش ئەو پرۆسەیە ئەنجامدەدرێت.

.

جیاوازی کڕین لە نێوان بازاڕی ئاسایی و بازاڕی ئۆنلایندا ئەوەیە کڕیار لە بازاڕی ئۆنلایندا تەنها بە تەماشاکردنی کاڵاکان بڕیاری کڕین دەدات، ئەوەش زۆرجار گرفتی بۆ فرۆشیاران و كڕیاران دروستکردووە.

.

ئاری فەتاح کە یەکێکە لە کڕیارانی بازاڕە ئۆنلاینەکان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "ڕاستە ئەم بازاڕی ئۆنلاینە سودی ئەوەی هەیە کە کاتمان بۆ دەگێڕێتەوە، بە ئاسانی دێتە بەردەمی ماڵەکانمان، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆرجار پەشیماندەبمەوە لە کڕین لەڕێی ئۆنلاینەوە".

.

ئەو کڕیارە باس لەوە دەکات، هەستاوە بە کڕینی بۆنێکی پیاوانە لە یەکێک لە بازاڕە ئۆنلاینەکان، بەڵام کاتێک بۆیان هێناوەتە ماڵەوە ئەو کاڵەیە نەبووە کە پێشبینی کردووە، دەشڵێت، نە لە ڕوی کوالێتییەوە نە لە ڕوی قەبارەوە ئەوە نەبووە کە لە پەیجی بازاڕەکەوە نمایشکراوە.

.

 

 

 

 

 

سامان محەمەد وەکو خاوەنی یەکێک لە بازاڕا ئۆنلاینەکانی هەرێمی کوردستان،  بە ناس کورد-ی وت، بازاڕی ئۆنلاین هەلێکی باشی بۆیان ڕەخساندووە، چونکە بەهۆی ئۆنلاینەوە دەستیان دەگات بە هەموو شار و شارۆچکەکان و بەوەش ڕێژەی فرۆشتنیان زیاتر دەبێت و دەتوانن ڕیکلامی زیاتر بۆ خۆیان بکەن.

.

ئەو بازاڕە ئۆنلاینانە زۆرجار دووچاری گرفت دەبنەوە، سامان محەمەد دەڵێت: "هەندێکجار هاوڵاتیان بە ڕەفتارێکی ناشرین مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی جوێنیشمان پێبدرێت، ئەمەش دەگەرێنمەوە بۆ ئاستی ڕۆشنبیری تاک، بۆ نموونە پارچەیەکمان فرۆشتوە دوای 15 ڕۆژ کەسەکە داوای گەڕانەوەی کردووە کە وتومانە وەریناگرینەوە چەندین وشەی نەشیاوی پێوتوین".

.

بە وتەی ئەو خاوەن بازاڕە، گرفتێکی دیکە کە ڕوبەڕوی بازاڕە ئۆنلاینەکان دەبێتەوە، ئەوەیە کە هەندێک کڕیار کە ژمارە تەلەفونێک دادەنێن، پاشان کە کاڵاکانیان بۆ دەبەن وەڵامیان نادرێتەوە.

.

زۆربەی گرفتەکانی ئەو بازاڕانە بۆ نەبوونی سیستمی بانکی و ئەلیکترۆنی بۆ پێدانی پارە دەگەڕێندرێتەوە، ئەو شوێنانەشی کە لە ڕێی ئۆنلاینەوە شت دەکڕن لە بەردەم دەرگای ماڵی کڕیارەکە لە کاتی گەیاندنی کەلوپەلەکە پارەکەی دەدەن.

.

 

 

لە ڕووى ئابورییەوە بوونی بازاڕی ئۆنلاین بۆ کڕیاران بەسودتر دەبیرێت وەک فرۆشیاران، ئابوریناس خالید حەیدەر لەو بارەیەوە بۆ ناس کورد، ئاماژەی بەوەکرد بازاڕی ئۆنلاین سودی بۆ هەردوولایەنی مامەڵەکە هەیە، بەڵام زۆرتر یارمەتی کڕیار دەدات و ئاسانکاری زۆری بۆ دەکات، لەڕوی ئەوەی کە کاتی زۆری بۆ دەگەڕێتەوە و پێویست ناکات بڕوات بۆ گەڕان بەدوای شتومەکدا، چونکە تەنها بە یەک کلیک دەتوانێت پێویستییەکانی خۆی ببینێت ودیارییان بکات.

.

ئەو ئابوریناسە دەشڵێت، لە هەمانکاتدا فرۆشیاریش سودمەند دەبێت بەهۆی ئەوەی لەڕێگەی کۆمەڵێک تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە پێشانگاکەی پیشاندەدات و دەتوانێت وای لێبکات بچێتە ئاستی جیهانەوە، تەنها بۆ یەکشوێنی دیاریکراو نەبێت.

.

سەبارەت بە پارەدانی ئەلیکترۆنی و نەبوونی سیستمێک بۆ ئەو مەبەستە، د.خالید حەیدەر دەڵێت، "بەهۆی نەبوونی سیستمێکی باش و گرێنەدراو بە بازاڕی ئابوری جیهانەوە بازاری ئۆنلاین کەمێک دواکەوتوە لە هەرێم، بەڵام بە دیوێکی تردا، بوونی سیستمێکی ڤیزا کارت و پارەدانی ئەلیکترۆنی ڕەنگە لایەنێکی نێگەتیڤیشی هەبێت، چونکە دەبێتە هۆی کڕینی کاڵا و کەلوپەل لە بازاڕە ئۆنلاینە جیهانییەکان، ئەوەش بەگشتی کار دەکاتە سەر ئابوری وڵات و بەرهەمە ناوخۆییەکان".

.

 

هەر تێبینییەک لەسەر بازاڕەکانی هەرێم هەبێت، هاوڵاتیان و خاوەن بازاڕەکان دەتوانن سکاڵا ببەنە لای بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێری بازرگانی، لە بارەی بازاڕە ئۆنلاینەکانەوە و دەستەڵاتی چاودێری بازرگانی بەسەریانەوە، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی، سۆران عەبدولغەفور بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، پەیڕەوی بازاڕی ئازاد دەکەن، بازاڕی ئازادیش هەموو جۆرە بازرگانییەکی تێدایە، بازاڕی ئۆنلاینیش بازاڕێکی ئازادە و تاک دەتوانێت بەویستی خۆی لەگەڵ ئەو بازاڕانە مامەڵە بکات.

.

سۆران غەفور وتیشی، وەک بەرێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی لە بارەی بازاڕە ئۆنلاینەکانەوە چەند سکاڵایەک چۆتە لایان، بە تایبەت لە بارەی هەندێک بابەتی تەندروستی، ئەوانیش لێپێچینەوەیان کردووە و سزای دارایی ئەو شوێنانەیان داوە.

.

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لە ڕێگەی ناس کورد-ەوە، داوای لە هاوڵاتیان کرد، بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بازاڕانە بکەن بۆ ئەوەی زەرەرمەند نەبن.

.

.