گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’نەخۆشخانەكان لەلێوارى پڕبوندان، تكايە تكايە تكايە پابەند بن’

وتەبێژى تەندروستى سلێمانى: چیم دی لە سەنتەری کۆرۆنا لە سەرچنار؟

2020.06.03 - 20:28
وتەبێژى تەندروستى سلێمانى: چیم دی لە سەنتەری کۆرۆنا لە سەرچنار؟

ناس کورد-

ياد نەقشبەندى وتەبێژى تەندروستى سلێمانى دەڵێت، نەخۆشخانەکان لە لێواری پڕبوندان و پاڵەوانى ڕاستەقينە ئەو پزيشك و پەرستار و كارمەندانەن كە لەوێن  نەک ئێمە کە لەسەر شاشەین، من تەنها شانازیەکانی ئەوان دەگوازمەوە.

 

ياد نەقشبەندى لە بابەتێكدا كە لە ئەكاونتى خۆى لەتۆڕى كۆمەڵايەتى فەيسبوك بەناوى "چیم دی ئێستا لە سەنتەری کۆرۆنا لە سەرچنار" بڵاويكردوەتەوە باسى لەوەكردوە: کۆمەڵێک پزیشک و کارمەند و ئیداری و کارگێڕيی و کارگوزار ژیانی خۆیان و ماڵ و مناڵیان خستۆتە مەترسیەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە هەندێکیان رازی نەبون وێنەيان بگرين.

 

باسى لەوەشكردوە: توشبوانی نوێ سەرەیان گرتبوو بۆ پرکردنەوەی فایل بۆ ئەوەی داخڵ بکرێن کە هەموو جۆرە تەمەنێک و ڕەگەزێکی تیابوو سەرەڕای ئەوەی 4 پزیشک خەریک بوون یەکێکیان لەبەر دەرگاکە سیان لە ژورەوە.

 

ئاماژەى بەوەشداوە، خێزانێک هاتنە لام لەناو حەوشەی نەخۆشخانەکە وتی دکتۆر گیان من خۆم و مێردەکەم و 2 مناڵەکەم ئەنجامەكەمان دەرچوە هەڵگرین، وتم بەداخەوە بەس سوپاس بۆ خوا کە تەندروستیتان باشە، وتی دکتۆر گیان خەمی خۆمانم نیە دایک و باوکم بەتەمەنن و لە ماڵەوە وەزعیان خراپە و تەنگە نەفەسن فریایان کەون، لەویا کاک ئازاد بەڕێوەبەری کارگێری وتی قسەم لەگەڵ کردون تۆزێکیکە ئەمبوڵانس ئەڕوات ئەیانهێنێت.

 

دكتۆر ياد نەقشبەندى لەدرێژەى نوسينەكەيدا دەشڵێت: پێم خۆشبوو ئەو خێزانە خۆیان ئەم قسانە بکەن بەس رازی نەبون تەنانەت وێنەشیان بگرم، نەخۆشخانەکان لە لێواری پڕبوندان و من تەنها بۆ چاوپێکەوتنێک لەوێبوم پاڵەوانى راستەقینە ئەوانەن کە لەوێن  نەک ئێمە کە لەسەر شاشەین من تەنها شانازیەکانی ئەوان دەگوازمەوە.

 

وتەبێژى تەندروستى سلێمانى ڕونيشيكردوەتەوە: ئەمە جگە لە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر ئاسۆ و کلینیکی علی ناجی و کەرەنتینەکان و نەخۆشخانەی ئاسا و ئەو هۆتێلەش کە تایبەت کراوە بە توشبوانی کۆرۆنا کە ئەوانیش هەر یەکەیان داستانێکیان تیا تۆمارکراوە و بەردەوامیش،٫ پڕن لە پاڵەوانەکانی ئەم جەنگە، تكايە تكايە تكايە پابەندبن.