گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەدوای هەواڵێکی ناس کورد تیمێکی تەندروستیی پشکنین بردرایە دەروازەی باشماخ

2020.06.04 - 17:53
لەدوای هەواڵێکی ناس کورد تیمێکی تەندروستیی پشکنین بردرایە دەروازەی باشماخ

ناس کورد-

لەدوای ئاشکراکردنی ئەوەی کە بۆ نزیکەی دوو هەفتە هیچ تیمێکی تەندروستیی لە دەروازەی سنوری باشماخ نەماوە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئەمڕۆ چووە دەروازەکە و تیمێکی تەندروستی لەوێ دانا.

 

لیوا مەریوان شێخ کەمال، بەڕێوەبەری دەروازەی سنوری باشماخ بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە، د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لەگەڵ تیمێکی تەندروستی هاتە دەروازەی سنوری باشماخ و سەردانی قائیمقامییەتی پێنجوێنیشی کرد".

 

وتیشی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی تیمێکی تەندروستیی لە دەروازەکە دانا و ئەو کێشەیە چارەسەر کرا و ئێستا تیمی تەندروستیی لە دەروازەکە هەن.

 

بەڕێوەبەری دەروازەی سنوری باشماخ ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای ئەوەی لەبەرواری 1ی حوزەیرانیش وەزیری ناوخۆ بڕیاریدا بۆماوەی سێ ڕۆژ هەموو هاتوچۆیەک لە دەروازەکە ڕابگیرێت، کاتژمێر 12ی شەوی ڕابردوو وادەکە کۆتایی هات و لەبەیانی ئەمڕۆوە هاتوچۆی بازرگانی لە دەروازەکە دەستیپێکردووەتەوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، لەدوای زیادبوونی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە قەزای پێنجوێن و سنوری پارێزگای سلێمانی، لەبەرواری 1ی حوزەیرانی 2020، ناس کورد لەزاری بەڕێوەبەری دەروازەی سنوری باشماخ ئاشکرایکرد: "بەهۆی کێشەیەکی ئیدارییەوە بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە هیچ تیمێک تەندروستی لە دەروازەکە نەماوە و ئەو کەسانەی بە دەروازەکەدا هاتوچۆیان کردووە هیچ پشکنینێکیان بۆ نەکراوە".

 

هەر پاش ئەوە، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەواڵەکەی ناس کوردی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوە لەلایەنی کەمتەرخەم دەکرێت لەوبارەیەوە.