گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بەمشێوەیە بێت کارەسات ڕوو دەدات’’

تەندروستى هەرێم لە ناس کوردەوە باسى هەڵکشانى ئامارەکانى مردن بە کۆرۆنا دەکات

2020.06.07 - 14:14
تەندروستى هەرێم لە ناس کوردەوە باسى هەڵکشانى ئامارەکانى مردن بە کۆرۆنا دەکات

ناس کورد-

وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر ئامارى مردن بە کۆرۆنا بەم شێوەیە لە بەرزبوونەوەدا بێت کارەسات ڕوودەدات، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بەوەدەکات کە دوو ڕۆژە خەڵک زیاتر پابەندى ڕێوشوێنەکانە و دوو بۆ سێ هەفتەى دیکە کاریگەرییەکەى دەردەکەوێت.

 

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، پێنج چوار توشبووى کۆرۆنا لە سلێمانى گیانیان لەدەستداوە، بەوەش ئامارى مردن بەکۆرۆنا بۆ 24 کەس بەرزبووەتەوە.

 

محەمەد قادر، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "ئامارى مردن بە کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان 2%ی ژمارەى توشبووانە، ئەگەر ئامارەکە رۆژانە بەم شێوەیە بەرزبێتەوە کارەسات روودەدات".

 

بەشێک لەو توشبووانەى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان گیانیان لەدەستداوە، نەخۆشى درێژخایەنیان هەیە، بەڵام بەوتەى بەرپرسانى وەزارەتى تەندروستى هەڵگرى ڤایرۆسەکەن و لەسەر توشبووانى کۆرۆنا هەژمار دەکرێن.

 

محەمەد قادر وتى، "لەسەرتاسەرى جیهان ئەوانەى نەخۆشى درێژخایەنیان هەیە، زیاتر مەترسی مردنیان لەسەرە، بەڵام کە دەمرن لەسەر کۆرۆنا هەژمار دەکرێن".

 

رونیشیکردەوە، "ناتوانین بڵێین ئەو ڤایرۆسەى کوردستان ئاستى کوشندەیی زیاترە یاخود نا، بەڵام ڤایرۆسەکە هەمان ڤایرۆسە کە لە وڵاتانى دیکە هەیە".



بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، کۆى توشبووانى کۆرۆنا لە هەرێم لە ئێستادا هەزار و 222 کەسن، کە 448 کەسیان چاکبوونەتەوە و 750 کەسیان لە نەخۆشخانەن، 24 کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە.

 

وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى باسى لەوەکرد، ماوەى دوو رۆژە خەڵک زیاتر پابەندى رێنماییەکانن و خۆیان دەپارێزن، ماوەى دوو بۆ سێ هەفتەى دیکە کاریگەریی ئەوە دەردەکەوێت، چونکە توشبووەکانى ئێستا بەرکەوتەى مانگێک لەمەوبەرن.