گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رێگەى بەغدا هەڵدەبژێرن؟

لیژنەى لامەرکەزى سلێمانى داواى دابەشکردنى دەسەڵاتەکان لە حکومەت دەکات

2020.06.03 - 15:14
لیژنەى لامەرکەزى سلێمانى داواى دابەشکردنى دەسەڵاتەکان لە حکومەت دەکات

ناس کورد-

سەرۆکى لیژنەى لامەرکەزى لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ڕایگەیاند، ئەوەى ئەوان داوایدەکەن دابەشکردنى دەسەڵاتە لەنێوان حکومەتى هەرێم و پارێزگاکان، نەک شۆڕکردنەوەى دەسەڵات.

 

ماوەى زیاتر لە مانگێکە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لیژنەیەکى بۆ ئامادەکردنى پڕۆژەى لامەرکەزى پێکهێناوە و لیژنەکە کۆتایی بەکارەکانى هێناوە و پڕۆژەکە دەخاتە بەردەم حکومەت و پەرلەمان.

 

بەرزان محەمەد، سەرۆکى لیژنەى لامەرکەزى لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، ئەمرۆ کۆبوونەتەوە بۆ "دیاریکردنى دەسەڵاتە کارگێڕییەکان، ئەوەى ئێمە داوایدەکەین باسی شۆڕکردنەوەى دەسەڵات نییە بەڵکو دابەشکردنى دەسەڵاتە لە نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتە خۆجێییەکان".

 

وتیشى، "پڕۆژەکەمان لەو بارەیەوە دەنێرێنە حکومەت و پەرلەمان، پەسەندکردنیشى پێویستى بە کۆدەنگى سیاسی هەیە".



بەرزان محەمەد ڕونیکردەوە، "سەرەتا پڕۆژەکە دەدرێتە حکومەت تا وەک چارەسەرێکى خێرا رەزامەندى لەسەر بدات، پشان رەوانەى پەرلەمان دەکرێت بۆ پەسەندکردنى".



لەبارەى ئەگەرى رەتکردنەوەى پڕۆژەکەیان لەلایە ن حکومەتەوە و بژاردەى ئەوان لەو بارەیەوە، بەرزان محەمەد وتى "پێش رووداوەکان ناکەوین، بەڵام ئێمە لە عێراقداین کە وڵاتێکە دەستورەکە باس لە دەسەڵاتى لامەرکەزى دەکات".

 

ئەو پڕۆژەیەى لیژنەکە ئامادەیانکردووە بۆ پێدانى دەسەڵاتى کارگێڕی و داراییە لەلایەن حکومەتەوە بە پارێزگاکان، بەڵام حکومەت تەنها لەگەڵ پێدانى دەسەڵاتى کارگێڕیدایە نەک دارایی.

 

مانگى ڕابردوو مەسرور بارزانى یەرۆکى حکومەتى هەرێم لە وتارێکى تەلەفزیۆندا جەختیکردەوە، ئەوان لەگەڵ لامەرکەزیەتى کارگێڕیدان و کارى بۆ دەکەن، لە ئاماژەیەکدا بۆ رەتکردنەوەى لامەرکەزیەتى دارایی.

 

پرسى لامەرکەزى لە هەرێمى کوردستان بەپێی یاسایەک ڕێکخراوە کە ساڵى 2009 لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە پەسەندکراوە، لەسەر بنەماى ئەو یاسایەش ساڵى 2014 هەڵبژاردنى پارێزگاکان بەرێوەچوو.    

  

لە ساڵى 2017ەوە ئەمە دووەم هەوڵى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانییە لەو بارەیەوە، بەڵام هەوڵەکەى پێشوو بێ ئەنجام بوو.