گه‌ڕان

Shadow Shadow
عیسام خەفاجی

پەنجەرەیەکی عەرەبی

نامەیەکی کراوە بۆ میخائیل گۆرباچۆڤ *

2020.06.04 - 15:20
نامەیەکی کراوە بۆ میخائیل گۆرباچۆڤ *

 پێشەکییەک لە ناس کورد ەوە

ناس کورد، ئەم گۆشەیە، بە مەبەستی رەخساندنی بوار بۆ رووناکبیرانی عەرەب کە راستەوخۆ بۆ خوێەری کورد بنووسن،  دەکاتەوە. ئامانج لەم گۆشەیە ئەوەیە کە خوێنەری کورد ئەو رووناکبیرانەی عەرەب بناسێت کە لە فەزای "رۆشنبیری"ی تایەفەگەری و رەگەزپەرستی باودا، دەنگی دلێری دێمۆکراسی و ئازادین و، هەر لەبەر ئەوەش دۆستی مافە رەواکانی گەلی کوردستانن. 

 

مایەی شانازیمانە کە د. عیسام خەفاجی دووەمین نووسەری ئەم گۆشەیەمان بێت.  

 

د. عیسام خەفاجی یەکێکە لە ئەکادیمییە سۆسیۆلۆژیستە هەرە ناسراوەکانی عێراق و رۆشنبیرێکی خاوەن هەڵوێست و ئازای ئەم وڵاتەیە. بە دەیان کتێب و لێکۆڵینەوەی زانستیی بڵاوکردۆتەوەو لە گەلێک زانکۆی پلە یەکی جیهاندا لە ئەمریکا و ئەوروپا مامۆستا بووە. لە خەباتی دژی رژێمی بەعس پێشمەرگەیەکی شاخەکانی کوردستان بووە. 

 

د. عیسام خۆی ئەم بابەتەی هەڵبژاردووە لەبەر مێژووەکەی. ئەم نامەیەی مانگێک دوای کۆتایی هاتنی هێرشی جینۆسایدی ئەنفالەکان، لە کاتێکدا بڵاوکردۆتەوە کە باس کردنی ئەنفال، تەنانەت لە میدیای جیهانیی دژ بە رژێمی عێراقیشدا شتێکی دەگمەن بوو.

 

نامەیەکی کراوە بۆ میخائیل گۆرباچۆڤ (*)(**)

 

هاوڕێی بەڕێز،

رەنگە جێی سەرسوڕمانت بێت کە هاووڵاتییەکی عێراقی لە رێگەی رۆژنامەیەکی رۆژئاواییەوە، رووبکاتە ئێوە. دڵنیا نیم کە کە ئەم نامەیەم دەگاتە دەزگاکانی راگەیاندنی وڵاتەکەت و ناوەڕۆکی وەکو خۆی بە خەڵکی سۆڤێت رابگات.

 

مەبست لە نامەکەم زۆر روونە: میللەتێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاسدا قڕدەکرێت و گەلی سۆڤێت لەم کارەساتە ئاگادار نییە، چونکە دەزگاکانی راگەیاندنتان بەتەواوی لە ئاستی ئەم تراژیدیایە بێدەنگە و حیزب و حکومەتەکەتان تەنانەت راگەیاندنێکی سەبارەت بەم مەسەلەیە بڵاونەکردۆتەوە. بەکورتی هەڵوێستتان، لە سەردەمی (گلاسنۆست: گوتاری راشکاو بە رووسی)دا، بریتییە لە بێدەنگیی رەها.

 

سێ ساڵ تێپەڕی بەسەر سیاسەتی پڕ هیوای نوێتاندا و گەلێک بابەتی بووژاندەوە. لە ناویاندا بابەتی پەیوەندیی نێوان سۆسیالیزم و دێمۆکراسییە. بەهۆی ئەم گفتوگۆ نوێیە و راگەیەنراو و وتارەکانی تۆوە، زۆربەی ئەو تاوانانەی کە لە سەردەمی ستالیندا دژ بە گەلی سۆڤێت ئەنجامدرابوون مەحکووم کران.

