گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دڵۆپێک لە دەریایەکدا…

فەیسبوک و ئینستاگرام هەندێک ئەکاونتی ساختەی کوردستان دادەخەن

2020.06.06 - 15:53
فەیسبوک و ئینستاگرام  هەندێک ئەکاونتی ساختەی کوردستان دادەخەن

بەدواداچوونی تایبەت - ئالان م-نوری

کۆمپانیای زەبەللاحی فەیسبوک کە خاوەنی پلاتفۆرمی سۆسیال میدیای هەرەناسراوی فەیسبوکە و، بۆ گەلێک لە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت، بەتەواوەتی جێی هەموو ئینتەرنێتی گرتووەتەوە. بۆ گەلێک خەڵک کە شارەزای رێدۆزینەوەی خۆیان نین لەسەر ئینتەرنێت، هەموو چالاکییەکی رۆژانەیان لە فەیسبوکەوە دەست پێدەکات و گەر لە فەیسبوکیش دەرچن ئەوا لە ڕیی فەیسبوکەوە دەچنە سەر هەر سایتێکی دیکە لە ئینتەرنێتدا. لەپاڵ ئەمەشدا کۆمپانیای فەیسبوک خاوەنی پلاتفۆرمی ئینستاگرام و واتساپیشە کە ئەوانیش بلیۆنەها بەکارهێنەریان لە جیهاندا هەیە.

 

دوای ئەوەی دەزگا هەواڵگیرییەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە پلاتفۆرمی فەیسبوک بە تایبەتی و ئەودوای پلاتفۆرمەکانی سۆسیال میدیا لە هەڵمەتی هەواڵگیریی ڕویدا سەرکەوتووانە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵێ 2012ی ئەمریکادا کاریان کرد و ئەو توانایەیان لە چەندین وڵاتی ئەوروپادا بەکار هێنا بۆ گۆڕینی ڕای گشتی و ئاکامی هەڵبژاردنەکان بە بەرژەوەندیی حکومەتی ڕوسیا، لە دوای هەموو ئەمانەوە، کۆنگرێسی ئەمریکا بە مەبەستی بەر گرتن بەو جۆرە کارکردن لە دژی بنەما سەرەکییەکانی دێمۆکراسی وپاراستنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە وڵاتەکەیاندا، خاوەنی فەیسبوک و پلاتفۆرمەکانی دیکەیان بانگهێشتکرد بۆ لێپرسینەوە.

 

دوو بابەتی سەرەکی لە ئەزموونی لێکۆڵینەوە لە رەفتاری سۆسیال میدیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و ئەوروپا سەریان هەڵدا کە سەرەڕای ئەوەی لە ئەکتر جیاوازن، بە گشتی خەڵک لێکیان جیاناکاتەوە. بابەتی بڵاو کردنەوەی درۆ لە لایەک و بابەتی  کارکردن بە لێشاو لە ئەکاونتی ساختەوە لە لایەکی دیکە.

 

لە بەراورد بە پلاتفۆرمەکانی دیکەدا، فەیسبوک و دەستە خوشکەکانی کەمترین ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنی دەسەڵاتە یاساییەکان لە بواری رێگرتن لە درۆ و هەواڵی درۆ لە پلاتفۆرمەکانیاندا. ئەوان پێیان وایە کە پلاتفۆرمەکانیان نابێت هیچ بەرپرسیارییەکیان هەبێت لە ئاکامی شێواندنی بە ئەنقەسدی زانیاری کە خەڵک لە رێی پلاتفۆرمەکەیانەوە ئەنجامی دەدات. هەر بۆیەش نایانەوێت نە ئەرکی ئاگادارکردنەوەی بەکارهێنەران لە هەواڵی درۆ هەستن، چی جای ئەوەی سزای ئەوانە بدەن کە هەواڵ و کۆنتێنتی درۆ بەرهەمدێنن و بڵاوی دەکەنەوە. بۆ بەراورد، پلاتفۆرمی تویتەر کە سەرکیترین رکابەری فەیسبوکە هەفتەی رابوردوو تویتەکانی سەرۆکی ئەمریکای بە هۆشدارییەکەوە بڵاوکردەوە کە ئەوەی دەیڵێت هەڵەیە، یان تویتێکی دیکەی هاندانی خەڵکە بۆ توندوتیژیی رەگەزپەرستییانە.

 

بەڵام فەیسبوک ودەستەخوشکەکانی ئامادەیی باشتریان دەربڕی بۆ بژارکردنی ئەو ئەکاونتانەی کە ساختەن و کاری لێشاو بە مەبەستی بەهەڵەدا بردنی خەڵک و خۆ بە دەزگای هەواڵسازی پیشاندان و بە ساختە بەرزکردنەوەی لاپەڕە و پەیجی تایبەت دروست دەکرێن. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لەدەستدانی پارەو پوولە، بەڵام بە ناچاری فەیسبوک دەیکات تا لەژێر فشاری کۆنگرێسی ئەمریکا دەربچێت و فشاری کۆنگرێسیش یاسای ئەوتۆی لینەکەوێتەوە کە زەرەر بە پارە پەیداکردنی پلاتفۆرمەکانیان بگەیەنێت.

