گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’بارودۆخى هەندێكيان خراپە’

پزيشكێكى كۆرۆنا لە سلێمانى:نەخۆشخانەكان پڕن و گەنجى زۆريان تێدايە

2020.06.03 - 23:30
پزيشكێكى كۆرۆنا لە سلێمانى:نەخۆشخانەكان پڕن و گەنجى زۆريان تێدايە

ناس کورد- 

پزيشكێك كە چارەسەرى توشبوانى ڤايرۆسى كۆرۆنا دەكات لە شارى سلێمانى ئامۆژگارى هاووڵاتيان دەكات و دەڵێت، پشت بەخوای گەورە ببەستن و پاشان خۆتان بپارێزن، نەخۆشخانەكان پڕ بون و گەنجى زۆريشيان تێدايە و بارودۆخى هەندێكيان باش نييە.

 

ئەو پزيشكە كە ناوى "شوان حەميد"ە لە هەژمارى خۆى لەتۆڕى كۆمەڵايەتى فەيسبوك نوسيويەتى: خۆتان بپارێزن و ھەوڵبدەن ئازیزانتان بپارێزن، بەڕاستی ژیان سەرمایەی تاکە و لێوەی ئەو دونیاش بەدەست دێنێت بۆیە ھەوڵ بدە ئەو سەرمایە بپارێزیت.

 

باسى لەوەشكردوە:  لە ماوەی 3 ھەفتە 285 نەخۆش تۆمارکراوە و 5 مردن ھەیە، 50 حاڵەتی توند و خراپ ھەبوە، بەشێکی زۆریان وەڵامیان ھەبوە بۆ چارەسەر سوپاس بۆخوا، تا ئەمڕۆش 5 نەخۆش حاڵیان زۆر زۆر خراپە و وەڵامیان نیە بۆ چارەسەرەکان تا ئێستا، 3 دانەیان گەنجن.

 

ئەو پزيشكە لە درێژەى نوسینەکەیدا رونیکردۆتەوە : ئێستا ژمارەیەکى زۆر گەنجی تێدایە بەڵام وەڵامیان باشترە بۆ چارەسەرەکان و ژمارەیەکی باشیان لێ نێردراوەتەوە کە حاڵیان زۆر خراپ بوو، نەخۆشخانەی سەرچنار پڕ بوە، نەخۆشخانەی شەھید ئاسۆ پڕە و لە سبەینێوە دەنێردرێنە ئەوێ و ژمارەکەش ڕوو لە زیادبونە، ھۆتێلی سەناریا پڕە، نەخۆشەکانی شار بەشی ھەناوی ڕێژەیەکی زۆری تێدایە و جێگەیەکی وا نەماوە، عینایەی جمھوری شەھید ھێمن پڕە.

 

دكتۆر شوان ئاماژەى بەوە کرد: نیاز ھەیە ھەموو قاوشەکانی نەخۆشخانەی جمھوری بکرێتە شوێنی نەخۆشەکانی کۆرۆنا، بۆیە پشت بەخوای گەورە ببەستە و پاشان خۆت و خێزان و ئازیزانت بپارێزە خوای گەورە بتان پارێزێت.