گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەڕێوەبەرەکە بۆ ناس کورد دەدوێت

کۆمەڵێک خۆپیشاندەر بەڕێوەبەرێکی تەندروستی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە دەکەن 

2020.06.03 - 21:28
کۆمەڵێک خۆپیشاندەر بەڕێوەبەرێکی تەندروستی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە دەکەن 

ناس کورد-

بەبیانووی تەواونەکردن و کردنەوەی نەخۆشخانەیەک، کۆمەڵێک خۆپیشاندەر لەپارێزگای زیقار هێرشیانکردە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگاکە و لەژێر زەبری هەڕەشە و سوکایەتیکردندا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاکەیان ناچارکرد بەدەستی خۆی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی لەپۆستەکەی واژۆ بکات.

 

پاش ئەوەى ئەمڕۆ (چوارشەممە، 3ى حوزەیرانی 2020) کۆمەڵێک خۆپیشاندەر لە پارێزگای زیقار لەباشوری عێراق لە بەردەم باڵەخانەی نەخۆشخانەی تورکی لە شارەکە کۆدەبنەوە و داوای کردنەوەی نەخۆشخانەکە دەکەن، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاکەش بەمەبەستی وەڵامدانەوەیان هەردوو ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەی نەخۆشخانە تورکییەکە دەنێرێتە لای خۆپێشاندەران بۆ ئەوەی ڕوونیبکەنەوە کە دواکەوتنی تەواونەکردن و کردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە تاوانی ئەوانی تێیدانییە و ئۆباڵەکەشی لە ئەستۆی کۆمپانیای جێبەجێکاری تورکی "ئەجارسن يۆنیڤيرساڵ"ە، خۆپیشاندەران بە قسەکانی ئەو دوو ئەندازیارە قاییل نابن و هێرش دەکەن سەر باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی  گشتی تەندروستی پارێزگاکە و بەڕێوەبەرەکەی ناچار دەکەن دەستلەکارەکەی بکشێنێتەوە.

 

لەوبارەیەوە عەبدول حسێن جابری، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی زیقار لە لێدوانێکی تایبەتدا بەناس-ی ڕاگەیاند "ئەو کاتەی گردبوونەوەکە لەبەردەم نەخۆشخانە تورکییەکە ڕوویدا هەردوو ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەم نارد بۆ لایان، بەڵام ئەوان بەقسەکانیان قایل نەبوون".

 

وتیشی:"هەرچەندە ئەو دوو ئەندازیارە بەڕوونی  ئاستەنگییەکانی بەردەم تەواوکردن و کردنەوەی نەخۆشخانەکەیان بۆ خۆپیشاندەرەکان خستبووە ڕوو، بەڵام ئەوان بەشێوەیەکی ناشرین هێرشیانکردە سەر باڵەخانەی فەرمانگەکەمان سوکایەتیکردنێکی زۆریان بە کارمەندانی ناو فەرمانگەکە کرد و هەڕەشەی سوتاندنیشیان لێ کردین".

 

جابری، ڕوونیشیکردەوە : "خوپیشاندەرەکان بە زەبری هەڕەشە و سوکایەتیکردن ناچاریان کردم هەر لەو کات و ساتەدا  نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە پۆستەکەم بنوسم و واژۆی بکەم".

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی زیقار، دەشڵێت " لەبەر ئەوەی دەستلەکارکێشانەوەکەم  بەزۆر بووە ولەژێر هەڕەشەدا کراوە لەلایەن وەزیری تەندروستی عێراق ڕەتکراوەتەوە".

 

دەربارەی ئەوەی ئایا هیچ ئەگەرێک هەیە کە لایەنێکی سیاسی لەپشت هەڵچوونی ئەو خۆپیشاندەرانەوە بێت؟، جابری وتی : "بە دوری دەزانم کە لایەنێکی سیاسی لەپشت ئەو کارەوە بێت، خۆشم هیچ کێشەیەکی سیاسیم لەگەڵ هیچ کەسێک و لایەنێکدا نییە".

لای خۆشییەوە هەر ئەمڕۆ( چوارشەممە) وەزارەتی تەندروستی عێراق لەڕاگەیاندراوێکدا  بەتوندی سەرکۆنەی ڕووداوەکەی بەڕێوەیەرایەتی گشتی تەندروستی  پاڕێزگای زیقاری کرد و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد جدی بن لە پاراستی گیانی کارمەندانی تەندروستی پارێزگاکەو موڵکی گشتی.

 

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە ڕاگەیاندراوەکەیدا داواشیکردووە  "لێپێچینەوەی بەپەلە لەگەڵ ئەنجامدرانی ئەو کارەدا بکرێت".

 

 ئاماژە بەوەشکراوە "پێویستە هاووڵاتیان گرفتەکانیان لەگەڵ دەزگاکانی تەندروستی لەڕێگەی پێشکەشکردنی سکاڵاوە بێت و بەشێوەیەکی یاسایی نەک بەو شێوە گێرەشێوێنەیە بێت کە دەبێتە هۆکاری تێکدان و شپرزەکردنی کاری ئەو سوپا سپییە پۆشە کە لە ئێستادا لە بەرەکانی پێشەوەی بەرگرتنن لە پەتای کۆرۆنا".

 

هاوکات، ئەسعەد ناسری، سەرکردەیەکی پێشووی ڕەوتی سەدر لە پارێزگای زیقار لەبارەی ڕووداوەکەوە لە تویتێکدا بێبەری لایەنگرانی ڕەوتی سەدر و خۆپیشاندرانی شۆرشی تشرینی دووپاتکردەوە و ڕووداوەکەشی "بەکارێکی ڕەتکراوە"وەسفکرد .