گه‌ڕان

Shadow Shadow

بۆچی وەها بە ترەمپیلە کرا؟

2020.06.05 - 09:54

ئالان م. نوری

رۆژی 2ی حوزەیران لە کاتی خۆپیشاندانێکدا دژی سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ، بەبێ مشوورخواردنی بژێویی هاووڵاتیان، لە شاری سلێمانی، دەستەیەک لە خۆپیشاندەران، بەزەبری جنێو و سووکایەتی و خاشاک هەڵدان، شاسوار عەبدولواحید و حیمایەکانیان لە باخی گشتی دەرپەڕاند. رووداوەکە بە مۆبایل گیرابوو و لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیادا، لە چەند لایەکەوە بڵاوکرایەوە.

 

هەرچەندە بە شێوە لە دۆناڵد ترەمپ ی سەرۆکی ئەمریکا ناچێت، بەڵام لەو کاتەوەی شاسوار عەبدولواحید خۆی هەڵداوەتە دەریای سیاسەتەوە، لە چاوی بەندەدا بە "ترمپیلە"یان "ترەمپۆچکە" (واتە بچووککراوەی ترەمپ)ی دەبینم. رەنگە خۆی دڵی بەو ناوە زۆر خۆش بێت چونکە وەک قوتابییەکی گوێڕایەڵی دۆناڵد ترەمپ ویستی لە هەموو شتێکدا لاسایی بکاتەوە...بەڕادەی ئەوەی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیی ترەمپی پێش بوون بە سەرۆکی کردە کوردی و خۆی هەمان رۆڵی ترەمپی لەو بەرنامەیەدا بینی. پلاتفۆرمی سیاسیی ترەمپیلەی کوردستانیش هەر وەک ترەمپ بریتییە لە: من دەوڵەمەندم...دەڵێن بە نایاسایی بووم بەمەی کە هەم، بەڵام کەسیش تا ئێستە نەیسەلماندووە. بووم بە سیاسی چونکە دەمەوێت وەک من هەمووتان دەوڵەمەند بن.

 

نە ترەمپ و نە ترەمپیلە نمونەیەکی دانسقە و دیاردەیەکی تازە نین لە سیاسەتدا. جگە لە دەیان پارەدار و بزنسمان کە سەرکەوتوو نەبوون لە هەڵبژاردندا، وەکو رۆس پیرۆ لە ئەمریکا کە ساڵانی 1992 و 1996خۆی بۆ سەرۆک هەڵبژارد، چەندین نموونەی سەرکەوتوو هەن وەکو سیلڤیۆ بێرلۆسکۆنی کە لە 1994ەوە سێ جار بوو بە سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا و، رەفیق حەریری ی لوبنان  کە ئەویش لە 1992 ەوە تا 1998 پاشان 2000 تا کوژرانی لە 2004دا سەرۆکوەزیرانی لوبنان بوو. لە عێراقیشدا گەر بۆ سپۆنسەرە نێودەوڵەتییەکانی بلوایە، ئەحمەد چەلەبی لە ساڵی 1992 ەوە دانرابوو ببێت بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و ساڵی 2005 گەیشت بە جێگری سەرۆکوەزیران.

 

لەمەوە ئاشکرا دەبێت کە لە سەرەتای نەوەدەکانەوە مەیلێکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ سەرلەنوێ تەماشاکردنەوەی دەوڵەمەندان و هەم لە خۆیان رادەبینن بێنە سیاسەتەوە و هەم خەڵکێکی بەرچاویش لێیان رادەبینێت. ئەوتا خاوەن قومارخانەی دۆڕاوی ئەتلانتیس لە ئەمریکا گەیشت بە کۆشکی سپی کە سومبولی باڵادەستترین هێزی دونیایە. 

 

هەر لەو ماوەیەی کە ئەم جۆرە نوێیە لە سیاسی سەریان هەڵدا فرانسیس فۆکۆیاما کتێبی "کۆتایی مێژوو و دوا ئینسان"ی بڵاوکردەوە و پێدەچوو مانیفێستی ئەو چەپە تەقلیدییە بێت کە بڕیاری دا نێۆلیبرالیزم بەو شێوەیەی کە لە کۆتایی هەشتاکاندا خۆی سەپاند، ئیتر چارەنووسی جیهانە و ملکەچ بوون بۆی تاکە رێگەی مێژووی مرۆڤایەتییە. 

 

سەرهەڵدانی ئەم جۆرە سیاسییانە بەندە بە هەژموونی نیۆلیبرالیزمەوە وەک تاکە فەلسەفەیەکی ئابووریی "باوەڕپێکراو" کە تێیدا بچووککردنەوەی دەوڵەت و کردنی بە خزمەتکاری گەورە دەوڵەمەندەکان و وەلانانی دەسەڵاتی کۆمەڵگا بەسەر چالاکیی ئابووریدا بوو بە وتەی باوی سیاسییەکان و، بە چەپ و بە راستەوە، گەر شتێکی جیاوازیان بگوتبا، ئەوا بە پاشماوەی کۆمۆنیزمی هەرەسهێناو لە قەڵەمدەدران.

