گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە قەرەچوغ هێرشی کردەسەر داعش و 19 چەکداری کوشت

2020.06.04 - 20:21
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە قەرەچوغ هێرشی کردەسەر داعش و 19 چەکداری کوشت

ناس کورد-

لەسەر ڕاسپاردەی مستەفا کازمی  هێزە ئاسمانییەکانی عراق و دژەتیرۆر و فڕۆکەکانی هاوپەمانی نێودەوڵەتی چەند هێرشێکی ئاسمانیان کردووەتەسەر داعش و 19 چەکداری ئەو ڕێکخراوەیان لە چیای قەرەچوغ کوشت.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی ئایاری 2020،  لە ڕاگەیەندراوێکدا یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند: " بە هەماهەنگی لەگەڵ فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی، دەزگای دژە تیرۆری عێراق  و فڕۆکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چەند چالاکییەکیان بۆسەر مۆڵگەکانی داعش ئەنجامداوە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: " چالاکی و هێرشەکان لەسەر ڕاسپاردەی مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بووە و تیایدا فڕۆکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی 26 هێرشیان بۆسەر ڕێکخراوی داعش لە چیای قەرەچووغ لە سنوری قەزای مەخموور لە نێوان هەولێر و نەینەوا ئەنجامدا و تیایدا 19 ئەندامی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە کوژران و 46 ئەشکەوتیش خاپور کران".

 

هاوکات ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەروەها لە قەزای فەلوجە و لە ئەنبار پێنج تیرۆرستیان دەسگیرکردووە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا و تائێستاش، پاشماوەکانی داعش دەستیان بە چالاکییەکانیان لە عێراق کردووەتەوە و زیانیان لە سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و هاووڵاتیانیش داوە.