گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەواتە هێرشکردنەسەر ئەمریکا ساختەیە؟

گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران چۆن ڤیدیۆ ساختەکانى هێرشکردنە سەر ئەمریکا بەرهەمدەهێنن؟

2020.06.03 - 14:36
گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران چۆن  ڤیدیۆ ساختەکانى  هێرشکردنە سەر ئەمریکا بەرهەمدەهێنن؟

ناس کورد-

دوایین زنجیرەى گرتەى ڤیدیۆیی هێرشکردنە سەر هێزەکان و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە عێراق، لەلایەن گروپێک کە ناوى خۆیان ناوە "لیواى تۆڵەکەرەوەى موهەندیس - ثأر المهندس" هاویشتنى دوو موشەکى دژە فڕۆکە بوو، لەگەڵ بە ئامانجگرتنى دوو هێلیکۆپتەرى ئەمریکى لەجۆرى شینۆک کە لە تێلیگرام بڵاویانکردووەتەوە.

لە ڤیدیۆکەدا دوو چەکدار دەردەکەون کە دەموچاویان دیار نییە، سیستەمێکى دژە ئاسمانیان هەڵگرتووە، یەکێک لە چەکدارەکان موشەکێک ئاڕاستەى ئاسمان دەکات، وێنەگرەکەش وێنەى موشەکەکە دەگرێت، دواى چەند چرکەیەک هێلیکۆپتەرێک دەردەکەوێت لەجۆرى شینۆک، بەڵام ڤیدیۆى پێکانى دەرناکەوێت.

 

پێگەى ئەلمۆنیتەرى ئەمریکى گرتە ڤیدیۆییەکەى خستووەتە بەردەم عەلى کاشان، گەورە دیزاینەى گرافیک لە تەلەفزیۆنى نێودەوڵەتى ئێران کە بارەگاکەى لە لەندەنە، دواى پشکنینى ڤیدیۆکە جەختیکردووەتەوە کە ساختەیە، گرتەى هێلیکۆپتەرەکە زیادکراوە بۆ گرتەى هەڵدانى موشەکەکە.

 

لەکاتى پشکنینى ڤیدیۆکانى چەند گروپێکى دیکە، کە ماوەیەکە بونیان هەیە و جیا نین لە گروپە شیعییە ناسراوەکانى ئێران، دەردەکەوێت کە ساختەن و هەمان وێنە و ڤیدیۆ بەکارهێنراون، هەمان کەسیش بەرهەمیهێناون.

 

هەڵمەتێکى وەهمى

پشکنینى هەژمارەکانى گروپەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەریدەخات کە پەیوەستن بەیەکەوە و لەلایەن گروپەکانى هاوپەیمانى ئێرانەوە بەرێوەدەبرێن، کەتائیبى حزبوڵا کە بزوتنەوەیەکى سەرەکییە لانى کەم لەپشت هەندێک لەو گروپانەوەیە.

 

بۆ نمونە، هەژمارى لیواى "تۆڵەکەرەوەى موهەندیس" لەسەر تویتەر، یەک هەژمار فۆڵۆوەرى کردووە، ئەویش هەژمارێکە بەناوى عەلى خامنەیی، ڕابەرى باڵاوە کە هەمان هەژمارە فۆڵۆوەرى هەژمارى گروپى ئەسحابولکەهفى کردووە.

 

مایک نایتس، شیکەرەوە لە کاروبارى سەربازى و ئەمنى لە پەیمانگاى واشنتن دەڵێت، ئەو چالاکییانە وەهمى و ناڕاستن، دەیانەوێت بڵێن هێشتا تۆڵەى کوژرانى موهەندیس دەکەنەوە.

 

وتیشى، گروپەکانى سەر بە ئێران لە کاردانەوەى ئەمریکا دەترسن کە ببێتە هۆى زیانگەیاندن بە عێراق و ئێران، هەروەها ترسیان لە لۆمەکردنیان هەیە لەلایەن عەلى سیستانى گەورە مەرجەعى شیعەکان، بەهۆى ئەو زیانانەى بەر عێراق دەکەون لەکاتى کاردانەوەى ئەمریکادا.

 

یەکەمجار نییە

بەم دواییانە، سیستانى گڵۆپى سەوزى هەڵکرد بۆ گروپە شیعەکانى سەر بە خۆى کە بکشێنەوە لە دەستەى حەشدى شەعبى کە لەژێر هەژموونى ئێراندایە، ئەوەش ترسی ئەوەى لەلاى گروپەکانى سەر بەئێران دروستکردووە کە دەستبەردارى پشتیوانى حەشد بێت.

  

نایتس پێیوایە، ساختەیی ئەو جۆرە هەڵمەتانە رێگە بە گروپەکانى سەر بە ئێران دەدات کە بەردەوامى وەلائیان بۆ میحوەرى بەرگرى نیشان بدەن، بەڵام بەبێ ئەوەى بکەونە مەترسییەوە.

 

بەپێی پێگەکە، هێرشەکانى ئەمریکا بۆ سەر گروپە چەکدارەکان و کوشتنى موهەندیس و قاسم سولەیمانى ئیرادەى بەهێزى ئەمریکاى نیشاندا بۆ وەڵامدانەوەى هەر هێرشێکى گروپەکانى سەر بە ئێران، ئەوەش هەندێک لە سەرکردە دیارەکانى لایەنگرى ئێرانى وەکو قەیس خەزعەلى رابەرى عەسائیبى ئەهلى حەقى ناچارکردووە خۆیان بشارنەوە لەترسی هێرشى ئەمریکا.

 

ئەمە یەکەمجار نییە گروپەکانى سەر بە ئێران ئەو رێگەیە بەکاربهێنن، بەوتەى هشام هاشمى شیکەرەوەى ئەمنى عێراقى و دەڵێت، "ئەو گروپانە لەکاتى هەڵمەتى ڕاگەیاندنى نێوان ساڵانى 2007 و2011 هەمان رێگەیان بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانى ئەمریکا لەگەڵ نکوڵیکردن لێیان لە پێگە فەرمییەکان. چەندین پێگەى ساختەیان دروستکردبوو کە تێیدا بەرپرسیارێتى هێرشەکانیان دەگرتە ئەستۆ".