گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرقاڵى ئامادەكارين بۆ دەستپێكردنەوەى گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا

جوتيار عادل: قەرزمان كردوە بۆ موچە و پابەندين بيدەينەوە

2020.06.03 - 17:14
جوتيار عادل: قەرزمان كردوە بۆ موچە و پابەندين بيدەينەوە

ناس كورد-

وتەبێژى حكومەتى هەرێمى كوردستان رایگەیاند، سەرقاڵى ئامادەكارين بۆ دەستپێكردنەوەى گفتوگۆكان لەگەڵ بەغداو جەختیشدەكاتەوە كە حكومەتى هەرێم قەرزى كردوە بۆ موچە و دەبێت بيداتەوە و پابەندە پێوەى.

 

دواى كۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزيرانى هەرێمى كوردستان جوتيار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە كۆنگرەيەكى ڕۆژنامەوانيدا سەبارەت بە كۆبونەوەكە وتى: باسى چەند تەوەرێك كرا يەكەميان بابەتى گفتوگۆكان بوو لەگەڵ بەغدا، لەماوەى رابردودا شاندى هەرێم بە بەرەوامى سەردانى بەغدايان كردوە و ئێستا داتاكان ئامادە دەكرێن و هەركات تەواو بوو حكومەتى هەرێم ئامادەيە لەگەڵ بەغدا دانيشێت بۆ پێشكەشكردنى داتاكان بۆ ئەوەى بودجەى هەرێم بەپێى دەستور و لەچوارچێوەى شايستە داراييەكانى خەڵكى كوردستان دەستنيشان بكرێت.

 

وتيشى: لەماوەى چەند ڕۆژى داهاتوو دانوستانى نێوان عێراق و ئەمريكا دەست پێدەكات و شاندى هەرێميش بەشدار دەبێت، ئەمەش هەنگاوێكى گرنگە و بۆ يەكەمجار حكومەتى هەرێم دەبێتە بەشێك لەم دانوستانە.

 

ئاماژەى بەوەشدا: بابەتى دوەم پەيوەست بوو بە چاكسازى و حكومەتى هەرێم بەردەوام دەبێت لەم پرۆسەيە و بەشێكە لە پرۆسەيەكى گشتگير لەسەرجەم بوارەكان هەروەك بەڵێنمان بەخەڵك داوە لە سەرەتاى پێكهێنانى كابينەى نۆيەم بەردەوام دەبين لە بەديهێنانى شەفافيەت و دادپەروەرى و جێبەجێكردنى بەڵێنەكان، بۆ نمونە زياتر لە مانگێكە بڕيارماندا سەرجەم موچەى پلەى تايبەت بە ڕێژەيەكى بەرچاو كەمدەكرێتەوە ئەو جياوازيەى لەنێوان موچە پلە تايبەت و باڵاكاندا هەيە لەگەڵ موچە كەمەكان كەمبكرێتەوە لەپێناو بەديهێنانى دادپەروەرى.

 

رونيشيكردەوە: هەروەها پێشنيازى ياساى ماف و ئەركەكانى نەخۆش لە هەرێمى كوردستان بە زۆرينەى دەنگ پەسەند كراو لە زوترين كات بەپێى ڕێكارە ياساييەكان ڕەوانەى پەرلەمان دەكرێن، هەروەها پرۆژەيەكى تر بە كۆى دەنگ پەسەند كرا كە ئەويش پرۆژە ياساى لە ئەستۆگرتنى فەرمانبەران كە ياسايەكى حكومەت بوو ئەويش بەم نزيكانە دەنێردرێتە پەرلەمان.

 

جوتيار عادل باسى لەوەشكرد: هەروەها حكومەتى هەرێم پابەند بە ڕێنماييەكان و هەر ڕێكارێك كە بزانين پێويستە و بەپێى ڕاسپاردەى وەزارەتى تەندروستى پێشكەشى ئەنجومەنى وەزيران بكرێت دودڵى ناكەين لە گرتنەبەرى هەر ڕێكارێك، چونكە بڕوامان وايە بەرژەوەندى باڵاى هەرێمى كوردستان دەخوازێت كە ئاسايشى تەندروستى خەڵك بپارێزرێت.

 

تەئكيديشى كردوەوە: هەروەها دڵنياين لەو بڕيارانەى دراوە و ئەو ڕێكارانەى گيراوەتە بەر، هەروەها ئەوەش زيانێكى گەورەى بە بودجەى هەرێم گەياندوە و 80% دابەزيوە، بەڵام هەر لەسەر ئەو ستراتيژە بەردەوام دەبين و پێويستە خەڵك بزانێت كە ڕێكارەكان تەنها لەبەرژەوەندى ئەوانە، هەروەها ئەوەندەى بتوانين قەرەبوى لێكەوتە داراييەكانى خەڵك دەكەينەوە.

 

سەبارەت بەو 400 مليار دينارەى لەبەغداوە هاتوە ئايا دەدرێتەوە بە قەرز وتى: پێويستە ئەوە ڕونبێت كە حكومەت لە دەستپێكى 2020 ەوە چوار موچەى داوە حكومەت ئامادەيە سواڵ بۆ خەڵك بكات، هەندێك پارە هەبوە و قەرزيشمان كردوە بۆ ئەوەى موچە بدەين و قەرزەكە پابەندين پێوەيە و دەبێت بيبەينە سەر.