گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواى زیادبوونى ژمارەى توشبووانى کۆرۆنا

نوسینگەى سیستانى پەیامێک ئاڕاستەى هاوڵاتییان دەکات

2020.06.06 - 09:19
نوسینگەى سیستانى پەیامێک ئاڕاستەى هاوڵاتییان دەکات

ناس کورد-

نوسینگەى عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعەکان لە عێراق داواى لە هاوڵاتییان کرد پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە بۆ ئەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا زیاتر بڵاونەبێتەوە.

 

نوسینگەکە ئەمڕۆ شەممە لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "لەم رۆژە سەختانەدا کە کۆرۆنا بەخێرایی بڵاودەبێتەوە بەتایبەتى لە بەغدا، جارێکى تر داوا لە هاوڵاتیان دەکەین زیاتر ئاگاداربن، پابەندبن بە رێوشوێنە خۆپارێزگاییەکانەوە کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەخرێتەڕوو، خۆیان بەدووربگرن لە تێکەڵبوون لەگەڵ کەسانى دیکە و دورى نێوانیان بپارێزن و دەمامک بکەن و دەستەکانیان بشۆن".

 

جەختیشیکردووەتەوە، پابەندبوونى توند بەو رێوشوێنانە دەبێتە هۆى سنوردارکردنى بڵاوبوونەوەى پەتاکە وەک پسپۆڕان باسى دەکەن.

 

نوسینگەى سیستانى باسى لەوەشکردووە، هاوکارى هاوڵاتیان لەو بارەیەوە رۆڵى گرنگى هەیە و کارێکى پێویستە بەتایبەتى کە وڵات بەدەست کەمى تواناى تەندروستییەوە دەناڵێنێت.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، دوێنێ وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق تۆمارکردنی زیاتر لە هەزار حاڵەتی نوێی کۆرۆنا و گیان لەدەستدانى 14 توشبووى ڕاگەیاند.

 

بەگوێرەی ئامارەکان، لەئێستادا کۆی گشتیی توشبووان گەیشتووەتە نۆ هەزار و 846 حاڵەت و نزیکدەبێتەوە لە 10 هەزار کەس، لەو ژمارەیەش چوار هەزار و 573 توشبوو چاکبوونەتەوە و 285 توشبووش گیانیانلەدەستداوە.