گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تورکیا ناحیەیەکی هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات

2020.06.06 - 00:06
تورکیا ناحیەیەکی هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات

ناس کورد-

 

درەنگانی ئەمشەوی هەینی لەسەر شەممە سوپای تورکیا بە فڕۆکە دەستیکردوە بە بۆردومانکردنی سنوری ناحیەی سیدەکانی سەر بەقەزای سۆران و موختاری یەکێک لە گوندەکانی ئەو سنورەش دەلێت، بەهۆیەوە ئاگر لە ڕەز و باخی بەشێک لە هاووڵاتیان بەربووە، بەڵام بەهۆی بەردەوامی بۆردومانەکەوە ناتوانن بچن بیکوژێننەوە.

 

جەلال عوزێر، موختاری یەکێک لە گوندە سنوریەکانی سیدەکان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "  دوو فڕۆکەی جەنگی تورکیا لەسنووری برادۆست بۆردمانی نزیک گوندی لێلکان و چیادێل و گەلی ڕەش و گەروا زرارا دەکەن و تائێستاش بۆردومانەکە بەردەوامە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد:" بەهۆی بۆردومانەکەوە دانیشتوانی گوندی لێلکان تووشی ترس و دڵە ڕاوکێیەکی زۆر بوون".

 

ئەو موختارە ڕونیشیکردەوە، بەهۆی بۆردومانەکەوە پوش و پاوان و ڕەزو باغی هاوڵاتیان ئاگری تێپەربووە و دەسوتێت، بەڵام هاووڵاتیان و تیمەکانی بەرگری شارستانیی سۆران بەهۆی بەردەوامی بۆردومانەکەوە ناتوانن بچن ئاگرەکە بکوژێننەوە.

 

بەپاساوی بوونی بنکەو بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سوپای تورکیا ناوە ناوە، ئاسمانی هەرێمی کوردستان دەبەزێنێت و بۆردومانی گوند و ناوچە سنوریەکان دەکات، بەهۆیەشەوە سەدان گوند لەسنوری قەزاکانی سوران، چۆمان، ڕواندزو مێرگەسۆر چۆڵکراون.