گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەمزووانە لەگەڵ کازمى کۆدەبنەوە

لیژنەى دارایى باس لە چارەسەرى قەیرانى دارایى دەکات بۆ پاراستنى موچەى فەرمانبەران

2020.06.05 - 15:50
لیژنەى دارایى باس لە چارەسەرى قەیرانى دارایى دەکات بۆ پاراستنى موچەى فەرمانبەران

ناس کورد-

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاشکرایکرد لەداهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران، وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی عێراق کۆدەبنەوە بۆ پێشکەشکردنی 10 بژاردە لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و دەستکارینەکردنی موچەی فەرمانبەران.

 

ئەمڕۆ (هەینی، ٥ى حوزەیرانی 2020) ماجد وائیلی، ئەندامی لیژنەی دارایی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق، ڕایگەیاند :"کۆمەڵێک ڕێکار و بژاردە هەیە لەبەردەم حکومەت کە دەتوانێت لەڕێگەیەوە داهاتەکانی زیاد بکات و ئەم قەیرانەش چارەسەر بکات بەبێ ئەوەی دەست بۆ موچەی فەرمانبەران ببات".

 

ئەو  پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکرد "حکومەت دەتوانێت لەڕێگەی زیادکردنی نرخی ئەو نەوتەی کە بە پاڵاوگەکانی دەفرۆشێت  کە لەئێستادا نرخی بەرمیلێک بە پێنج دۆلار دەکڕن و ڕۆژانەش ملیۆنێک بەرمیل لەوەزارەتی نەوتی عێراق دەکڕن زیاتر لە٥٥ ملیۆن دۆلاری دیکەی دەست بکەوێت".

 

وائیلی، رونیکردەوە" حکومەت  بەو داهاتە دەتوانێت بەڕێژەی 50% داهات بۆ خەزێنەی وڵات فەراهەم بکات".

 

ئەو پەرلەمانتارە باسی لە بژاردەیەکی دیکەش کردووە کە ئەویش دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی نرخی کرێی موڵکەکانی حکومەتە بەتایبەتی لەناو جەرگەی شاری بەغدا کە لەئێستادا بەکرێیەکی زۆر سادە و هەرزان دراوە بە خەڵک کە هەندێکیشیان هەر لەبنەڕەتدا کرێ نادەن بە حکومەت".

 

وائیلی، وتیشی : "لە داهاتوویەکی نزیکدا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکوەزیران، وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن حکومەتەوە سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی پێشکەش بەپەرلەمان کراوە".

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر، حسێن عیقابی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی نەهجی نیشتیمانی لەڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاندبوو "سەرەڕای بەڵێنەکانی حکومەت لە دەستکارى نەکردنى موچەی فەرمانبەران، بەڵام ترسی ئەوەمان هەیە حکومەت لەبەڵێنەکانی جدی نەبێت".

 

 وتیشی:"دەستبردن بۆ موچەی فەرمانبەران کارێکی ڕەتکراوەیە و کاریگەری خراپیشی دەبێت لەسەر ئابوری عێراق و دۆخی سیاسی  کۆمەڵایەتی وڵاتیش توشی شڵەژان دەکاتەوە".

 

 ئەو پەرلەمانتارە داوای لەحکومەتی عێراق کردبوو لەبری بیرکردنەوە لە دەستبردن بۆ موچەی فەرمانبەران بژاردەی دیکە بەکاربهێنێت کە لەڕێگەیەوە دەتوانرێت چارەسەری قەیرانەکە بکرێت.

 

 عیقابی، ئەو بژاردانەی خستبووە ڕوو کە پێویستە لەسەر حکومەت پەیڕەویان بکات بۆ دەربازبوون لەو کورتهێنانە داراییەی کە بەدەستییەوە دەناڵێنێت وەک "برینی 30%ی موچەی پلە باڵاکان، چاوخشاندنەوە بە مۆڵەتی ڕێککەوتنە نەوتییەکان و کۆمپانیاکانی پەیوەندی،کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان لەڕێگەی فەرمانبەرانی دەستپاکەوە، قەلاچۆکردنی گەندەڵی دارایی ،چاودێرکردنی ڕێککەوتنە داراییەکان و ئابورییەکانى حکومەت لە ناوخۆ ودەرەوی وڵات، کەمکردنەوە و سنوردارکردنی خەرجییەکان، سود وەرگرتن لەو قەبارە نەختینەیەی کە لەلای هاووڵاتیان هەیە بۆ ئەوەی حکومەت پەنا نەبات بۆ قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی و گرنگیدان بە وەبەرهێنان لەبوارەکانی پڕۆژەکانی بەرهەمێنانی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان کە ئەوەش وادەکات حکومەت چیدی  پارەیەکی زۆر بە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە نەدات و هەلی کاریش لە ڕێگەیەوە بۆ گەنجانی عێراق بدۆزێتەوە".  

