گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوای گەڕانەوەی ئەو تانك و زرێپۆشە عێراقیانە دەكرێت كە لەشەڕی داعش كەوتنەدەست پێشمەرگە

2020.06.04 - 17:15
داوای گەڕانەوەی ئەو تانك و زرێپۆشە عێراقیانە دەكرێت كە لەشەڕی داعش كەوتنەدەست پێشمەرگە

 ناس کورد- 

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق داوا لەفەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەكات، لەڕێگەی بەكارهێنانی بەشە بودجەی هەرێمەوە فشار بخاتە سەر هەرێمی كوردستان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو تانك و زرێپۆش و چەك و تەقەمەنییانەی كە ساڵی 2014 بەهۆی كشانەوەی سوپای عێراقەوە دەستیبەسەردا گرتووە.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی حوزەیرانی 2020، كەریم علیوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دوای كشانەوەی هێزە ئەمنیەكانی عێراق لەپارێزگای نەینەوا بەهۆی هێرش و پەلامارەكانی داعشەوە، هەرێكی كوردستان دەستی بەسەر چەندین جۆری چەك و تەقەمەنی سوپای عێراقی دا گرت.

 

دەشڵێت: " بەداخەوە حكومەتی هەرێم وەكو غەنیمەت مامەڵەی لەگەڵ ئەو پرسەدا كرد، نەك وەكو چەكی دەوڵەتێك كە خۆی تێدا هەرێمێكە تێایدا". 

 

علێوی بەڵێنی ئەوەشیداوە، دەستدەكات بەكۆكردنەوەی واژۆ بۆ دەركردنی بڕیارێكی پەرلەمان بۆ پابەندكردنی حكومەت بەگەڕاندنەوەی ئەو چەك و تەقەمەنییانە یاخود دەركردنی بەهاكەیان لەبودجەی هەرێمی كوردستان.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئەو مامەڵانە نامۆ و نوێ نین بەلای سیاسیەكانی هەرێمەوە كە بەدرێژای مێژوو دروشمی جیابونەوەیان لەگەڵ عێراقدا هەڵگرتووە.

 

داواش دەكات مستەفا كازمی بە سیفەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان داوا لەهەرێم بكات بۆ گەڕانەوەی ئەو چەك و تەقەمەنییانە یاخود لەڕێگەی بەشە بودجەی هەرێمەوە فشاریان بخاتەسەر.

 

دوای هێرش و پەلامارەكانی چەكدارانی داعش بۆ سەر ناوچەی نەینەوا و چەند ناوچەیەكی تری جێناكۆك، سوپای عێراق هەڵهاتن و بەشێك ناوچەكانیان بەجێهیشت و دواتر كەوتنە دەست هێزی پێشمەرگە تا ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2017.