گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دەنگی بەسەر ترەمپدا بەرزکردەوە’’

وەزیری بەرگری و سەرۆکى ئەرکانی ئەمریکا داوای ترەمپیان بۆ بڵاوەپێکردنی سوپا ڕەتکردەوە

2020.06.07 - 08:53
وەزیری بەرگری و سەرۆکى ئەرکانی ئەمریکا داوای ترەمپیان بۆ بڵاوەپێکردنی سوپا ڕەتکردەوە

ناس كورد-

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لەزاری بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە (پنتاگۆن) ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا داوای بڵاوەپێکردنی 10 هەزار سەربازی کردووە لە واشنتنی پایتەخت و ئەو شارانەى کە هەفتەى ڕابردوو خۆپیشاندانیان تێدا کرا، بەڵام مارک ئەسپەر، وەزیری بەرگری و مارک میلی، سەرۆکى دەستەى ئەرکانی سوپا داواکەیان ڕەتکردووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەى خۆپیشاندانێکی فراوان واشنتن و چەند شارێکی ئەمریکی و ئەوروپی گرتەوە لەدژی ڕەگەزپەرستی و توندوتیژی پۆلیس.

 

هاوکات گۆڤاری نیویۆرکەر لە زاری سەرچاوەیەکی کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە، دەنگەدەنگ و دەمەقاڵێ لەنێوان ترەمپ و جەنەڕاڵ مارک میلیدا دروست بووە.

 

گۆڤارەکە دەڵێـت، میلی دەنگی بەسەر ترەمپدا بەرزکردووەتەوە و ڕەتیکردووەتەوە سوپا لە شەقامەکانی شارەکانی ئەمریکا بڵاوبکاتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان بەو پێیەی کارێکی نایاساییە و دژی دەستورە.

 

لەلایەکی ترەوە، ئادەم شیف، سەرۆکى لیژنەى هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکی دەڵێت، تاوانی کوشتنی جۆرج فلۆید ڕاستییەکی تاڵی ئاشکراکرد لەبارەى دەمارگیری ڕەگەزی لەدژی ئەمریکییە ڕەشپێستە بە ڕەسەن ئەفریقییەکان.

 

هاوکات وەزیری پێشووی بەرگری و دەیان بەرپرسی سەرباری لە پەیامێکی هاوبەشدا سەرۆکی ئەمریکایان بە ناپاکی لە سوێند و دەستوری ئەمریکا تۆمەتبار دەکەن بەوپێیەی داوای بڵاوەپێکردنی سوپای کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەکان.

 

لە بەرانبەردا، ترەمپ داوای لە حاکمی ئەو ویلایەتانە کرد کە خۆپیشاندانیان تێدایە دەست بگرن بەسەر شەقامدا و کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن.

 

ژمارەیەکی زۆر خەڵکی لە ڕژانە سەر شەقامەکانی واشنتن و داوای وەستاندنی توندوتیژییەکانی پۆلیس و چاککردنی سیستمی دادی تاوانکارییان کرد.