گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ زانیاری ورد لەو بارەیەوە دەخاتەڕوو

بەتالیۆنێکی مەترسیداری داعشە عێراقیەکان لە سوریا چالاکی بۆ دەزگای هەواڵگری تورکیا دەکەن

2020.06.08 - 08:28
بەتالیۆنێکی مەترسیداری داعشە عێراقیەکان لە سوریا چالاکی بۆ دەزگای هەواڵگری تورکیا دەکەن

ناس کورد- 

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکرد، لەچوارچێوەی سوپای ئازادی سوریادا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتیدەکرێت، کۆمەڵێک چەکداری داعشی عێراقی پێکهاتەی یەکێک لەو بەتالیۆنانە پێکدێنن کە کاروچالاکی بۆ دەزگای هەواڵگری تورکیا دەکەن.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە لەماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردوەتەوە ئەوەی ئاشکراکردووە: " کۆمەڵێک داعشی عێراقی لە یەکێک لەبەتالیۆنەکانی سوپای سوریای ئازاد کە ناسراوە بە (ئەحرار ئەلشام) کار بۆ دەزگای هەواڵگری تورکیا دەکەن و ژمارەیان بە نزیکەی 40 چەکدار مەزەندە دەکرێت".

 

ئەوەشی ڕونکردوەتەوە: "چالاکییەکانی ئەو بەتالیۆنە چەندین کار لەخۆی دەگرێت وەک  ئەنجامدانی پڕۆسەکانی تەقاندنەوە، دانانی بۆمبی چێنراو، دەستگیرکردنی ئەو داعشانەی کە دەیانەوێت لەگۆڕەپانەکانی شەڕدا هەڵبێن  لەدوایشدا ڕادەستکردنیان بەتورکیا بەرامبەر بە بڕە پارەیەک".

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ڕێکخراوە سورییە، کە زانیارییەکانی لەچەند سەرچاوەیەکی باوەرپێکراوەوە وەریگرتووە:  "لە ئێستادا ئەو بەتالیۆنە عێراقییە سەرقاڵی فشارخستنە سەر ئەو داعشانەیە کە لەئێستادا لەزیندانەکانی بەتالیۆنەکەدان ئەوەش بۆ ئەوەی قاییلیان بکەن بڕۆن بۆ بەرەکانی شەڕ دژ بە هێزەکانی حەفتەر لە لیبیا".

 

ئاماژە بەوەشکراوە: "فەرماندەی بەتالیۆنەکە ناوی (ئەبو وەقاس)ە و بنکەی سەرەکی بەتالیۆنەکەش لەشاری( ئەلباب)ە لە ناوچەی ڕیفی باکوری خۆرهەڵاتی حەلەب".

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ: "ئەبو وەقاس بەردەوام لە هاتووچۆ و جوڵەدایە لەنێوان ناوچەکانی ڕیفی حەلەب و تورکیا، پەیوەندیەکی پتەویشی لەگەڵ (ئەبو ئوسامەی تەیانە) هەیە کە یەکێکە لەسەرکردە دیارەکانی ڕێکخراوی داعش و لەئێستادا لەولایەتی ئۆرفەی تورکیا نیشتەجێیە".



 ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ باسیلەوەشکردوە کە ئەبو وەقاس، ماوەیەکە لە بەرچاو دیارنەماوە و نازانرێت هۆکاری دیارنەمانی چییە، ئایا چووە بۆ لیبیا؟ یاخود بەبڕێک پارەی سوپای (ئەحرار ئەلشام)وە بەرەو وڵاتی میسر هەڵاتووە؟ هاوشێوەی (ئەبو حەمودە)  فەرماندەیەکی دیکەی ئەو ڕێکخراوە کە ماوەیەک لەمەوبەر بەگوژمەیەک پارەوە خۆی گەیاندە وڵاتی میسر.   

 

زانیارییەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەشیان خستوەتەڕوو: "ئەو بەتالیۆنە عێراقییە ژمارەیەک بەندینخانەی هەیە لە ناوچە جیاجیاکانی شارەکانی ئیدلب و حەلەب و ماوەیەک لەمەوبەر کۆمەڵێک زیندانی داعشیان گۆاستوەتەوە بۆ بەندینخانەیەکی بەتالیۆنەکە لەشاری ئیدلب کە لەنێوانیاندا چەندین سەرکردەی دەستەی تەحریری شامیان تێیدا بووە وەک ( ئەبوعەلی عێراقی) و چەند سەرکردەیەکی تریش".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بەتالیۆنە  گۆڕێکی بەکۆمەڵی تایبەت بەخۆی هەیە لە نزیک گوندی ( سۆسنبات) لەریفی ئیدلب کە لە ئێستادا زیاتر لە 300 تەرمی هاووڵاتی، سەربازی ڕژێمی ئەسەد و ئەندامانی ڕێکخراوی داعشی تێدایە کە بەدەستی ئەو بەتالیۆنە کوژراون.