گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پزیشکانی مانگرتوو بۆ بەشێک لە بەرپرسانی تەندروستی: کۆتا جارتان بێت ئەو کارە بکەن

2020.06.07 - 16:59
پزیشکانی مانگرتوو بۆ بەشێک لە بەرپرسانی تەندروستی: کۆتا جارتان بێت ئەو کارە بکەن

ناس کورد-

پزیشکانی مانگرتوو لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پەیامێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، هەندێک لە بەرپرسانی ئیدارەی تەندروستیی هەڕەشەیان لێکردوون بەهۆی مانگرتنیانەوە، دەشڵێن، کۆتا جاریان بێت ئەو کارە بکەن، ئەگەرنا گۆڕینی ئەوان دەکەن بە بەشێک لە داواکانیان.

 

ئەمڕۆ (یەکشەممە، 7ی حوزەیرانی 2020)،  پزیشکانی مانگرتوو لە سنوری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین پەیامێکی ئاگادارکردنەوەیان ئاڕاستەی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت کرد.

 

لە پەیامەکەدا هاتووە:" بەڕێزان وەک ئاگادارن لە ڕۆژی (شەممە، 6ی حوزەیران)ەوە، بایکۆتی نەخۆشخانەکانمان کردوە بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانمان، ئەوەش لەبەر ئەوەی کە تاکە سەرچاوەی داهاتمان بریتییە لەو مووچەیە جیاواز لە پزیشکانی پسپۆڕ، لە کاتێکدا ژیانی خۆمان و کەسوکارمان بە بارێکی ئابووری سەختدا تێپەڕ دەبێت و لە وەها ژینگەیەکدا ناتوانین بەردەوامی بدەین بە پرۆسەی فێربوون لە سەنتەری نەخۆشخانەکان، بۆیە بە ناچاری بایکۆتی دەواممان کردووە".  

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە: "هەر لەو ڕووانگەیەشەوە لە ئامۆژگارییەکانی سەروو خۆمانمان ڕووانیوە لە پزیشکانی پسپۆڕ و سەرۆک بەش و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکان کە هەمیشە داوای بەردەوامیدانتان کردووە بە خوێندن سەرەڕای بارودۆخە سەختەکان، بەڵام لە ئێستادا بەداخەوە هەندێک دەستەواژە و شێوازی مامەڵەکردن دەبینین لەگەڵماندا کە نەک لەم بارودۆخە سەختەدا باری سەرشانمان سوک ناکەن بەڵکو گرانتری دەکات".

 

ئەو پزیشکانە لە پەیامەکەیاندا رونیانکردۆتەوە :"بۆیە ناچارین ئەم ئاگادارکردنەوەیە بڵاوبکەینەوە  و سەرەڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ زۆربەی زۆری بەڕێوەبەر و سەرۆک بەشەکان بۆ تێگەیشتنیان لە باروودۆخمان، بەڵام داوا لە بەشێکی کەمی بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و سەرۆک بەشەکان دەکەین کە وەک لەم بارودۆخەدا هاودەنگ نین لەگەڵمان و لەبەر شوێنکاری ئیدارییان ناتوانن بە ئاشکرا پاڵپشتیمان بکەن و ئێمەش لەو ڕوانگەوە لە بابەتەکە گەیشتووین، بەڵام با نەبنە دژمان و نابەرپرسیارانە هەڵسوکەوت نەکەن".

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە: " لە کاتێکدا ئێمە فشار دەکەین بۆ وەرگرتنی مافی ئەوان بەخۆمانەوە، بەڵام بە داخێکی زۆرەوە کەوتوونەتە هەڕەشە و گووڕەشە لە پزیشکانی هاوپیشەیان، بۆیە داوایان لێدەکەین کۆتا جاریان بێت ئەو هەڵوێستانە بنوێنن و بە پێچەوانەوە گۆڕینی ئەوان دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە داواکاری مووچەی ئەم مانگەمان و تکادەکەین ناچارمان نەکەن بەو کارە".

 

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی دواکەوتن و پێنەدانی موچەکانیان، دوێنێ (شەممە، 6ی حوزەیرانی 2020)، بەشێک لە پزیشکان لە هەرێمی کوردستان مانگرتنیان لە کارکردن ڕاگەیاند و داوای موچەکانیان دەکەن.