گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ويفاقى نيشتمانى بەتەواوەتى تەرابلوسى كۆنترۆڵ كرد و حەفتەر گەيشتە ميسر و سەراجيش لە توركيايە

2020.06.04 - 21:56
ويفاقى نيشتمانى بەتەواوەتى تەرابلوسى كۆنترۆڵ كرد و حەفتەر گەيشتە ميسر و سەراجيش لە توركيايە

ناس کورد-

 

دواى ڕاگەياندنى كۆنترۆڵكردنى تەرابلوسى پايتەختی لیبیا لەلايەن هێزەكانى حكومەتى ويفاقى نيشتمانى كە لەلايەن كۆمەڵگەى نێودەوڵەتيەوە دانيپێدا نراوە ڕوداوەكانى ئەو وڵاتە بەشێوەيەكى دراماتيكى بەخێرايى تێدەپەڕن و سەرجەم هێزەكانى "خەليفە حەفتەر" لە پايتەخت دەركران.

 

ئەمڕۆ شەممە 4\6\2020 هێزەكانى هاوپەيمان لەگەڵ حكومەتى ويفاقى نيشتماتى ئاشكرايانكرد، ئێستا تەرابلوس كە ماوەى زياتر لە ساڵێكە لەلايەن هێزەكانى حەفتەرەوە ئابڵوقە دراوە بەتەواوەتى كۆنترۆڵ كراوەتەوە و گەمارۆكە كۆتايى هاتوە.



ئەمەش يەكێكى تر بوو لە شكستەكانى هێزەكانى حەفتەر كە لە ڕۆژهەڵاتى ئەو وڵاتەن و لەماوەى ڕابردودا چەندين ناوچەى ترى ستراتيژيان لە خۆرئاواى ليبيا لەدەستدا، شيكەرەوانى ليبياش پێيان وايە، هێشتا زووە بۆ دڵنيابونەوە لە كۆتايى هاتنى شەڕى لە دەوروبەرى تەڕابلوس.



لەساڵى 2015 ەوە ليبيا دابەش بوە بەسەر دوو حكومەتدا يەكيان لە ڕۆژهەڵات و ئەوى تريشيان لە ڕۆژئاوا، هێزەكانى حەفتەريش لەمانگى چوارى ساڵى 2019 هێرشێكى چڕيان بۆ كۆنترۆڵكردنى تەرابلوسى پايتەخت دەستپێكردبوو كە پايتەختى حكومەتى ويفاقى نيشتمانيە.



كلۆديا گزينى شيكەرەوە لە كۆمەڵەى قەيرانە نێودەوڵەتيەكان بە ئاژانسى ئەسۆشيەتيد پرێسى وتوە، جارێ زووە باس لەوە بكرێت كە هێرشەكانى حەفتەر كۆتاييان هاتوە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنى سروشتى كێشمەكێشەكان.



رونيشيكردوەتەوە: "بينيمان كە سنورى كێشمەكێشەكان ڕۆژنە چەندين كيلۆمەتر زياد دەكەن و ڕۆژى وا هەيە بەرەو پێشەوە چون هەبوو ڕۆژى واش هەبوو پاشەكشە، تائێستاش دەرفەتى بەردەوامى هێرشەكانيان هەيە، هەموو ئەوەش لەسەر ئەو پشتگيريە سەربازيە بەندە كە پاڵپشتيكەرانى حەفتەر پێشكەشى ناوبراوى دەكەن".



لەم كاتەشدا هەريەكە لەم گۆڕانكاريانە ڕودەدەن "فائز سەراج سەرۆكى حكومەتى ويفاقى نيشتمانى سەردانى ئەنقەرى پايتەختى توركياى كردوە بۆ بينينى ڕەجەب تەيب ئەردۆغان، هەروەها خەليفە حەفتەر سەردانى قاهيرەى پايتەختى ميسرى كردوە.

 

سەراج لەكاتى بينينى ئەردۆغان وتى: "دەيەوێت بە تەواوەتى ليبيا بەدەست بهێنێتەوە ئەوەش دواى كۆنترۆڵكردنەوەى تەرابلوسى پايتەخت"، لەلايەكى ترەوە دەزگا ڕاگەياندنەكانى ميسر ئاماژەيان بەوەداوە كە حەفتەر بەياوەرى شاندێكى باڵاى سەربازى لە قاهيرەيە و چاوى بە بەرپرسانى ئەو وڵاتە دەكەوێت بۆ تەنسيقكردن و ڕاوێژ دەربارەى بارودۆخى ليبيا".

 

ڕۆژنامەى "اليوم السابع"ى ميسرى لەزارى سەرچاوەيەكى باڵاى سەربازى ليبيەوە بڵاويكردوەتەوە: "دەستوەردانەكانى توركيا لە كاروبارى ناوخۆيى ليبيا لە ديارترين مەلەفەكانى گفتوگۆى نێوان حەفتەر و بەرپرسانى ميسر دەبێت".

 

ئەمەش دواى ئەوەدێت، هەر لەم هەفتەيەدا ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتوەكان بڵاويكردەوە، هەردوو لايەنى ناكۆكى ليبيا ڕەزامەنديان لەسەر ئەوە پيشانداوە كە گفتوگۆكانى تايبەت بە وەستاندنى شەڕ دەستپێبكەنەوە.

 

لەماوەى چەند مانگى ڕابردودا حكومەتى ويفاقى نيشتمانى بە پشتگيرى توركيا و ئيتاڵيا و قەتەر چەندين شارى گرنگى لە دەوروبەرى تەرابلوسى پايتەخت بەدەستهێنايەوە، لاى خۆشيەوە هێزەكانى حەفتەر كە لەلايەن ڕوسيا و ميسرەوە پاڵپشتى دەكرێن بە بۆردومانى ئاسمانى وەڵاميان دايەوە.

 

بەرپرسانى ئەمريكا و ليبيا، ڕوسيا بەوە تۆمەتبار دەكەن كە گروپى ڤاگنەرى لە ناوچە سەرەكيەكانى شەڕ لە ليبيا بڵاوكردوەتەوە، هەروەها 14 فڕۆكەى جەنگى لە ڕۆژهەڵاتى ليبيا بۆ پاڵپشكى هێزەكانى حەفتەر بڵاوكردوەتەوە و ئەو هەنگاوەش بەشێكە لە ئامانجى مۆسكۆ بۆ بنيادنانى جێ پێى خۆى لە ناوچەكە بۆ ئەوەى لەوێوە هەڕەشە لەسەر هێزەكانى هاوپەيمانى باكورى ئەتڵەسى "ناتۆ" دروست بكات.