گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرپرسێکى یەکێتى: پارتی هەڵەى کردووە و دەبێت هەرخۆی چاکی بکاتەوە

2019.04.14 - 12:33
بەرپرسێکى یەکێتى: پارتی هەڵەى کردووە و دەبێت هەرخۆی چاکی بکاتەوە

ناس کورد-شەهرام عەزیز

ئەندامێکى سەرکردایەتى یەکێتى ڕایگەیاند، پارتی لە دانوستانەکانى پێکهێنانی حکومەتدا هەڵەی کردووە و پێویستە هەر خۆی چارەسەری کێشەکان بکات.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتى یەکێتى بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، پارتی هەر لە سەرەتاوە هەڵەی کردووە لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنى دوو قۆڵی بەجیا لەگەڵ یەکێتى و گۆڕان، پێویست بوو کۆبوونەوە و ڕێککەوتنى سێ قۆڵی ئەنجام بدات.

فەرید ئەسەسەرد وتیشى، "پرسی ڕێککەوتنى یەکێتی و پارتی کۆتایی هاتووە و جگە لە کۆبوونەوەیەک بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ پارتی ئەنجام نادەین، بەپێی ڕێککەوتنەکەش جێگرێک بۆ سەرۆکی هەرێم زیاد کراوە و دراوە بە یەکێتی".

ئاماژەى بەوەشکرد، "ئێستا کێشەکە لەنێوان گۆڕان و پارتیدایە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، هیچ قسەیەکیشمان لەگەڵ گۆڕان نەکردووە، کێشەی ئێمەش نییە گۆڕان ڕازی دەبێت جێگرێک بۆ سەرۆکی هەرێم زیاد بکرێت یاخود نا."

بەپێی زانیارییەکانى ئەو ئەندامەى سەرکردایەتى یەکێتى، لە ئێستادا پارتی لەڕێگەى بەرپرسێکى باڵایەوە سەرقاڵی ڕازیکردنی گۆڕان و چارەسەرکردنی کێشەکەدایە.

ڕۆژی 3ی نیسانی 2019، پارتی و یەکێتى ڕێککەوتنیان لەبارەى پشکی یەکێتى لە پۆستەکانى حکومەتى نوێی هەرێم واژۆ کرد و بەپێی ڕێککەوتنەکەش، جێگرێک بۆ سەرۆکى هەرێم زیادکراوە و دراوە بە یەکێتى.

ئەوە لەکاتێکدایە، هەر بەپێی ڕێککەوتنی پارتی و گۆڕان کە لە 18ی شوباتی 2019 واژۆکرا، سەرۆکى هەرێم یەک جێگری هەیە و دراوە بە گۆڕان، بۆیە زیادکردنی جێگری دووەم کێشەى بۆ دانوستانەکانى پێکهێنانی حکومەت دروستکرد  و گۆڕان ڕازی نییە بە زیادکردنی ئەو پۆستە بۆ یەکێتى.