گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەبارەی ڕفاندنی توشبوویەکی کۆرۆنا قائیمقامی سەیدسادق ڕونکردنەوە دەدات

2020.06.04 - 16:30
لەبارەی ڕفاندنی توشبوویەکی کۆرۆنا قائیمقامی سەیدسادق ڕونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ڕفاندنی توشبوویەکی کۆرۆنا لە سەیدسادق لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خۆیەوە، قائیمقامی قەزاکە ئەوە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەو توشبووە لە نەخۆشخانەیەکە لەشاری سلێمانی و کەسێکی بەتەمەنیشە و هیچ شتێکی لەوشێوەیە ڕووینەداوە.

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی حوزەیرانی 2020، لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە گوایە: "دوای ئەوەی ئەمڕۆ هاوڵاتییەکـ وەکـ توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەقەزای سەیدسادق دیاریکرا، لەلایەن چەند گەنجێکـ کەهاوڕێی کەسەکەن لەنەخۆشخانە ڕفێندرا، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی کە هیچ نەخۆشییەکی نییە".

 

لەوبارەیەوە دیاری ڕەفیق، قائیمقامی قەزای سەیدسادق بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو هەواڵە دوورە لەڕاستییەوە و بەهیچ شێوەیەک شتی وا ڕووینەداوە، تەنانەت لە ئێستادا هیچ نەخۆشێکی کۆرۆنا لەنەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا لە قەزاکە نییە".

 

وتیشی، ئەو کەسەی وەک هەڵگری ڤایرۆسەکە دیاریکراوە و دانیشتووی قەزای سەیدسادقە، خۆی چووە لە سلێمانی پشکنینی کردووە و دواتر کە دەرکەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە بردراوەتەوە نەخۆشخانە.

 

قائیمقامی سەیدسادق جەختیشیکردەوە، ئەو توشبووە کەسێکی بەتەمەنە و لەئێستادا لە نەخۆشخانەیە لەشاری سلێمانی.