 

کەواتە، لە 1990ەکانەوە فەلسەفەی ئیدارەی دەوڵەت لە خزمەتگوزاریی گشتییەوە و خزمەتکاری "میللەت'ەوە بوو بە خزمەتکاریی ئازادیی ئابووری و رزگارکردنی سەرمایەداران لە چاودێری و سنووردانانی کۆمەڵگا. لەو کاتەوە گرتنە دەستی دەوڵەت، بەم فەلسەفە نوێیەوە مانای چاکتر دەوڵەمەندکردنی دەوڵەمەندان بوو. هەر بۆیەش لە کەشوهەوای وادا، مایەی شانازیی خراپترینی بزنسمانەکانە کە ئەوان بێنە دەوڵەت و حوکمڕانییەوە...جا ئەگەر گرتی، ئەوا لە ڕێی دەوڵەت و لابردنی چاودێرییە یاساییەکانی میللەتەوە خۆیان و ئەربابیان دەوڵەمەند دەکەن، ئەگەر نەیگرت ئەوا پرۆفایەلی بەناوبانگییان و پارە پەیداکردنی داهاتوویان بەو هەوڵە بەرز دەکەنەوە قازانج دەکەن.

 

هەر لەبەر ئەمە بێرلۆسکۆنی هاتە دەوڵەتەوە و لە دەوڵەتدا دوور لە چاودیریی گەل خۆی دەوڵەمەندتر کرد. رەفیق حەریری لەڕێی سەرۆکوەزیرییەوە ناوەڕاستی بەیروتی بازرگانیی، بە ناوی بووژادنەوەی لوبنان، کردە موڵکی خۆی. ئەحمەد چەلەبی لە دزێکی داواکراوی ئەنتەرپۆڵەوە بوو بەو سیاسەتمەدارەی کە سەرۆکی وڵاتەکان پێشوازییان دەکرد.

 

بەپێى ئیفادەی پارێزەرەکەی ترەمپ،  مایکڵ کۆهین، کە حوکم دراوە و لەبەر کۆرۆنا لە بەندیخانە دەرکراوە و لەماڵەوە ماوەی زیندانییەکەی تەواو دەکات، وتی کە ترەمپ پێی وانەبوو دەتوانێت ببێت بە سەرۆک بەڵام بە نیاز بوو لەرێی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە بە پارەیەکی زۆر کەم گەورەترین ریکلام بۆ خۆی و بزنسەکانی بکات.

 

ترەمپیلەی خۆشمان، کە رەنگە ئەم بەراوردەی زۆر بەدڵ بێت و پێی خۆش بێت ناوی بچێتە ئەو ناوانەوە،  هەر وەک ترەمپ، لە هەرەتی شکستی، وەک خاوەن بزنسێک، بوو بە سیاسی. ئەوەش پێدەچێت بۆ ئەوەبووبێت کە بەڵکو پرۆفایەلی بەرزی سیاسی و پەیوەندییەکانی دەرەوەی لە زەبری خاوەن قەرز و شەریکە کۆنەکانی بیپارێزێت...بەواتایەکی دیکە سیاسەتمەداری وەک ترەمپ و ترەمپیلە هەڵتۆقاوی زەمانێکی زۆر بێڕێزی بە سیاسی بوون و خزمەتی "گشتی"ن. هەر بۆیەش لای بەندە نە ئەم و نە ئەو رێزێکی ئەوتۆیان نییە…

 

بەڵام…ئەوەی ئەو رۆژە  لە باخی گشتیی سلێمانی روویدا، دیاردەیەکی زۆر ناشارستانی بوو. ئەوانەی بەو جۆرە بەرامبەر هەر تاکەکەسێک رابوەستن و گەلەکۆمەکی لێبکەن و سووکایەتیی پێبکەن و مافی وەک ئینسان زەود بکەن، ئەوانە بەڕاستی بۆ مافی خەڵک نەهاتوونەتە سەر جادە و خۆپیشاندان. بۆیە دوور نییە کە بەکرێگیراوی ئەم و ئەو بن و بە سڕینی دەستی چەوریان بە ترەمپیلەدا بیانەوێت خۆیان پاک بکەنەوە.

 

ئەگەر سیاسەتمەداری خۆهەڵواست بەدڵ نییە... ئەوا ئەگەر هاتە خۆپیشاندانتەوە، دەوری چۆڵ بکە... پشتی تێبکە. بەڵام خاشاکی تێمەگرە و مافی خۆپیشاندانی لێ زەود مەکە. 

 

تۆ ،کە ترەمپیلەت بۆیە بەدڵ نییە چونکە دەیەوێت بە دەوڵەت خۆی دەوڵەمەند بکات، دەبێت لووشدەرانی سامانی نەتەوەییشت بەدڵ نەبێت. کە ئەوانیشت بەدڵ نەبوو، دەبێت ئەخلاقی سیاسیی ئەوانیشت بەدڵ نەبێت. 

 

کە شاسوار عەبدولواحیدت بینی لێی مەبە بەو دەسەڵاتەی لە شاسوار زۆر خراپتری پێکردوویت. بە کردەوە بیسەلمێنە شایستەی دەسەڵاتێکی خاوەن ئەخلاقی بەرزیت. شاسوار عەبدولواحیدیش وەک تۆ مافی هەیە. پێشێلی مەکە.