گه‌ڕان

Shadow Shadow
عیسام خەفاجی

پەنجەرەیەکی عەرەبی

رەخنە لە خۆ گرتن دوای دۆڕانی کوردان

2020.06.08 - 10:11
رەخنە لە خۆ گرتن دوای دۆڕانی کوردان

نووسینی: عصام الخفاجي

وەرگێڕانی: ئالان م نوری

 

پێشەکییەک لە ناس کورد ەوە

ناس کورد، ئەم گۆشەیە، بە مەبەستی رەخساندنی بوار بۆ رووناکبیرانی عەرەب کە راستەوخۆ بۆ خوێەری کورد بنووسن،  دەکاتەوە. ئامانج لەم گۆشەیە ئەوەیە کە خوێنەری کورد ئەو رووناکبیرانەی عەرەب بناسێت کە لە فەزای "رۆشنبیری"ی تایەفەگەری و رەگەزپەرستی باودا، دەنگی دلێری دێمۆکراسی و ئازادین و، هەر لەبەر ئەوەش دۆستی مافە رەواکانی گەلی کوردستانن. 

 

ئەمە دووەمین دەقی پێشتر بڵاوکراوەی د. عیسام خەفاجییە، کە رەنگە چاکتر لە دەقی پێشوو بیروبۆچوونی بەرامبەر سیاسەت و حومکڕانی لە کوردستانی دوای روخانی رژێمی سەددام روون بکاتەوە. هیوادارین بەم زووانە دەقی نوێ و پێشتر بڵاونەکراوەی د. عیسام بڵاوبکەینەوە.

 

د. عیسام خەفاجی یەکێکە لە ئەکادیمییە سۆسیۆلۆژیستە هەرە ناسراوەکانی عێراق و رۆشنبیرێکی خاوەن هەڵوێست و ئازای ئەم وڵاتەیە. بە دەیان کتێب و لێکۆڵینەوەی زانستیی بڵاوکردۆتەوەو لە گەلێک زانکۆی پلە یەکی جیهاندا لە ئەمریکا و ئەوروپا مامۆستا بووە. لە خەباتی دژی رژێمی بەعس پێشمەرگەیەکی شاخەکانی کوردستان بووە. 

 

"رەخنە لە خۆ گرتن دوای دۆڕان" ی کوردان

ئەم وتارە لە ماڵپەڕی "الحوار المتمدن" لە دوای شکستی پرۆسەی رێفێراندۆم لە  16/11/2017 دا بە عەرەبی بڵاوبۆتەوە.

 

سەرەتا پێم وایە هەندێک لە خوێندەران سەرچاوەی ناونیشانی ئەم وتارە نازانن، بۆیە با روونی بکەمەوە. 

 

پاش چەند مانگێک لە داڕمانی سوپاکانی سێ وڵاتی عەرەبی لە شەڕی بەرامبەر ئیسرائیل لە ساڵی 1967دا، نووسەری کۆچکردوو صادق جلال العظم کتێبێکی بچووکی بڵاوکردەوە بە ناوونیشانی "رەخنە لە خۆ گرتن دوای دۆڕان". ئەو کتێبە لای ئێمەی گەنجی ئەوسا کارێگەرییکەی گەورەی هەبوو. کەچی سەرەڕای ئەوە، نەیتوانی رێبگرێت لە نەوەیەکی نۆێی سیاسەتمەدارای خۆهەڵواس بە دەسەڵاتدا لە  وڵاتانی عەرەب، کە وڵاتەکانیان بەرەو دۆڕاندنی شکۆشکێنی گەورەتر و گەورەتر بەرن. 

 

نەوەی پێش ئێمە دانی بە دۆڕاندنەکانیدا نا، بەڵام پەنای بردە بەر دەستەواژەی دراماتیکی وەک "وەیشوومە: نەکبە"ی  فەلەستین یان دەستەواژەی ناسکتری وەک "نسکۆی حوزەیران". 

