گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تیمی گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و عێراق ناکۆکی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دروستکردووە

2020.06.07 - 19:50
تیمی گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و عێراق ناکۆکی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دروستکردووە

ناس کورد-

بڕیارە گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا لەم مانگەدا دەستپێبکات و شارەزایەکی ئەمنیی عێراقیش دەڵێت، ئەو تیمە عێراقییەی کە بڕیارە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکادا بەڕێوەببات پێکهاتووە لە 21 کەس و تائێستاش لایەنە سیاسییەکان ناکۆکن لەسەر بەشداریکردنی چەند کەسێک لەتیمەکە.

 

بڕیارە (10ى حوزەیرانی 2020)، گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا سەبارەت بە چەند پرسێکی تایبەت بەنێوان هەردوو وڵات بەڕێوەبچێت".

 

هیشام هاشمی، شارەزای ئەمنیی عێراقی، بە میدیا عێراقیەکانی ڕاگەیاند :"لە ئێستادا ناکۆکی لەنێوان لایەن سیاسییەکاندا هەیە لەسەر پێکهاتەی تیمە دانوستکارەکە و ئەو دۆسێیانەی کە بڕیارە لەگفتوگۆکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکادا تاووتوێ بکرێن".

 

وتیشی: "تیمە عێراقییەکە پێکهاتووە لە 21 کەس کە لەبوارەکانی سیاسەت، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دارایی، سەربازی و فێرکردن پسپۆڕن و شارەزاییان هەیە".

 

هاشمی گرنگترین ئەو ناوانەی خستووەتەڕوو کە وەک ئەندامی دانووستکاری تیمی عێراقی لەگەڵ ئەمریکا بەشداردەبن کە ئەوانیش"عەبدولکەریم هاشم، حارس حەسەن، لوقمان فەیلی، فەرید یاسین و حامد خەڵەف"ن.

 

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک کە بەمیدیا عێراقییەکانیان ڕاگەیاندووە: "لایەنە سیاسییەکان لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەدان  چەند ناوێک  لە ئەندامێتی تیمە عێراقییەکە چەند ئەجندایەکی تایبەتیش بسەپێنن کە ئەوان دەیانەوێت".

 

 ئاماژە بەوەشکراوە، لایەنە شیعییەکان دەیانەوێت کاری لەپێشینەی  تیمەکە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بێت لەعێراق، بۆیە لەئێستادا ئەو لایەنانە چەند کەسایەتییەکی تیمەکەیان ڕەتکردوەتەوە، بەبیانوی ئەوەی ئەو  کەسانە لە ئەمریکاوە نزیکن و ئەگەری هەیە ڕازی بن بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەناو خاکی عێراق.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، بەپێچەوانەى لایەنە شیعییەکان، کورد و سونە لەگەڵ مانەوەی بەشێک لەهێزەکانی ئەمریکا و هێزە بیانییەکانن لەناو خاکی عێراق، ئەوەش بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی سوپای عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی ڕێکخراوی داعش.

 

هاوکات ڕێبین سەلام، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ماڵپەڕی "مەوازین نیوز" وتویەتی: "بونی ئەندامێکی کورد لەتیمی دانوستکاری عێراق لەگەڵ ئەمریکا بابەتێکی گرنگە، چونکە پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتون و مانەوەی هێزەکانی لەعێراقدا گرنگی بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق هەیە".

 

بەبڕوای ئەندامەکەی پارتی: "بوونی فوئاد حسێن وەک وەزیری دەرەوی عێراق ئەوە ناگەیەنێت کە نوێنەری کوردە لەدانوستانەکاندا، چونکە ئەو لەو پۆستەدا نوێنەرایەتی  عێراق دەکات، نەک هەرێمی کوردستان".

 

لای خۆشییەوە، مەهدی تەقی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بەمیدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە: " ئەمریکا بە لایەنە سیاسییەکانی عێراقی ڕاگەیاندووە کە ئەو ویستی ئەوەی هەیە هێزەکانی لەعێراق بکشێنێتەوە، بەڵام  بەچەند قۆناغێک".

 

 بەگوێرەی زانیارییەکان، گفتوگۆی ستراتیژی عێراق لەگەڵ ئەمریکا سێ دۆسیەی سەرەکی دەگرێتە خۆی کە پێکهاتوون لە: "بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی عێراق لەڕووی سەربازییەوە دژ بە پاشماوەکانی داعش، پاراستنی دامەزاروە بیانییەکان کە لەعێراقدا کاردەکەن و پتەوکردنی کایە تەندروستییەکانی عێراق و هاوکاریکردنی لە قەڵاچۆکردنی پەتای کۆرۆنا". 

 

ئاماژەبەوەشکراوە، گفتوگۆکانی هەردوولا لەڕێگەی تیڤی کۆنفرانسەوە دەبێت، هەر  گەڕێکی دانیشتنێکیش لە نێوان دوو بۆ سێ کاتژمێر دەخایەنێت.

 

کوشتنی قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقى قودسى سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە لەسەرەتای ساڵی 2020دا لەشاری بەغدا، ئێران و لایەنە سیاسییە شیعییەکانی عێراقی توڕە کرد، بۆیە وەک کاردانەوەیەک لەسەر ئەو ڕووداوە بەزەبری لایەنە شیعییەکان پەرلەمانی عێراق لەکۆبوونەوەیەکدا لە5ى کانوونی دووەمی ڕابردوودا دەنگیان بە پڕۆژە یاسای دەرکردنی هێزە بیانییەکاندا لەعێراق.