گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ھەمووی ھەناسەی توندە و ئۆکسجینی دادەبەزێت’’

هاواری پزیشکێک لە نەخۆشخانەى شار.. ’’قاوشەکان فول بوون و لە هەموو تەمەنێکی تێدایە’’

2020.06.03 - 13:33
هاواری پزیشکێک لە نەخۆشخانەى شار.. ’’قاوشەکان فول بوون و لە هەموو تەمەنێکی تێدایە’’

ناس کورد-

پزیشکێک لە نەخۆشخانەى شار باس لە دۆخی تەندروستی و قەرەباڵغی نەخۆشخانەکە دەکات بەهۆی زۆری توشبووانی کۆرۆنا و دەڵێت، "بۆخاتری خووا من کە لە حکومەت و حیزب و داروبەردی ئەم کاولەیە بێزارم بۆ دەبێ درۆ لەگەڵ تۆ بکەم؟!"

 

گۆران بایز کە پزیشکە لە نەخۆشخانەى شار لە سلێمانی لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی، "قاوشی ھەناوی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی فولە (کە تایبەت نییە بە کۆرۆنا!)، لە ھەموو تەمەنێکی تیایە 20 ساڵان 30 ساڵان تا 70 ساڵان، دووگیانی تیایە، تیایەتی بە فول ئۆکسجینەوە ئۆکسجینی ناگاتە ٪‏٨٠ و حاڵی خراپە."

 

دەشڵێت، "تیایەتی 45 ساڵە ھیچ نەخۆشیەکی درێژخایەنی نییە بەڵام ناتوانێت ڕستەیەک بەسەریەکەوە بڵێت!!، لێیەتی ئۆکسجینی لەشی 50% بۆ 60% فەحسی بۆکراوە کۆرۆنایە، ئەشیعەی تەنووری سنگی ھاواردەکات کۆڕۆنایە، دەڵێ کۆرۆنامان نییە!".

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "ھەمووی ھەناسەی توندە و ئۆکسجینی دادەبەزێتو پێویستی بە ئۆکسجین ھەیە، کۆکەی وشکیان ھەیە، لەرز و تایان ھەیە، نەخۆشخانەی سەرچنار تایبەتە بە کۆرۆنا فولە، نەخۆشخانەی ئاسا تایبەت بەکۆرۆنا فولە!"

 

دکتۆر گۆران دەڵێت، بۆ خاتری خوا، من کە لە حکومەت و حیزب و داروبەردی ئەم کاولەیە بێزارم بۆ دەبێ درۆ لەگەڵ تۆ بکەم؟!".

ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئەمە وەزعی سلێمانییە، ئێمە ئاگادارین زۆربەی ھاوڕێ و ھاوپیشە بەڕێزەکانمان کە دوو ڕۆژ خۆشیان لەتەمەنی خۆیانا نەبینی لەناو جەرگەی وەزعەکەدان، ھاواردەکەن بۆخاتری خوا ڕەحم بەخۆتان بکەن بەکەس نا."

 

ئەوە لەکاتێکدایە جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى ڕایگەیاند، نزیکەى 40 توشبووى کۆرۆنا لە سلێمانى دۆخى تەندروستیان ناجێگیرە و پێویستیان بە چارەسەرە، چەند کەسێکییشیان دۆخەکەیان سەختە.

 

 

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، لەکۆى 849 توشبووى کۆرۆنا لە هەرێم، 448 یان لە پارێزگاى سلێمانین، هەروەها لەکۆى 14 حاڵەتى مردن 11 یان لەو پارێزگایە تۆمارکراون.



هێرش سەلیم، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، نزیکەى 40 توشبووى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە سلێمانى دۆخى تەندروستیان ناجێگیرە و پێویستیان بە چارەسەرە.



وتیشى، "لەناو ئەو کەسانەدا سەرو 10 کەسیان دۆخى تەندروستیان زیاتر ناجێگیرە، چەند کەسێکیشیان دۆخى تەندروستیان سەختە".



لەکۆى 448 حاڵەتى توشبوون بە کۆرۆنا لە سلێمانى، لە ئێستادا 274 کەسیان لە نەخۆشخانەن، 163 کەسیان چاکبوونەتەوە و 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

 

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، دوێنێ سێشەممە 35 توشبووى نوێی کۆرۆنا و چوار حاڵەتى گیان لەدەستدان لە پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.

 

هێرش سەلیم باسى لەوەکرد، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بڕوات ژمارەى توشبووانى کۆرۆنا بەرزتر دەبێتەوە، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان پابەندى رێنماییەکانى خۆپاراستن بن.

 

بەراورد بە قۆناغى یەکەمى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا لە هەرێم، ژمارەیەکى زۆرى توشبوو کە لەم قۆناغە نوێیەدا تۆمارکراون نیشانەى نەخۆشییەکەیان هەیە و پێویستیان بە چارەسەرە.



هێرش سەلیم دەڵێت، نیشانەکان بەپێی قۆناغى نەخۆشییەکە دەگۆڕێت، هەیە تەنها تاى هەیە، هەیە تاو کۆکەى هەیە، بەڵام بەشێکى زۆریان نیشانەکانیان هەیە.

 

زیادبوونى حاڵەتەکانى توشبوون لە هەرێم بەتایبەتى لەسلێمانى لەکاتێکدایە، بڕیارە لە ئەمڕۆوە قەدەغەى هاتوچۆ لەناو شارەکان هەڵبگیرێت، دواى ئەو ناڕەزاییانەى لەو بارەیەوە سەریانهەڵدا.

 

هێرش سەلیم وتى، "ئێمە هیچ کۆمێنتێکمان نییە لەسەر قەدەغەى هاتوچۆ، بەڵام جەخت دەکەینەوە لەسەر تاکپارێزى هاوڵاتییان و پابەندبونیان بە رێوشوێنە تەندروستییەکان و لێپرسینەوە بکرێت لەگەڵ ئەوانەى کە پابەند نابن".