گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرچاوەیەک بۆ ناس: قائانى ’’بە فەرمی و بە ڤیزا’’ هاتووەتە بەغدا دواى ئاگادارکردنەوەى توندی کازمی

2020.06.03 - 14:12
سەرچاوەیەک بۆ ناس: قائانى ’’بە فەرمی و بە ڤیزا’’ هاتووەتە بەغدا دواى ئاگادارکردنەوەى توندی کازمی

ناس کورد-

سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى عێراقی ڕایگەیاند، شاندەکەى ئێران کە ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا، ئیسماعیل قائانى، فەرماندەى فەیلەقى قودسى ئێرانى تێدا بووە و بەشێوەیەکى فەرمى هاتووەتە بەغدا دواى پێدانى ڤیزە لەلایەن وەزارەتى دەرەوە.

 

سەرچاوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، قائانى بەشێوەیەکى فەرمى هاتووەتە بەغدا، دواى وەرگرتنى ڤیزە لە وەزارەتى دەرەوەى عێراق، لە چوارچێوەى ئەو شاندەى سەرلەبەیانى ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا.

 

وتیشى، "ڕێوشوێنە نوێیەکە دواى سوربوونى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران هاتووە لەبارەى ئەوەى دەبێت سەرجەم کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکانى سەرجەم وڵاتان بە شاندی فەرمى بێنە عێراق".

 

شاندەى ئێران کە لەلایەن وەزیرى وزەى ئەو وڵاتەوە سەرۆکایەتى دەکرێت سەرلەبەیانى ئەمرۆ گەیشتە بەغدا بۆ ئەنجامدانى گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانى عێراق لەسەر چەندین پرسی هاوبەشى هەردوو وڵات.  

 

بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق لەمیانەى پێشوازیکردنى لە شاندەکە جەختیکردەوە لەسەر پێویستى هەماهەنگى هاوبەش و فراوانکردنى ئاسۆى هاریکارى نێوان هەردوو وڵات لەکەرتى کارەبا و ئاو، ئەوەش بەپێی بەیاننامەیەکى نوسینگەى سەرۆکایەتى کۆمار.

 

لاى خۆیەوە، وەزیرى وزەى ئێران دوپاتیکردەوە کە وڵاتەکەى ئامادەیە بۆ بەردەوامیدان بە هاریکاریی و پشتیوانى عێراق لە سەرجەم بوارەکان و وەبەرهێنان لە بوارى وزە و فراوانکردنى تۆڕى کارەبا.