 

نەوەی سەرکردەکان کە ئێمە لە ژێر رەحمەتیاندا ژیاین، بە جۆرێک مامڵەیان لەگەڵ دۆڕاندنەکاندا دەکرد وەک ئەوەی سەرکەوتن بن. بۆشیان دەچووە سەر، چونکە خەڵک هاوڕایان بوون. لە نەوەی ئێمە خەڵکانێک هەبوون کەکاتێک صەددام 30 سارووخی گرتە ئیسرائیل و هەمووی کەوتن بەسەر ماڵی خەڵکی سیڤیلدا، بەبەرامبەر ئەوەش سوپای عێراق تەفروتوونا کرا، ئەوان ئاهەنگیان گێڕا. لە نەوەی ئێمە خەڵکانێک هەبوون شانازییان بە رژێمی بەعسی عێراقەوە دەکرد کە رێککەوتننامەی خۆبەدەستەوەدانی دوای دۆڕانی لە کوێت مۆر کرد، لەبەر ئەوەی جەنگەکەی جەنگی "رزگاریخوازی" بوو و "زۆرانە هەرەگەورەکە" و "دایکی هەموو جەنگەکان: ام المعارک" بوو. لە نەوەی ئێمە و دوو نەوەی دیکەی دوای ئێمەش خەڵکانێک پەیدا بوون کە کاتێک نیوەی ژێرخانی ئابووری لوبنان وێران کرا تەنها لەبەر ئەوەی سارووخەکانی حیزبوڵڵا توانیان بگەنە ئیسرائیل، ئاهەنگیان گێڕا . لەم سێ نەوەیەش ئێستە خەڵک هەن کە ئاهەنگی سەرکەوتنەکانی رژێمی بەعسی سووری بەسەر میللەتەکەیدا دەگێڕن، چونکە سەرکەوتنی رژێم لەلایان سەرکەوتنی باڵی خەباتی داکۆکیکارییە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا. 

 

ئاسانە بە رەخنە بڵێین "رەخنە لە خۆ گرتن" کە لە راستیدا تەنها بریتی بێت لە رەخنە گرتن لە بەرامبەر و پاساو هێنانەوەی زەق بۆ خود. لە دوای دۆڕانی حوزەیران، جەمال عەبدولناسر نەیتوانی بەرامبەر بە تووڕەیی جەماوەر بوەستێت. بۆیە "رەخنە لە خۆ گرتن" ی هەڵگێڕایەوە بۆ رەخنە لە خیانەت و کەمتەرخەمیی بەرپرسان و گەورە ئەفسەرەکانی، لەپاڵ رەخنە لە چەکی سۆڤێتی کە لە ئاستی چەکە ئەمریکییەکانی دەستی ئیسرائیلدا نەبوو. بەڵام جگە لە ئۆپۆزیسیۆنی چەپی شۆڕشگێر بە هەموو باڵەکانییەوە ئەوکات، کەس باسی حاکم خۆی و ئەو سیستەمە عەسکەرییە بێرۆکراتییە گەندەڵەی کە خۆی دایمەزراندبوو، نەدەکرد. بەمەرجێک ئەمەیان بنەمای دۆڕانەکەی بوو. مەسەلەکە وا دەردەبڕدرا وەک ئەوەی لادانێک بووبێت لە هەڵمەتێکدا کە لە جەوهەردا راست و بێ خەوش بوو.

 

ئەوەی لە دۆڕانەکانەوە فێری بووین ئەوەیە کە لە پشتی دۆڕاندا سووڕێکی ژیانی کۆمەڵایەتی هەیە کە رێی بۆ خۆش دەکات. کە دۆڕانیش روویدا،  کۆمەڵگا هەوڵی ئەوە دەدات شۆکەکەی کەمکاتەوە، بۆ ئەوەی دوای ئەوە بچێتە قۆناغی تێڕامان و هەوڵی دەرس وەرگرتن لێی. 

 

