گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێكی كورد: پارتی و یەكێتی هۆكاری تەواونەكردنی كابینە وەزارییەكەی كازمین

2020.06.04 - 13:35
پەرلەمانتارێكی كورد: پارتی و یەكێتی هۆكاری تەواونەكردنی كابینە وەزارییەكەی كازمین

ناس کورد- 

پەرلەمانتارێكی كورد لەبەغدا ڕایگەیاند، یەكێتی و پارتی  بەشێکن لە هۆكاری پەكخستنی تەواوكردنی كابینە وەزارییەكەی كازمیی و داواش دەكات سەرۆكوەزیران بەتەنها ڕێكکەوتن لەگەڵ ئەو دوو حزبەدا ئەنجام نەدات.

 

یوسرا ڕەجەب، پەرلەمانتاری سەربەخۆى كورد لەپەرلەمانی عێراق ئاماژەى بەوە کرد "لایەنە سیاسیەكان بەشدارن لە دواكەوتنی تەواو كردنی كابینە وەزارییەكەی كازمی و حزبە كوردیەكانیش دەستیانگرتووە بە كاندیدەكانیانەوە بۆ وەزارەتە بەتاڵەكان".

 

ئەو پەرلەمانتارە داواش لە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران دەكات، ڕێكکەوتن لەگەڵ هەموو لایەنە كوردییەكاندا بكات بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی وەزارەتە بەتاڵەكان و بەتەنها پشتنەبەستێتە دوو حزبە كوردییەكەكە كابینە وەزارییەكەیان پەكخستووە.

 

بەوتەی یوسرا ڕەجەب، فوئاد حوسێن پارێزەرێكی باوەڕپێكراوی پارتیە و ئەویش دەستی لێهەڵنەگرتووە و كاندیدی كردووە بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە.

 

پەرلەمانتارە كوردەكە باسی لەوەش كردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی گرتووەتە سەر خاڵە سنورییەكان و زۆربەی داهاتەكانی هەرێمی كوردستاندا.

 

سەرەتای مانگی ئایار پەرلەمانی عێراق متمانەی بەخشیە كابینەكەی مستەفا كازمی و 5 كاندیدی كابینە وەزارییەكەش بەهۆی دەنگنەهێنان و 2 وەزارەتی دیكەش بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسیەكانەوە بەبەتاڵی هێڵدرانەوە و لەناو وەزارەتە بەتاڵەكاندا وەزارەتی دەرەوە بەر پشكی كورد دەكەوێت و پارتیش فوئاد حوسێنی بۆ پۆستەكە كاندید كردووە و ئەو كاندیدەش بەلای ژمارەیەك لایەنی سیاسی شیعەوە گرفت و ناكۆكی لەسەرە.