گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باس لە کارى سیاسى دەستەکە کراوە

چەند بڕيارێك بۆ ڕێكخستنەوەى حەشدى شەعبى دەركران 

2020.06.04 - 08:31
چەند بڕيارێك بۆ ڕێكخستنەوەى حەشدى شەعبى دەركران 

ناس کورد- 

بەپێى ياساى دەستەى حەشدى شەعبى و فەرمانى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزيران چەند بڕيارێك دەركرا بۆ ڕێكخستنەوەى دەستەكە كە لەلايەن فالح فەياز سەرۆكى دەستەكە واژۆ كراوە.

 

لە گشتاندنێكدا كە واژۆى فالح فەزيا و مۆرى سەرۆكايەتى وەزيرانى پێوەيە هاتوە، بەپێى ياساى دەستەى حەشدى شەعبى ساڵى 2016 و فەرمانى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزيران لە 1\7\2020 بڕيار دراوە بە ڕێكخستنەوەى كارى حەشد و پابەندبون بە چەند بڕيارێكەوە.

 

لە بڕيارەكاندا هاتوە، پێويستە هەر پەيوەنديەكى سياسى و نا سياسى پێكهاتەكانى حەشد هەڵبوەشێنرێتەوە، هەروەها سەرجەم ئەو ناوانە هەڵدەوەشێنەوە كە پێشتر كارى پێكراوەو تەنها ئەو ناوانە دەبێت بەكاربهێنرێت كە لە ياساى دەستەى حەشدى شەعبيدا هاتون، هەروەها بڕيارەكان حەشدى عەشايەريش دەگرێتەوە ئەويش دواى پێكهێنانى ليژنەكە بۆ تێكەڵكردنى ئەو حەشدە كە ليژنەكە لە دەرچونى ئەم فەرمانە دەست بەكار دەكەن و لەماوەى 30 ڕۆژدا كارەكانيان تەواو دەكەن.

 

ئەوەش هاتوە، پێويستە ئەندامانى حەشد هەر پەيوەنديەكى سياسى و حزبى و كۆمەڵايەتى بپچڕێنن و ڕێگە نادرێت لە ڕيزەكانى حەشد كارى سياسى بكرێت، پێويستە داتا و زانيارى پێويست ڕادەستى ئەو ليژنانە بكرێت كە بۆ گونجاندنى ياساى ئەندامانى حەشد پێكهێنراون، هەروەك پێويستە بارەگاى سەرجەم ليوا و فەوجەكان لەناو شارەكاندا دابخرێن.

 

هەر لە بڕيارەكانى ڕێكخستنەوەى حەشدى شەعبى ڕونكراوەتەوە، بڕيار لەسەر پلانى كۆتايى بۆ دابەشكردنى هێزەكانى حەشدى شەعبى دەدرێت ئەويش بەپێى سيستمى جەنگ كە بەپێى هەمان ڕێساكانى هێزە چەكدارەكانى عێراق دەبێت، ڕێگە بەهيچ چالاكيەك نادرێت لە دەرەوەى چوارچێوەى دەستەكە وەك پێكهاتەيەكى سەربازى سەربەخۆ لە چوارچێوەى هێزە چەكدارەكانى عێراق و پەيوەست بە سەركردەى هێزە چەكدارەكان.

 

جەختیشكراوەتەوە، هەركەس سەرپێچى بڕيارەكان بكات سەپێچيكار و ئەو پێكهاتەى كە تێيدايە بەرپرسارێتى سەرپێچيەكە هەڵدەگرن، هەروەها لايەنە پەيوەنديدارەكان بەرپرسيارێتى جێبەجێكردنى ڕێنماييەكان دەگرنە ئەستۆ و بەڕێوەبەرايەتى ئاسايشى حەشد بەرپرسيارێتى بەدواداچون بۆ هەر سەرپێچيەك لە ڕێنماييەكان دەگرێتە ئەستۆ.