گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە

وەزیری وزەی ئێران: لەبوارى وزە و کارەبا هاریکارى عێراق دەکەین

2020.06.03 - 18:25
وەزیری وزەی ئێران: لەبوارى وزە و کارەبا هاریکارى عێراق دەکەین

ناس کورد-

وەزیری وزەی ئێران لە میانی سەردانێکیدا بۆ عێراق بەجیا لەگەڵ سەرۆککۆمار و وەزیری کارەبای عێراق کۆبوەوە، جەختیشکردەوە لەسەر برەودان بە پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە و کارەبادا.

 

ئەمڕۆ ( چوارشەممە،3ی ئایاری2020) نوسینگەی ڕاگەیاندی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، "بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی لە ڕەزا ئەردکانیان، وەزیری وزەی کۆماری ئیسلامی ئێران و شاندی یاوەری کردوە لە کۆشکی سەلام لە بەغدای پایتەخت".

 

ئاماژە بەوەکراوە "لە میانی پێشوازیکردنەکەی سەرککۆماری عێراق لە شاندە ئێرانییەکە، بەرهەم ساڵح، جەختی لە گرنگی کۆکردنەوەی توانا و هەوڵەکانی هەردوو وڵات کردووە لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی کە ئێستا ناوچەکەی پێیدا گوزەردەکات".

 

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، وەزیری وزەی ئێرانیش لای خۆیەوە " ئامادەیی وڵاتەکەی نیشانداوە لە هاوکاریکردنی عێراق لەهەموو بوارەکاندا بەتایبەتی لە بواری وزە و فراوانکردنی تۆڕەکانی تەزوی کارەبای عێراق و ئاڵوگۆڕکردنی شارەزاییەکان".

 

 هاوکات بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئێران، ڕەزا ئەردکانیان، وەزیری وزەی ئێران ئەمڕۆ( چوارشەممە) لەگەڵ ماجد حەنتوش، وەزیری کارەبای عێراق لەبەغدای پایتەخت کۆبووەتەوە و هەردوولا تاوتوێی ڕێککەوتنەکانی پێشتری نێوانیان کردووە بەتایبەتی پلانی سێ ساڵەی ئێران لە بواری کارەبادا لەگەڵ عێراق".

 

ڕەزاکاردکانیان، وەزیری وزەی ئێران بە سەردانێک کە یەک ڕۆژ دەخایەنێت ئەمڕۆ گەیشتە عێراق، بڕیاریشە ناوبراو لە میانی سەردانەکەیدا پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی وعێراق لە بواری کارەبادا تاوتوێی بکات.