کوردان ئێستە لە قۆناغی کەمکردنەوەی شۆک و تیمار کردنی برینەکانیانن، سەرەڕای جیاوازییان لە هەڵوێستیاندا بەرامبەر بە دەسەڵاتی بارزانی و رووداوەکان، لە قۆناغی یەکبووندان لە دەوری هەست بە دۆڕان کردن . بێ گومان بەغا بۆ کورد هەمان شت نییە وەک ئیسرائیل بۆ عەرەب، بەڵام ئەو گوتاری دڵخۆشبوون بە نەهامەتی کوردان کە لە فێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و بڕیارەکانی حکومەتی عێراقدا بەدی دەکرێت، مەبەست لێی شکاندنی شکۆی کوردانە. و گوتاری خۆشحاڵیی لە ژماردن نەهاتووی عەرەب لەسەر لاپەڕەکانی سۆشیاڵ میدیا کە ئاهەنگی سەرکەتن بەسەر هەولێردا دەگێڕن، لە دەرئەنجامدا دەبنە هۆی ئەوەی رق و کینەی کوردان لە بەرامبەر عێراقێک کەڵەکە بێت کە تاڵاوی دۆڕانیان دەرخوارد دەدات. ئەمەش وەک ئەوەیە کە رق و کینەی عەرەبی لە دژی کورد کەڵەکە کرد کاتێک بینییان هەندێک لە کوردان ئاڵای ئیسرائیلیان دەشەکاندەدوە و دەسەڵاتی کوردیش رێی لێنەدەگرتن.

 

لە قۆناغی کەمکردنەوەی شۆکدا، ئاستی هەست بە خەمباریی نەیارانی بارزانی بەرز دەبێتەوە بۆ وەسف کردنی بە سەرکردەیەکی ئازا کە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کردە قوربانیی بەدیهێنانی خەونی دەوڵەت… ئەو خەونەی دەهاتە دی ئەگەر و تەنها ئەگەر دوژمن لە چەک و تفاقدا باڵادەست نەبوایە و راوێژکاری گەندەڵ و گەمژەی لە دەور نەبوایە، هێزە دەرەکییەکان گەلەکۆمەکیان لێنەکردینایە و هەندێک سەرکردە خیانەتیان نەکردایە و هەندێکی دیکەیان کەمتەرخەم نەبوونایە.... ئەوەی "ئەگەر" ناچێت بە لایا بەرپرسیارێتی سەرکردە خۆی و گەندەڵیی خۆی و سیستەمە سیاسییەکەیەتی. ئەوەتا ئێستە دەبینین سەرکردە هەوڵی ئەوە دەدات کە دۆڕانەکە وەک بردنەوە بخاتە بازاڕەوە. کوردان هەرەسهێنانی بزوتنەوە چەکدارییەکەیان دژی رژێمی بەعس بە "نسکۆ" ناو دەبەن و ئێستاش بەڕێز مەسعوود بارزانی وەسفی ریفراندۆمە کارەساتبارەکە بەوە دەکات کە " مافی چارەی خۆ نووسینی کوردانی چەسپاند" و دووپاتی دەکاتەوە کە پەشیمان نییە لێی.

 

راستییەکی بەرچاو هەیە کە هیچ وردبینێک ناتوانێت فەرامۆشی بکات، ئەویش ئەوەیە کە کورد هەست بە دۆڕان و زەلیلی دەکەن. حاڵیان نەک نزیکە لە حاڵی عەرەب دوای دۆڕانیان لە حوزەیرانی ١٩٦٧ دا، بەڵکو کوت و مت وەک ئەوە وایە: سەرکردەیەکی مەستی خواستی زەعامەت و چوونە ناو پەڕتووکی مێژوو، گەلێکی پاڵپشتی بە هەڵەدا برد و وای تێگەیاندن کە سەرقاڵی هێنانە دیی خەونی سەد ساڵەیانە و وا فریوی دان کە نوستن هاووڵاتی هەرێمی وڵاتێکن و کە دوو ساڵی دیکە بە ئاگا هاتنەوە ئیدی هاووڵاتی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەبن. سەرکردەیەک تواناکانی دوژمنی لێکردن بە گورنەتەڵە و توانای خۆیی لێ کردن بە کێو و گفتی ئەوەی پێدان کە دەستدرێژکەران دەرس دا دەدات. کۆمەڵانی خەڵکیش ئاهەنگیان گێڕا و مەستی ئەو سەرکەوتن و سەربەخۆییە بوون کە هەر پێچی مێزەرێکی مابوو بێتە دی... کەچی لە ناکاو کورد لە خەو راچڵەکی و بینی دوژمن گەیشتۆتە بەردەرگای پایتەختەکەیان و دەوڵەتەکەیان ناچار دەکرێت دەستبەرداری ئەو مافانە بێت کە لە ماوەی پانزە ساڵی رابوردوودا بە دەستی هێنابوون.