 

ئەم کەشوهەوا نوێیەی وڵاتەکەتان شەپۆلێکی گەورەی لە هیوا لە نێو خەڵکی وڵاتانی جیهانی سێدا بڵاوکردەوە. چونکە ژمارەیەکی زۆر لە دیکتاتۆرەکانی ئەم جیهانە تاوانی گەورەیان، بەرامبەر بە خەڵکی وڵاتەکەیان، لەژێر دروشمی لاستیکیی "خزمەتکردنی دۆزی گەل" دا ئەنجامداوە. ئەوان هەوڵیان دەدا لە رێکەی خۆیەکسانکردنی هەڵە بە مێژووی سۆڤێت و سیستەمە سیاسییەکەی، شەرعییەت و پاساو بۆ کردارەکانیان بێننەوە. هەربۆیە راگەیاندنەکانت بۆ ئەو خەڵکە ئەوە دەگەیەنن کە لەمەودوا تاوانی لەو جۆرانە بەرامبەر بە خەڵک بێ مەحکوومکردن تێناپەڕێت، ئەو تاوانبارانەش، لە هەر کاتێک و لە هەر شوێنێکدا و بە هەر بەهانەیەک تاوانەکانیان ئەنجامدابێت، بێ سزا دەرباز نابن.

 

گلاسنۆست ئەو زەنگەی لێدا کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە ئەو پێکەوەبەستنەی لە سەردەمی پرۆپاگەندای ستالینیزمدا دروستکرابوو لە نێوان دژایەتیی ئیمپێریالیزم و شیعاراتی پێشکەوتنخوازی رژێمەکان وهەڵوێستی سەرکوتکار و چەوسێنەریان لە حوکمدا، کۆتایی پێنهێنرێت. چونکە ئەو جۆرە پێکەوەگرێدانە ئاکامی کارەساتباری لەسەر بزوتنەوەی سۆسیالیستی هەبوو لە جیهاندا. ئەوە  وڵاتانی جیهانی سەرمایەداری بوون کە، لەبەر هەر هۆیەک بێت، دەنگیان، بۆ داکۆکی لە مافی مرۆڤ، لە جیهاندا بەرز دەکردەوە.

 

بەداخەوە، رووداوەکانی عێراق هۆشدارییەکن کە دوای سێ ساڵ لە گرتنەبەری چاکسازییەکانتان لە سیاسەتتاندا، هێشتا شتێکی ئەوتۆ نەگۆڕاوە.

 

لە شوێنێکدا کە زۆر دوور نییە لە سنوورەکانی خوارووی وڵاتتان، نزیکەی 100 هەزار کوردی عێراقی هەڵهاتوو لە ئاکامی هێرشێکی تۆقێنەری رژێمی عێراقەوە ئاخنراونەتە چادرگەوە  لەناو سنووری تورکیادا. لەو هێرشەدا رژێمی عێراق چەکی کیمیاوی بەکارهێنا. کەمتر لە دە ساڵ پێش ئەوەش نزیکەی چارەکە ملیۆنێک ئینسانیان بەبیانووی ئەوەی بە رەچەڵەک عێراقی نین دەرکردە دەرەوە لە وڵات. ساڵێکی پێشتریش هەزارەها خەڵکی چەپڕەو لە وڵاتەکە ناچار کران رابکەنە دەرەوەی وڵات، ئەمە جگە لە خوێنڕشتنی سەدان هەزار هاووڵاتی لە جەنگ لەگەڵ ئێراندا کە هەر ئەم رژێمە هەڵیگیرساند.

 

هاوڕێ،

ماوەیەکی زۆر میدیا و خەڵکی ئەکادیمی وڵاتەکەتان هەڵمەتی داواکاریی دێمۆکراسییان بە "پیلانێکی سەرمایەداری" لە قەڵەم دەدا. لە دۆزی کورددا، تەنانەت پارتە سۆسیالیستییەکانی وڵاتانی رۆژئاوایان بە "هەوڵ بۆ قۆستنەوەی دۆزی کورد بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان" تۆمەتبار کرد. 

