گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستیی جیهانی: پێشبینی دەکەین عێراق 100 هەزار حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆماربکات

2020.06.06 - 23:19
تەندروستیی جیهانی: پێشبینی دەکەین عێراق 100 هەزار حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆماربکات

ناس کورد-

نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەعێراق، نیگەرانی خۆی دەربارەی بەردەوامبوونی هەڵکشانی ژمارەی توشبووانی پەتای کۆرۆنا لەعێراقدا نیشاندا و دەڵێت، پێشبینی دەکەن لە داهاتوودا ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بەڤایرۆسەکە 100 هەزار حاڵەت تۆماربکات.

 

ئەمڕۆ شەممە 6ى حوەزیرانی 2020، ئەدهەم ئیسماعیل، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەعێراق لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "ئیخبارییە"ی عێراقی، نیگەرانی خۆی بەرامبەرهەڵکشانی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا  لەعێراقدا نیشاندا و ڕایگەیاند: " گۆێنەدان و گاڵتەکردن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەلایەن عێراقییەکانەوە وایکردووە بگەین بە خاڵی پێش هەرەسهێنانی دۆخی تەندروستی لە وڵاتدا".

 

وتیشی:  "عێراق لەئێستادا کەوتووەتە نێوان یەکتربڕێکی مەترسیدارەوە، بۆیە دەبێت عێراقییەکان خۆیان یەکلایی بکەنەوە ".

 

 ئاماژەی بەوەشکرد: "تێکرای ژمارەی مردن بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەعێراقدا 3%یە و ئەوەش کەمترە لەتێکڕای ژمارەی مردوان بە نەخۆشییەکە لە جیهاندا".

 

نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق، هۆشداریشیدا لە فەرامۆشکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و بەرگرتن لەبڵاوبوونەوەی پەتاکە لەعێراقد کە ئەوەش وادەکات لەداهاتوودا ژمارە توشبووان بە نەخۆشییەکە بگاتە 100 هەزار حاڵەت.

 

لەئێستادا ژمارەی توشبووان بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەعێراقدا 11 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 300 کەس گیانیانلەدەستداوە.