 

 لای خۆشییەوە عەمار توعمە،سەرۆکی فراکسیونی نەهجی نیشتیمانی لەپەرلەمانی عێراق ژمارەیەک بژاردەی پێسنیارکرد بۆ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت لەڕێگەیەوە لە قەیرانی دارایی دەربازی بێت و زامنی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی حکومەت بکات.

 

ئەو بژاردانەی کە توعمە پێشنیاری کردووە بۆ حکومەت بریتین لە:

 

1-پەیڕەوکردنی پێوەرێکی یەکسان لەلیستی موچەی موچەخوران و نەهێشتنی جیاوازییەکانی نێوان موچەکانیان.

 

 2-هەڵوەشاندنەوەی دەڕماڵە تایبەتمەندییەکانی موچەی بەرپرسان و پلە باڵاکان گواستنەوەی ئەو پارانە بۆ هاوکاریکردنی چینی هەژار و کەمدەرامەتەکان.

 

3-دابەشکردنی سامانی وڵات بەشێوەیەکی دادپەروەرانە.

 

 4-ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەدەروازە سنورییەکان .

 

5-چاوخشاندنەوە بە گەڕی موڵەتدانى گرێبەستە نەوتییەکان بەجورێک کرێی دەستی ئەو کۆمپانیانە کەمبکرێتەو کە لەئێستادا دەگاتە 30%  کە ئەوەش وادەکات عێراق دەیان ترلیۆن دینار لە داهاتی بدات بەکرێی  دەستی ئەو کۆمپانیانە.

 

6-کاراکردنی چاودێری حکومەت  لە بنبڕکردنی گەندەڵی لەژێر هەموو ئەو ناونیشانە تەمومژاوییەی کە ئێستا هەن.

 

7-چاودێریکردن و کۆنتڕۆڵکردنی مەزادی نەختی بیانی.

 

8-پێشکەشکردن و وردبینیکردنی ژمێریاری کۆتایی حەوت ساڵی ڕابردوو کە تائێستا تەواو نەکراوە.

 

9-پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی ، بەگوێرەی ئەو پڕۆژانەی کە دەبنە هۆکاری دروستبوونی هەلی کار وزیادکردنی داهاتی گشتی وڵات.

 

10-چاوخشاندنەوە بە خەرجییەکانی نوێنەرایەتییە دبلۆماتییەکانی عێراق لەوڵاتانی دونیا.

 

11-چاوخشاندنەوە بە ڕێککەوتنی موڵەتدان بەکۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن لەعێراق کە دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە2004 وە ئەنجامیداوە  کە بەگوێرەی داتاکان جیاوازییەکی زۆر هەیە لە داهاتی نێوان ساڵی 2018 و2019  کە مەزەندە دەکرێت بە زیاتر لە 300 ملیار دۆلار کە ڕێژەیەکی دەکاتە 40%.

 

  هاوکات ماجدە تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی عێراق لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی عێراقی وتی : " دەبێت چاو بەڕیزبەندی و پلە بەندی موچەی موچەخۆرانی عێراق بخشێنرێتەوە،  چونکە زۆربەی ئەو یاسایانەی کە لەدوای ساڵی 2003 دانراون  بەشێوەیەکی زانستی نەبووە بەڵکو لە سۆنگەی سۆزەوە دانراون" .

 

دەربارەی موچەی فەرمانبەران، تەمیمی وتی : "کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران تەنها دەنگۆیە، بەشێوەیەکی فەرمی هیچ شتێک لەو بارەیەوە نەگەیشتوەتە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق".