گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کاریگەری بۆ سەر جوڵەی کەشتیوانی دەبێت؟

رونکردنەوەى عێراق لەبارەى ژێرئاوکەوتنى کەشتییە ئێرانییەکە 

2020.06.05 - 11:13
رونکردنەوەى عێراق لەبارەى ژێرئاوکەوتنى کەشتییە ئێرانییەکە 

ناس کورد-

بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەندەرەکانی عێراق ڕایگەیاند، تێکشکاندنی ئەو کەشتییە ئێرانییەی کە لە نزیک ئاوە هەرێمایەتییەکانی عێراقدا  ژێر ئاو کەوت کاریگەری نابێت بۆ سەر جوڵەی کەشتیوانی لەو ئاوانەدا دەشڵێت، خراپ بارکردنی کەشتییەکە هۆکاری نقمبوونى بووە.

 

سەفا عەبدولحسێن، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەندەرەکانی عێراق، لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق ڕایگەیاند :"ژێر ئاوکەوتنی کەشتییەکی ئێرانی بەناوی (بەهبەهان) لەنزیک ئاوە هەرێمایەتییەکانی عێراق لە دەروازەی (خۆر عەبدوڵا)  لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ (هەینی) کاریگەری نابێت لەسەر جۆڵەی کەشتیوانی لەو ئاوانەدا".

 

عەبدولحسێن، وتیشی "کەشتییە ئێرانییەکە بارەکەی پێکهاتبوو لە بابەتی کاشی سیرامیک کە کێشی مەزندە دەکرێت بە زیاتر لە 850 تۆن".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە "پێدەچێت هەڵەکردن لە شێوازی بارکردنی کەشتییەکە هۆکاری سەرەکی ژێر ئاوکەوتنی بێت".  

 

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەندەرەکانی عێراق، ئەوەشی ڕوونکردەوە "تیمەکانی فریاگوزاری عێراق توانیویانە چوار لەئەندامانی کەشتییە ئێرانییەکە ڕزگاربکەن و تەرمی یەکێکیش لە ئەندامی ئەو کەشتییە بدۆزنەوە و تائێستاس دوو ئەندامی دیکەی ئەو کەشتییە بێسەروشوێنن و گەڕان و پشکنینی تیمەکانیش بەدوایاندا بەردەوامە".

 

لای خۆشییەوە کازم حەمامی، وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق، بە میدیاکانى وتووە " کەشتییە ئێرانییەکە لە نزیک دەروازەی خۆر عەبدوڵا  نوقوم بووە، تیمە فریاگوزارییەکانی عێراقیش چون بەهانایانەوە و چواریان لە ئەندامانی کەشتییەکە ڕزگار کردووە و لە ئێستادا  پێنجى تریان بێسەرو شوێنن تیمەکان بەدوایاندا دەگەڕێن". 

 

 ئەمە لەکاتێکدایە کە لە مانگی ئاداری ڕابردوودا کەشتییەکى کرێن بەناوی (سالحییە) بەهۆی هەڵکردنی بایەى توندەوە لەکاتی کارکردنیدا لەنزیک بەندەری ( ئوم قەسر) لە پارێزگای بەسڕە  ژێر ئاوکەوت و تیمەکانی فریاگوزاریش توانیان بە هانای ئەندامانی کەشتییەکەوە بچن و سەرجەمیان ڕزگار بکەن.