 

بە بێدەگیتان، یان بە یاریدەدانتان بۆ بکوژان، نییە کە دەتوانن بیسەلمێنن کە ئێوە داکۆکیکاری  گەلی کورد و گەلی عێراقن، بەڵکو بە هەڵوێستی ئازا و راشکاوانەیە لە پاڵ گەلانی ئەم وڵاتەدا.

 

ئەگەر پێت وابێت بێدەنگیت بۆ رەچاوکردنی پرانسیپی دەسوەرنەدانە لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان، با بیرت بهێنمەوە کە ئێوە تاوانەکانی خوارووی ئەفریقیا و سەرکوتکاریی تورکیا و جوداخوازیی رەگەزپەرستیی ئەمریکا و ..تاد، مەحکوم دەکەن.

 

ئەگەریش دەڵێیت کە بەڵگەی یەکلاکەرەوەتان نییە لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی عێراقەوە، سەرنجت بۆ ئەوە رادەکێشم کە ئامرازی تاوانەکە خۆی بابەتێکی سەرکی نییە. ئەوەی ئاشکرایە تاوانێکی هێندە ترسناک روویداوە کە کوردانی ناچاری کۆڕەو کردووە.

 

من هەوڵی بەزۆر سەپاندنی هەڵوێست بەسەر سۆڤێتدا نادەم. بە ئیسراحەتی خۆت تێڕامان لەم مەسەلەیە بکە. بەڵام ئایا مایەی سەرسوڕمان، بەڵکو بێهودەیی، نییە کە لە سەردەمی گلاسنۆستدا تەنانەت یەک بابەت لە هەموو میدیای سۆڤێتدا دەربارەی ئەم کارەساتە بڵاونەکرایەوە؟ ئایا دەبێت لە پێشا هەڵوێستی رەسمی دەربچێت ئینجا میدیاکاران بۆیان هەبێت لەسەر هەر بابەتێک رادەربڕن؟ ئایا دەبێت بڕوا بەوە بکەین کە ئەم هەواڵە پڕکارەساتە هەستی کەسی لە میدیاکارانی سۆڤێت نەهەژاند؟ یان گلاسنۆست تەنها لە بواری مەسەلە ناوخۆکانتاندا بەکار دێت؟

 

هاوڕێ،

وەک ئەندازیاری پێرسترۆیکا (رێفۆرمی بونیادگەری بە رووسی)، دەبێت ئەوە لە هەموو کەس باشتر بزانیت کە بەهای گلاسنۆست لەوەدا نییە تاوانی پێش 50 ساڵ مەحکوم بکرێت، یان دوو ستاندارد لەبەرامبەر دۆزی دێمۆکراسی بەکار بێت.

 

هیوام وایە کە خەڵکی عێراق 50 ساڵ چاوەڕێتان نەکەن تا ببینن ئێوە جینۆسایدی سەددام حسێن مەحکووم دەکەن. پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی من و راستگۆیی پێرسترۆیکا لە مەحەکدایە.

 

لەگەڵ رێزمدا.

 

(*)دوا سەرۆکی یەکێتی سۆڤێت پێش هەرەسهێنانی لەساڵی 1991 دا. ناسراوبوو 

 

(**)ئەم بابەتە بە زمانی عەرەنی لە رۆژنامەی (السفیر) ی لوبنانی 25 ی تشرینی یەکەمی 1988، بە زمانی کوردی لە رۆژنامەی شاخی (سەردەمی نوێ) لە تشرینی دووەمی هەمان ساڵ و، بە زمانی ئینگلیزی، کە زمانی دەقە ئۆریژیناڵەکەیە لە گۆڤاری (میدڵ ئیست ریپۆرت) لە کاونی دووەمی 1989 لە ئەمریکا بڵاوبۆتەوە. ناس کورد سەرلەنوێ وەریگێڕاوەتەوە بۆ کوردی.