گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستیی سلێمانی: کێشەی کەمی ئۆکسجینمان هەیە

2020.06.07 - 18:02
App store icon Play store icon Play store icon
تەندروستیی سلێمانی: کێشەی کەمی ئۆکسجینمان هەیە

ناس کورد-

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕەتیدەکاتەوە بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە هیچ توشبوویەکی کۆرۆنا گیانیلەدەستدابێت و دەشڵێت، کێشەی کەمی ئۆکسجینیان هەیە و لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە "تەنها 50 ئامێری هەناسەدانی دەستکردیان بۆ توشبووانی کۆرۆنا هەیە".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

د. هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن ئەمڕۆ چەند نەخۆشێکی کۆرۆنا بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە لە سلێمانی گیانیانلەدەستداوە دوورە لەڕاستییەوە".

 

وتیشی، ئەو نەخۆشانە باری تەندروستیان ناجێگیر بووە و چارەسەریان نەماوە بۆیە گیانیانلەدەستداوە، نەوەک بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە.

 

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد: "ڕاستە کێشەی کەمی ئۆکسجینمان لەهەموو سلێمانی هەیە، نەک تەنها لە نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا، چونکە کارگەیەکی حکومی و کارگەیەکی ئەهلی هەیە کە ئۆکسجین بۆ سەرجەم نەخۆشخانەکان دابین دەکەن، نەک تەنها بۆ نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا".

 

هێرش سەلیم روونیکردەوە : "داوایان لە پارێزگاری سلێمانی کردووە هەوڵبدەن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و نوسراویشیان بۆ ئەو کارگەیە کردووە کە لەم ماوەیەدا ئۆکسجین تەنها بۆ نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا دابین بکات و چاوەڕوانی وەڵامن".

 

لەئێستادا کۆی گشتیی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە هەزار و 222 کەس، لەنێویاندا 24 مردن هەیە و 448 توشبووش چاکبوونەتەوە، 750 توشبووش لە نەخۆشخانەن و لەژێر چاودێریدان لەو ژمارەیەش زیاتر لە 500 توشبوویان لەسنوری پارێزگای سلێمانین.

 

هێرش سەلیم  باسی لەوەکرد، لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا 50 ئامێری هەناسەدانی دەستکردنیان هەیە و ڕاستە ئامێرەکانی هەناسەدانی دەستکرد کەمە، چەندین جار داوایان کردووە بۆیان دابین بکرێت، بەڵام بێ وەڵام بووە، لەمکاتەشدا هێنانی ئەو ئامێرە لە دەرەوەی وڵات قورسە و ماوەیەکی زۆریشی پێدەچێت.

 

جەختیشیکردەوە، لە هەموو دنیادا، %70ی ئەوانەی دەخرێنەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردەوە گیانلەدەستدەدەن، چونکە ئەوە دوا قۆناغ و کۆتا چارەسەرە و ئەگەری ڕزگاربوونی توشبووەکە کەمە، بۆیە باشترین چارەسەر خۆپاراستنی هاووڵاتیان و پابەندبوونیانە بە ڕێنماییە تەندروستییەکان. 

 

ئەمڕۆ (یەکشەممە) وەزارەتى تەندروستى هەرێم راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد "چوار تووشبووی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوی COVID19 گیانیان لە دەستدا کە پیاوێك و سێ ئافرەتن و دانیشتووی ناو شاری سلێمانین".