گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت چارەنوسی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا بەکوێ دەگات؟

2020.06.06 - 19:34
لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت چارەنوسی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا بەکوێ دەگات؟

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغدا ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان سورە لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی درێژخایەن و کۆنکرێتی لەگەڵ بەغدا، پەرلەمانتارێکی کوردیش لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە و  دەبێت پێش کۆتایی ئەم مانگە بگەن بەڕێککەوتێکی کۆتایی.

 

لەچەند مانگی ڕابردوودا چەند گەڕێکی دانووستانی چڕ دەربارەی پرسی نەوت و موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا کرا، بەوتەی بەرپرسانی هەرێم، دانوستانەکانی پێش جەژنی ڕەمەزان تاڕادەیەک بەرەوپێشەوەچوونیان بە خۆیانەوە بینیوە، ئەوەشی باس دەکرێت، ڕەنگە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت زیاتر عێراق هان بدات بۆ ڕێککەوتن.

 

فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغدا لەوبارەیەوە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بڕیارە لەداهاتوویەکی نزیکدا شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێتەوە بەغدا بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی، بەڵام تائێستا وادەکە دیارینەکراوە".

 

دەربارەی دواخستنی وادەی سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کە دەبوایە پاش کۆتایی چەژنی ڕەمەزان بوایە، عیسا وتی: " دواخستنی سەردانەکەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا لەسەر داواکاریی حکومەتی عێراقی بووە، داوایان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو لە دوای تەواوکردنی کابینەکەی کازمی و دیاریکردنی وەزیری نەوت لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە شاندەکەی هەرێم جارێکی دیکە سەردانی بەغدا بکاتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان".

 

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە گوایە هەرێمی کوردستان پاش بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەبازارەکانی جیهاندا پێدەچێت لەڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا پاشگەزبێتەوە، نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغدا وتی: "هەرێمی کوردستان سورە لەسەر واژۆ کردنی ڕێککەوتنێکی درێژخایەن و کۆنکریتی لەگەڵ بەغدا".

 

عیسا، جەختلەوەشکردەوە: "کاتێک نرخی نەوت 61 دۆلار بوو حکومەتی هەرێم هەوڵی ئەوەی داوە ڕێککەوتنی دارایی و نەوتیی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکات، نەک ئێستا، بۆیە ئەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پاشگەز دەبێتەوە دورە لەڕاستیەوە و هیچ بنەمایەکی نییە".   

 

 لە ڕۆژی 24ی ئایاری مانگی ڕابردوو حکومەتی عێراق بڕی 400 ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرد وەزارەتی دارایی عێراقیش ڕایگەیاند، دەبێت نوێنەرانی حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم لە مانگی حوزەیراندا کۆبوونەوەی چڕ بکەن و پێویستە 30 ڕۆژ لەدوای بەرواری ناردنی پارەکەوە بگەن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، جەختیشکردەوە، بەر لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی و هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بۆ هەرێم خەرج ناکرێت.

 

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەربارەی گەڕی گفتوگۆکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی بە ناس کوردی وت: " پاش ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمان دەنگی لەسەر تەواوکردنی کابینەکەی کازمیدا بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندی دانوستکاری هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات".

 

 بەبڕوای شیروان میرزا، پاش بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی 40 دۆلار گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا زیاتر گڕوتین بەخۆیانەوە دەبینن بەتایبەتی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کە ئەوەش وادەکات بەزووترین کات بگەن بەڕێککەوتنی کۆتایی. 

 

پەرلەمانتارەکەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا حکومەتی هەرێم خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شاندەکەی ڕەوانەی بەغدا بکات و هیچ کێشەیەکیش لەو بارەیەوە لەئارادا نییە. 

 

میرزا ئەوەشی ڕوونکردەوە: "دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش کۆتایی مانگی حوزەیران ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی واژۆ بکات بۆ ئەوەی ئەو ڕێککەوتنە ببێت بە بەشێک لە بودجەی گشتی ساڵی 2020ی عێراق کە بڕیارە لەکۆتایی ئەم مانگە حکومەتی عێراق پڕۆژە یاساکە ڕەوانەی پەرلەمان بکات بۆ پەسەندکردنی".

 

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هۆشداریشدا لە ئەگەری نەگەیشتنی هەرێمی کوردستان بەڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا بەوەی کە موچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم و و ئابوری کوردستان دوچاری گرفتێکی نەخوازراو دەبێتەوە.

 

میرزا وتیشی: "ھەولێر و بەغدا لەسەر زۆربەی پرسەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بەڵام ھێشتا ڕێککەوتنی کۆتایی ماوە و ئێمە گەشبینین لە ئایندەیەکی نزیکدا واژۆ بکرێت، کە من پێشبینی دەکەم لەم مانگەدا ڕێککەوتنی کۆتایی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی  ناوەندا واژۆبکرێت."