 

لەم چوارچیوەیەدا، سەرەڕای ئەوەی رۆژانە فەیسبوک و دەستەخوشکەکانی چاوپۆشی لە سەدان هەزار ئەکاونت و چالاکیی لەو جۆرە دەکەن کە سەچاوەی داراییەکی باشی کۆمپانیاکەن. بەڵام ناو بە ناویش هەندێک لەو ئەکاونتانە کە زۆر چالاکن و پاش چەندین جار لە سزای بێدەنگ و کورتخایەن هەر بەردەوام دەبن، ئەوجا بە فەرمی و لە راپۆرتێکی مانگانەدا هەواڵی داخستنیان لەپاڵ بڕی ئەو پارەیەی کە لە ئەنجامی ئەو داخستنە زەرەری دەکەن بڵاو دەکاتەوە، تا بیسەلمینن، پێویست بە یاسای نوێ بۆ ناچارکردنیان بەو کارە ناکات، ئەوەتا خۆیان چاودێریی خۆیان دەکەن.

 

ئەم بابەتە، لە راپۆرتی مانگی رابوردووی فەیسبوکدا، بووە مایەی سەرنجی خەڵکی کوردستان چونکە لە راپۆرتەکەدا هەواڵی داخستنی 71 ئەکاونتی ساختەی فەیسبوک و 31 یش لە ئینستگرام راگەییەندرا کە 5 گروپ و 324 لاپەڕەیان هەبووە و 4.4 ملیۆن کەس فۆڵۆوەریان لە فەیسبوک و 22600 ش لە ئینستگرام هەبووە و تا ئێستە 270 هەزار دۆلاریان لە کڕینی ریکلامدا داوە بە فەیسبوک. ئەم ئەکاونتانەش، بەپێی راپۆرتەکەی فەیسبوک هەمووی دەگەڕێنەوە بۆ دەزگای زانیاریی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

 

بۆ ئەوانەی کە لە نزیکەوە ئاگاداری حاڵی دەستێوەردانی پلاتفۆرمەکانی سۆسیال میدیان لە کوردستاندا، ئەمەی بڵاوکراوەتەوە کە نزیکەی 100 ئەکاونتە، دڵۆپێکە لە دەریایەک. بەپێی یەکێک لە هەڵسوڕاوانی ئەم بوارە، تەنها یەک کەس لە کارگێڕانی ئەم جۆرە سوپا ئەلەکترۆنییانە بە تەنها لەوانەیە کنترۆڵی ژمارەیەکی وەها ئەکاونتی ساختە بکات.

 

فەیسبوک لە میانەی راپۆرتەکەیدا دەڵێت ئامانجیان لەم جۆرە هەڵمەتە ئەوەیە کە داتاکانیان بەردەست بێت بۆ دەسەڵاتە یاسا دانەر و پۆلیسی وڵاتان تا ئەوان، لە رێی گونجاندنی یاساکانیان یان بە مۆدێرنکردنی پۆلیسیان، سنوور بۆ ئەم جۆرە چالاکییان دابنێن. ئاشکراشە کە هەریەکێک لەم ئەکاونتانە سەرەڕای ئەوەی دەمێکە دەستنیشانکراون لە لایەن فەیسبوکەوە، پاش ماوەیەکی زۆر لە کار کارکردن ئینجا داخراون. واتا فەیسبوک بۆ ئارایشتی وێەنی خۆی نەبێت، لە بریی دەزگا یاسادانەری وڵاتان بەو کارە هەڵناستێت.

 

خەڵکێکی زۆر لە هەوادارانی ئەکێتی و دەزگای زانیاریی یەکێتی نیگەرانن لەوەی فەیسبوک تەنها ئەوانی ناوبردووە، وەک ئەوەی لایەن و دەزگای دیکە شەریفی مەککە بن، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە فەیسبوک تەنها بۆ مەبەستی ئارایشتی کارەکانی ئەوەی کردووە و راپۆرتەکەی بەڵگەی پاکتاوکردنی فەیسبوک نییە لە هەموو ئەکاونتە ساختەکانی کوردستان و عێراق. ئەو کارە دەبێت بەشێک بێت لە فشاری خەڵک لە گشت هەرێمی کوردستان و عێراقدا بۆ بەدیهێنانی لانی کەمی دێمۆکراسی و سەروەریی یاسا و یاسای هاوچەرخ و دێمۆکراسی.