گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق گرێبەستێكی وزە لەگەڵ ئێران درێژدەكاتەوە

2020.06.05 - 20:05
عێراق گرێبەستێكی وزە لەگەڵ ئێران درێژدەكاتەوە

 

ناس کورد-

 

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق ڕایدەگەیەنێت، گرێبەستەكەیان بۆ هاوردەكردنی كارەبا لەوڵاتی ئێرانەوە بۆ دوو ساڵی تر درێژكردووەتەوە و چەند پرۆژەیەكی تریشیان بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ چەند وڵاتێكی دراوسێدا بۆ دوای كۆتاییهاتنی قەیرانی كۆرۆنا دواخستووە.

 

ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق بەئاژانسی هەواڵی سپۆتینگی ڕووسی ڕاگەیاندووە، هاوردەكردنی كارەبا بۆ دوو ساڵی تر واتا لە 2020ەوە بۆ 2021 لەئێرانەوە درێژ دەكرێتەوە لەڕێگەی هەمان هێڵی ئێرانیەوە كەبڕەكەی  دەگاتە 1100 بۆ 1200 میگاوات.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، درێژ كردنەوەی گرێبەستەكە بۆ ماوەی دوو ساڵی تر بەپێی ئەو بڕە  پارەیە كە لەبودجەی فیدراڵیدا بۆ وەزارەتی كارەبا تەرخانكراوە.

 

لەبارەی هاوردەكردنی كارەبا لەوڵاتی سعودیە كە بەپێی ڕێکكەوتنێكی نێوان هەردوو وڵات بڕیاری لەسەر درابوو، وتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبای عێراق ڕوونیكردووتەوە، وابڕیاربوو مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بچیتە بواری جێبەجێكردنەوە و بڕی 500 میگاوات كارەبا بگاتە پارێزگاكانی باشوور، بەڵام بەهۆی دۆخی قەیرانی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە جێبەجێكردنی ڕێكکەوتنەكە دواخراوە.

 

موسا باشی لەوەش كردووە، دوای كۆتایهاتنی قەیرانی كۆرۆنا پلانیان هەیە پڕۆژەی ستراتیژی گرنگ بۆ هاوردەكردنی كارەبا لەئوردن و توركیادا بخەنە بواری جێ بەجێ كردنەوە.