گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێران سەربازێکى بارمتەکراوی ئەمریکای ئازادکرد 

دۆناڵد ترەمپ: دەشێت لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن 

2020.06.05 - 09:38
دۆناڵد ترەمپ: دەشێت لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن 

ناس کورد-

 بە نێوەندگیری وڵاتى سویسرا، کۆمارى ئیسلامى ئێران بارمتەیەکی ئەمریکی ئازادکرد، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا دوو زانای ئێرانی کە پێشتر دەستبەسەر کرابوون گەڕاندنەوە وڵاتەکەیان. 

 

ئەمڕۆ (هەینی،5ی حوزەیرانی2020) دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا هەنگاوی ئازادکردنی "مایکل وایت" ئەو سەربازە ئەمریکییەی کە ماوەی دوو ساڵ بوو لە ئێران بە بارمەتەگیرابوو بە ئەرێنی ناوبرد و وتی "ئەو ئازادکردنە وادەکات دەرفەتی ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەبێت".

 

ترەمپ لە تویتەکەیدا نوسویەتی "سوپاس ئێران، ئەمە وادەکات دەرفەتی ئەوە هەبێت هەردوو لامان بگەین بە ڕێککەوتن".

 

ترەمپ ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا قسەی لەگەڵ وایت کردووە کە دوێنی (پێنجشەممە) لەڕێگەی فڕۆکەیەکەوە لە تارانەوە گەڕێندرایەوە وڵاتەکەی.

 

بەرامبەر بەئازادکردنی ئەو سەربازە ئەمریکییە، ئەمریکا دوو زانای ئێرانی بەناوەکانی "مەجید تاهری و سیرۆس عەسکەری" ئازادکرد کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە دەستبەسەر کرابوون.

 

هاوکات محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوی ئێران دەربارەی پڕۆسەی ئازادکردنی بارمتەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تویتێکی بڵاوکردوە کە تێیدا نوسیویەتی "بەم نزیکانە دکتۆر مەجید تاهری و وایت بەدیداری خانەوادەکانیان شاد دەبنەوە".

 

ئەوەشی نوسیوە "توانای ئەوە هەیە ئەو ئەزموونە لەسەر هەموو زیندانییەکان تاقیبکرێتەوە، دەبێت هەموو بارمتە ئێرانییەکان لەهەموو ئەو زیندانیانەی کە لەسەر داوای ئەمریکا بەندکراون ئازاد بکرێن".

 

 مەجید تاهری، زانای ئێرانی لەبواری زانستەکانی تەکنەلۆژیا بەتۆمەتی سیخوڕی لەلایەن ئەمریکاو بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی کرابوو دوێنی (پێنجشەممە) لەبەرامبەر ئازادکردنی مایکل وایت، ئەو سەربازە ئەمریکییە ئازاد کرا و گەڕایەوە وڵاتەکەی.

 

هەنگاوی ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە نێوەندگیری وڵاتی سویسرا بوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش لە ڕاگەیاندراوێکدا دەربارەی ئەو پرسە ڕایگەیاند "سویسرا ئامادەیە بەردەوامبێت لە ئاسانکاری بۆ ئەنجامدانی کارە باشەکان".

 

 پاش پچڕاندنی پەیوەندییەکانی واشنتۆن و تاران لەساڵی 1979دا، سویسرا نوێنەرایەتی بەرژەوندییەکانی ئەمریکای لەئێران گرتووەتە ئەستۆ.