گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پۆلیس ڕێنمایی لە کەسایەتییەکی حزبی وەردەگرێت

بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی: کاک لاهور ڕێنمایی کردین توندوتیژی نەکەین (ڤیدیۆ)

2020.06.03 - 15:46
بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی: کاک لاهور ڕێنمایی کردین توندوتیژی نەکەین (ڤیدیۆ)

ناس کورد-

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەلایەن قوباد تاڵەبانی و لاهوری شێخ جەنگیەوە ڕێنماییان كراوە كە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران ئەنجامنەدرێت، لەکاتێکدا لاهور شێخ جەنگی سەرکردەیەکی حزبییە نەک حکومی.

 

دوینێ سێشەممە لە سلێمانى بەشێک لە هاوڵاتیان و کاسبکاران خۆپیشاندانیان ئەنجامدا دژى قەدەغەى هاتوچۆ، بەو هۆیەشەوە حکومەت دەسەڵاتیدایە پارێزگاکان بۆ پێداچونەوە بە بڕیارەکەدا و لەئێوارەى ئەمرۆوە قەدەغەى ناو شارەکان هەڵدەگیرێت.

 

عەمید ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی كە لەمیانی سەردانێکیدا بۆ بازاڕی ناو شاری سلێمانی ئەنجامیدا ڕایگەیاند، دوێنێ بەیانی لەكاتی خۆپیشاندانەكانی ژمارەیەك لەكاسبكاران و دوكاندارەكانی شارەكەدا  پێش هەموو كەس سەردانی كردوون و قسەی بۆ كردون و ڕێنمایە تەندروستیەكانی پێوتوون.

وتیشی، هەر لەكاتی سەردانەكەی دا بۆ لای دوكانداران و كاسبكارانی شاری سلێمانی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و لاهوری شێخ جەنگی تەلەفۆنی بۆكردوون و ئامۆژگاری كردوون كە دەبێت لەگەڵ كاسبكاران و هاوڵاتیاندا زۆر بەباشی مامەڵە بكەن و ڕێنمای هێزە ئەمنیشەكانیش بكەن دەستنەبەن بۆ چەك و تەقە لەكەسیش نەكەن.

 

وتەكانی پۆلیسی سلێمانی لەكاتێكدایە، بەپێی چەند گرتەیەکى ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەنگى تەقە دەبیسترێت کە هێزە ئەمنییەکان ئێوارەى دوێنێ کردویانە بۆ بڵاوەپێکردنى خۆپیشاندەران.

هەروەها بەپێی راپۆرتێکى سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکى لە رۆژنامەنوسان، هێزە ئەمنییەکان پێشێلکارییان بەرانبەر چەند رۆژنامەنوسێک کردووە لەکاتێکدا سەرقاڵى روماڵکردنى خۆپیشاندانەکەى دوێنێ بوون.

 

پێشتر پەیامنێری ناس کورد ڕایگەیاند، لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەکان لەبەردەم قائیمقامییەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی هێزێکی زۆری چالاکە مەدەنییەکان بڵاوەیان پێکرابوو بۆ کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەکە و ئەوەش گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان.  

  

وتیشی، هێزە ئەمنییەکان لەڕێگەی گازی فرمێسکڕێژەوە هەوڵیان دا بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن و خۆپیشاندەرانیش بە بەرد و دەبەی ئاو وەڵامیان دانەوە، بەڵام لە کۆتاییدا بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.