گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

جوڵانەوەی نوجەبا: مانەوەی سوپای ئەمریكا سوكایەتییە بەسوپای عێراق

2020.06.05 - 23:18
جوڵانەوەی نوجەبا: مانەوەی سوپای ئەمریكا سوكایەتییە بەسوپای عێراق

 

ناس کورد-

 

جوڵانەوەی نوجەبای عێراقی ڕایدەگەیەنێت، شەرمە بۆ ئەو لایەنە سیاسییانەی كە نوێنەرایەتیان لەپەرلەمان هەیە و مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەپێویست دەزانن، دەشلێت مانەوەی ئەمریكا سوكایەتیە بەسوپا.

 

نەسر شەمەری، وتەبێژی جوڵانەوەی نوجەبای عێراقی لەتوێتێكی دا لەهەژماری توێتەرەكەی ڕایگەیاندووە، شەرمە بۆ هەر لایەنێكی سیاسی کە فراكسیۆنی پەرلەمانی هەیە و خۆی بەنوێنەری ژمارەیەك لەخەڵكی دەزانێت و قسە لەسەر پێویستی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراقدا دەكات.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئەوانەی كە لەرزۆكی خۆیان لەژێر سایەی دەوڵەتانی داگیركەردا شاردووەتەوە نوینەرایەتی خەڵكی ناكەن و شەرعیەتیان نیە و بڕوایان بەسەربەخۆی عێراق نیە، لەكاتێكدا كە سوپاكەی دەتوانێت بیپارێزێت.

 

دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمریكاوە لەسەرەتای ئەمساڵەوە، لەكاردانەوەیەكدا ژمارەیەك لەلایەنی سیاسی شیعە لەپەرلەمانی عێراقەوە بڕیارێكیان پەسەند كرد بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق، بەڵام تائێستا نەتوانراوە بڕیارەکە جێبەجێبكرێت و وابڕیارە چەند ڕۆژێكی تر زنجیرەیەك دانوستانی گرنگ لەنێوان ئەمریكا و عێراقدا بەرێوەبچێت كە لەناویاندا تاوتوێكردنی پرسی مانەوە هێزەكانی ئەمریكایە لە عێراق