 

ئەم سڕییەی دوای دۆڕان هەستی پێدەکرێت مایەی نیگەرانیی هەموو ئەوانەیە کە هیواخوازی ئەوەن کورد سەرلەنوێ هەڵسنەوە: هیچ خۆپیشاندانێکمان نەبینی کە داوای سزادانی بەرپرسیاران بکات. لەبەردەم هیچ دەزگایەکی حکومەتدا هیچ مانگرتنێکمان نەدی داوای روونکردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە بکات کە بە "ناوچە جێناکۆکییەکان" ناودەبرێن. تەنانەت لە سلێمانی، کە بزوتنەوەی گۆڕان، وەک تەنها بزوتنەوەیەکی کوردی کە دەهێنێت ناوببرێت بە بزوتنەوەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی دیمۆکراسی، تێیدا لایەنگیرییەکی جەماوەریی هەیە ، هیچ جموجووڵێک، کاردانەوەیەکی میللیمان لە دژی گەندەڵیی  دەسەڵاتدارانی هەرێم و سیستەمە خۆسەپێنەکەیان نەدی. جێی سەرسوڕمانە کە خۆپیشاندانەکانی داوای مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانیان دەکرد نەبوونە بزوتنەوەیەکی جەماوەری لە دژی گەندەڵی.

 

ئەم سڕبوونە ئەوەیە کە دەبێت رۆشنبیران و سیاسییە دیمۆکراتخوازەکانی کورد هان بدات کاری رەخنە لە خۆ گرتن بۆ ئەزموونی چارەکە سەدەیەک لە خۆبەڕێوەبردنی کورد لە دوای ١٩٩١ ەوە بگرنە ئەستۆ. من هانیان دەدەم لەم چەند دێڕەی خوارەوە بفکرێن: سەرانی کوردستان گۆڕی دەوڵەتەکەیان بە دەستی خۆیان هەڵکەند کاتێک شاگەشکە بوون بە بونیادنانی دەوڵەتێکی سوپەر کرێ وەرگر کە چارەنووسی بەند بوو بە داهاتی نەوتی کەرکوکەوە. خلیسکانی ئابووری کوردستان بەرەو سیستەمی کرێ وەرگر لەگەڵ دروستبوونی سیستەمی سیاسیی عێراقی دوای رووخانی رژێمی بەعس دەستی پێکرد، کە دەستیان کرد بە وەرگرتنی 17٪ ی بودجەی عێراق، کە ئەویش لەسەر کرێ وەرگرتن بەند بوو، لە پاڵیشدا رۆژی 200 هەزار بەرمیل نەوتی کوردستانیان هەناردە دەکرد. ئەوجا وەک هەر دەوڵەتێکی کرێ وەرگر، ئەو داهاتانە کردنی بە خاوەنکارێک کە بژێوی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستانیان پێوە بەند بوو. ئەگەر ئەو ئامارانەی کە حکومەتی کوردستان داوێتی بە بەغدا راست بن، ئەوا 1.3 ملیۆن کەس فەرمانبەرن لەلایان. ئەمەش مانای وایە بە پێی ژمارەی دانیشتوانی  کە کەمێک زیادترە لە ٥ ملیۆن، ئەوا بۆڕی عێراقیان لە بواری سیستەمی کرێوەرگریدا داوەوتەوە. ژمارەی فەرمانبەرانی کوردستان کەڕەتی 4 بکە، کە تێکڕای ژمارەی سەرانی خێزانێکن، دەگەیتە ژمارەیەک کە نزیکە لە ژمارەی دانیشتوانی کوردستان. لە بانی ئەم ئابوورییە کرێ وەرگرەدا سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بنیاد نرا کە هاوشانی بوو.  کەرتی کشتوکاڵ کە خەریک بوو دەبووژایەوە بە هۆی ئەم ئابوورییە نوێیەوە هەرەسی هێنا. جوتیار لە بری کاری کشتوکاڵی بووە مووچەخۆری دەوڵەت. هەموو ئەوانەی کە خۆیان راگرت و لە کەرتە بەرهەمهێنەکانی ئابووری مانەوە  لە بەرامبەر تۆفانی کاڵای هاوردە لە ئێران و تورکیاوە کە دوای پارەی زۆری داهاتی نەوت کەوتبوون، توانای بەرگرتنیان نەما. ئەم سیستەمە کرێ وەرگرە بنج و بناوانی گەندەڵی و ستەمکاریی دەوڵەتی کوردی بوو. 

