گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێک ئاشکراى دەکات

بۆ نوێکردنەوەى گرێبەستى دوو کۆمپانیاى کوردى فشار لە حکومەتى عێراق دەکرێت 

2020.06.03 - 23:45
بۆ نوێکردنەوەى گرێبەستى دوو کۆمپانیاى کوردى فشار لە حکومەتى عێراق دەکرێت 

ناس كورد-

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و وزەو سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی عێراق، ئاشکرایکرد، فشاری سیاسی لەسەر حکومەتی عێراق هەیە بۆ نوێیکردنەوەی گرێبەستی هەردوو کۆمپانیای (کارو قەیوان) دەشڵێت، لیژنەیەک لە پەرلەمانی عێراق بۆ لێکۆڵێنەوە لەکاری ئەو دووکۆمپانیایە پێکهێنرا، بەڵام دەستی بەکارەکانی نەکرد.

 

بەها نوری، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە وسامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای سەر بە نوری مالکی لە دیمانەیەکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "دیجله"ى عێراقیدا ڕایگەیاند، "لە ئێستادا ململانێیەکی توند لە نێوان دوو هاوپەیمانی گەورەی ناو پەرلەمانی عێراقدا هەیە لە پێناو یەکلایی کردنەوەى یەکێک لە کاندیدەکانی خۆیان بۆ پۆستی وەزارەتی نەوتی عێراق".

 

نوری، وتیشی : "لەماوەی ڕابردوودا چەندین دۆسیەی گەندەڵی لە وەزارەتی نەوت ڕادەستی دادگا کردووە".

 

پەرلەمانتارەکەی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد "بەشێکی زۆرلە دۆسیەی گەندەڵییەکان پەیوەندی بە  کۆمپانیا (سۆمۆ)ی بەبازارکردنی نەوتی عێراقەوە هەیە کە لە ئێستادا فشارێکی زۆر هەیە و ڕێگە نادات بەهیچ شێوەیەک  لێکۆڵینەوە لە دۆسێیەکانی گەندەڵی ئەو کۆمپانیایەدا بکرێت".

 

نوری لەدیمانەکەیدا لەگەڵ کەناڵی دیجلە ئەوەشی نەشاردوەتەوە کە لە ئێستادا فشارێکی سیاسی تووند هەیە لە سەرحکومەتی عێراقی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی هەردوو کۆمپانیای( کار وقەیوان) تایبەت بە بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقدا".

 

ئاماژەی بەوەشکرد لەماوەی ڕابردوودا هەوڵیان داوە لە پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ناشەفافبوونی کارەکانی ئەو دوو کۆمپانیایە پێکبهێنن، بەڵام هەوڵەکانیان سەریان نەگرتووە بەهۆی فشارەکانەوە.

 

لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڕێکخراوی داعش و داگیرکردنی پاڵاوگەی بێجی لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە عێراق لە 50%ی بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتییەکانی لە دەستدا، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەش وەزارەتی نەوتی عێراق ناچاربوو بە شێوەیەکی بەپەلە و سەرپێی  گرێبەست لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ( کار و قەیوان) واژۆ بکات بۆ دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان.

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەهۆی ناشەفافی و بوونی گەندەڵی لە کارەکانی ئەو دوو کۆمپانیاییە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق لە کابینەکەی عەبدولمەهدی گرێبەستەکانی وەزارەتەکەی لەگەڵ ئەو دوو کۆمپانیایە هەڵوەشاندووەتەوە.

 

داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەیان بەوە کردووە، کۆمپانیاکانی "کاری سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژانە لە پاڵاوگەکانی کۆمپانیاکەدا 100 هەزار بەرمیل نەوتی پاڵاوتووە بۆ بەنزین ونرخی یەک بەرمیلیشی بە 10 دۆلار فرۆشتووە بەحکومەتی عێراق وکۆمپانیای قەیوانیش کە سەر بەیەکێتی نیشتمانی کوردستانە  ڕۆژانە 20 هەزاربەرمیل نەوتی پاڵاوتووە بەهەمان نرخ بەحکومەتی عێراقی فرۆشتووە".