 

نەبوونی چاودێریی داهاتەکانی نەوت سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستاندا کردە دەرەبەگایەتییەکی خێزانی خۆ سەپێنەر بەسەر خەڵکانی وابەستە پێوەی کە خێر و بێری بەسەر لایەنگرانیدا تەخشان و پەخشان دەکرد. سەرانی دەسەڵات و خێزانەکانیان بوونە خاوەن موڵک و سەرمایە و هاوپشک لە کەرتی پەیوەندییەکان و بەشە جۆراوجۆرەکانی کەرتی تایبەت. دەروازە سنوورییەکانیش بوونە تاڵانی و سەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە رۆژهەڵات و پارتی دیموکراتی کوردستان لە باکور لە ناوخۆیاندا بەشیانکرد. ئەمە لە کاتێکدا کە دەکرا لە بری پارەی ئاسانی فرۆشتنی نەوتی خاو، پاڵوگەی نوتی ئەوتۆ بونیاد بنرێت کە پێداویستییەکانی ناوخۆی کوردستان دابین بکات، دەکرا کاڵا کشتوکاڵییەکانی کوردستان پشتگیری بکرێن لە بەرامبەر کاڵا ئێرانی و تورکییەکان... کاری ئەوها دەکرا ببنە مایەی سووک کردنی باری ئابڵۆقەی حکومەتی عێراقی و بەرگرتن بەو داڕمانە تۆقێنەرە.

 

ئەم بونیادە سیاسی-ئابوورییە بۆگەنە بوو کە کەرکوک، رەمزی مافی کورد، ی لەدەست دا. کەرکوک شارێکی فرە نەتەوەیە و کوردان تێیدا زۆرینەی دانیشتوان نین، بەڵام پارێزگای کەرکوک، بەپێی ئامارە سەرژمێرییەکان کە لای هەموو لایەک دانپێنراون، زۆرینەیەکی کەمی کوردی تێدایە. کەرکوک هۆی سەرەکی داڕمانی رێکەوتننامەی ئازاری 1970 ی ئۆتۆنۆمی بوو لە نێوان رژێمی بەعس و مەلا موستەفای بارزان. لێکچواندنی پێگەی کەرکوک لای کوردان بە پێگەی قودس لای موسوڵمانان داهێنانی جەلال تاڵەبانی کۆچکردوو نەبوو، بەڵکو یەکەم جار لەلایەن تاریق عەزیزی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراقی زەمانی بەعس وترا کاتێک بە تاڵەبانی گوت: کورد مەگەر لە تەیارەوە کە بەسەر کەرکوکا رۆیشتن بیبینن وەک چۆن موسوڵمانان وا نەبێت قودس نابینن. کەرکوک لە ساڵی 2017 دا وا نەمابوو، بەڵکو سەرچاوەی داهاتێکی کرێ وەرگریی ئەوتۆ بوو کە سەرکردایەتی کوردستانی بە هیوای ئەوە کردبوو کە بیکەنە جێگرەوەی پشکیان لە بودجەی عێراق. 

 

کەرکوکێک کە پێکهاتە تایبەتەکەی وا دەخوازێت کە نە بەغدا بە شێوەیەکی مەرکەزی بەڕێوەی بەرێت و نە بلکێنرێت بە کوردستانەوە، بەکردەوە بوو بە کێڵگەیەکی نەوت کە بەغدا و هەولێر بەشەڕ هاتن لەسەری. شەڕی بیرە نەوتیش شەڕی داهات نەماوە بە تەنها، بەڵکو شەڕە لەسەر کۆنترۆڵکردنی هاووڵاتیانێک کە بژێوییان بەند بووە بەو داهاتانەوە. لە ململانێیەکی ئاوهادا بەغدا پێویستی بەوە بوو کوردانی وابەستەی داهاتی نەوت،  کە داهاتەکەیان لەڕێی نێوانگیریی حکومەتی هەرێمەوە پێی دەگات، ناچار بکات ببن بە وابەستەیەک کە راستەوخۆ لە بەغداوە داهاتەکەیان پێ بگات.